پارێزەر ئاشنا حەمە عەزیز: لە توندوتیژی زۆرترین پشك بەر ئافرەت دەكەوێت

پارێزەر ئاشنا حەمە عەزیز: لە توندوتیژی زۆرترین پشك بەر ئافرەت دەكەوێت

محەمەد ئامۆكەیی- سلیمانی: توندوتیژی خێزانی و جیابوونەوەی هاوسەران رۆژانە بەردەوامی هەیە و لە كۆمەڵگایەك بۆ كۆمەڵگایەكی تر جیاوازی هەیە، بەپێی ئامارەكان لە باشووری كوردستان، رێژەی جیابوونەو توندوتیژی ساڵ بەساڵ لە بەرزبونەوە دایە، بۆ قسەكردن و دۆزینەوەی چارەسەرەكان لە هەڤپەیڤینیكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی، پارێزەر ئاشنا حەمە عەزیز، كە ماوەی چەند ساڵە كاری پارێزەرایەتی دەكات، باس لە هۆكارەكانی توندوتیژی و بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران دەكات و دەڵێت" ئێستا ئەو كێشانەی رووبەرووی رەگەزی مێینە دەبنەوە زۆرن، كێشە ئەوەیە نەتواندرێت ئازادانە بۆچوونی خۆی دەربڕێت، هەمیشە ترسی شكاندنەوە و قبوڵ نەكردن هەیە، لەبەر ئەوەی خاوەن سەرچاوەیەكی دارایی سەربەخۆ نیین، ئەمەش وادەكات چاوی لە دەستی كەسی بەرامبەر بێت".
ئاشنا حەمە پێیوایە" توندوتیژی تەنیا بۆ ئافرەت نەهاتووە بەڵام زۆرترین پشكی بەر ئافرەت كەوتووە، ئەمەش بۆ ئەو هەڵە تێگەیشتنە دەگەڕێتەوە كە ئافرەت وەك پلە دوو لە كۆمەڵگەو ناو خێزان سەیر بكرێت، كلتووری كۆمەڵگە وایكردووە رەگەزی مێ متمانەی بەخۆی نەبێت و هەمیشە بە لاوازی پێگەی خۆی ببینێت".
پارێزەر ئاشنا، لە بارەی ئەركی دادگا لە یەكلاكردنەوەی كێشە خێزانییەكان و دەستەبەر كردنی مافەكانیان و هەموو ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر رەگەزی مێینە دەكرێت، گووتی" یاسا دەتوانی رۆڵی كاریگەر و یەكلاكەرەوە ببینێ لە كۆمەڵگەدا، لە كەمكردنەوەی رێژەی توندوتیژی بەمەرجێك یاسا سەروەر بێ ئەو یاسایەیی هەیە جێبەجێبكرێت ئەو دەستەڵاتەی هەیەتی وەك دەستەڵاتی جێبەجێكردن نەك حزب و كەسایەتی سیاسی و عەشایەری و كۆمەڵایەتی بتوانێ لە سەرو یاساوە بێت، بەڵام بە پێچەوانە و لەم دۆخە یاسا ناتوانێ رۆڵ و كاریگەری خۆی ببینێت، بەتایبەت لە روی سزاوە جێبەجێ بكرێت ئەو سزایانە ببێتە بەربەست لە بەردەم زۆر بوون و تەشەنەكردنی كێشە كۆمەڵاتییەكان".
ئەو پێیوایە" سەروەری یاساو جێبەجێكردنی یاسا یەكێكە لە رێگرییە سەرەكییەكان بۆ كەمكردنەوەی توندووتیژی و كێشە كۆمەڵایەتییەكان، بەتایبەت بەرامبەر رەگەزی مێ، هۆشیاركردنەوە و بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاك لە كۆمەڵگەدا، بێگومان ئەمەش یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكان، كە تاك بزانێ چۆن مامەڵە ئەكات و دووركەوێتەوە لە توندوتیژی و ناساندنی چەمكی توندوتیژی، زۆر جار توندوتیژی وا كەوتۆتەوە وەك ئەوە وایە تاك بێ ئاگا بێ كە رۆژانە بەرامبەر یەكتری دەیكەن، خاڵێكی تر پێگەی ژن، لە كۆمەڵگەدا بە هێز بكرێ لە رێگەی پێدانی كارو پیشەوە".
زیاتر گووتیشی" كاتێ توندوتیژی بەرامبەر رەگەزی مێ دەكرێت رەچاوی تەمەن ناكرێ و وەك ئافرەت سەیر دەكرێت، نەك تەمەنێكی دیاریكراو یا وەك ماوەیەكی دیاریكراو بۆ تەمەنی ئەو كەسە، بەتایبەت لە كۆمەڵگەی پیاو سالاری رێژەی توندوتیژی زیاترە بەرامبەر رەگەزی مێ، وەك رەچاوكردنی جۆری تەمەنیان ئەوەندەی ئێمە ئەزموونمان هەیە لە رێكخراوەكان ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر رەگەزی مێ دەكرێت، رەچاوی تەمەن و ئاست و توێژ نەكراوە ئەمەش ئەیسەلمێنێت لەم كۆمەڵگەیەدا رەگەزی مێ لە بەرامبەر مەترسی توندوتیژی دایە".
پێشی وابوو." رێگری بەردەم رۆڵی ئافرەت لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی تر جیاوازە، كۆمەڵگەی ئێمە كۆمەڵگەیەكی پیاو سالارە، هەموو ئەو جومگە سەرەكییانەی هۆكار و یارمەتی دەرن بۆ بەرەوپێش چوونی رەگەزی مێ لەلایەن پیاوەوە كۆنترۆڵ كراون، بۆ نموونە ئەگەر ئیشكردن هۆكاری سەرەكی بێ تاچەند سوود لە رۆڵی ئافرەت بینراوە دامودەزگاكان زۆربەی كۆنترۆڵ كراوە لەلایەن پیاوانەوە، ئەمەش وا دەكات توانای ئافرەت كز بكرێ و نەتوانێت ئەو خزمەتەی ئافرەتێك دەتوانی بیكات نەیكات، لە وێوە ماف و بەرژەوەندییەكانی فەراهەم و دەستەبەر بكات، بۆیە كۆمەڵگە كاتێك پیاو سالار بوو رێگرییەكانیش زیاترن".
ساڵانە ئامارەكان ئەومان پێ دەڵێن لە باشوری كوردستان، كێشە خێزانییەكان رێژەیان لەبەرزبونەوەدایە لە بارەی هۆكارەكان ئاشنا حەمە، باسی لەوەكرد" لەئێستا رێژەی توندوتیژی لەزیاد بووندایە بەراورد بەساڵانی رابردوو هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نا هۆشیارییەی تاكەكان، دەزگاكانی راگەیاندن كە بەشێكن لە هۆكاری پەروەردەی خێزان و پەروەردەی كۆمەڵگە، كار لەسەر ئەوە بكەن كە تاك چۆن پەروەردە ئەكرێت ، لەسەرەتای پێگەیاندنی منداڵ و جیاوازییەكانیان چۆن بەرجەستە ئەكرێت لە نێوان كچ و كوڕ، لە نێوان خوشك و برا ژن و مێرد، ئەمانەی باسم لێوەكردن، هۆكاری سەرەكین كە دەبێتە هۆی ئەوەی توندوتیژی لە كۆمەڵگادا زیاد بێت".
لە بارەی گەیاندیی هۆشیاری خێزانی و بەرزكردنەوەی ئاستی رۆشنبیری و كاریگەری رێكخراوە مەدەنییەكان لە كوردستان، ئاماژەی بەوەدا " رێكخراوەكان رۆڵیان بینیوە، ئەتوانن رۆڵی باشتریش ببینن بە مەرجێك لە دەستی حزب دووربن و ئازادانە ئیشی خۆیان بكەن، ئەو هەوڵانەی ئەیدەن بەتایبەت لەرووی دەستەڵاتی قەزایی هاوكاری بكرێن و پشگیرییان بكرێ رۆڵێكی كاریگەرو پراكتیكییان هەبێت، بەڵام رێگری زۆر هەیە لە كۆمەڵگەدا وا دەكات رێكخراوەكان كەمتر رۆڵەكەیان بەرجەستە بكەن، لە پاراستنی رەگەزی مێینە لە كۆمەلگەدا، لەگەڵ هەموو ئەم رێگریانەش هێشتا رێكخراوەكان دەوریان هەبووە لە ریپۆرتكردن و بەرزكردنەوەی دەنگیان، بێگومان ئیشكردن لەسەر ئەم ریكخراوانە قورسە روئیایەك هەیە پێیان وایە ئیشی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، بەلاڕێ دابردنە ئەمەش پەیوەندی هەیە بە ئەقلییەتی پیاو سالاری لە كۆمەڵگەدا".
لە دوا قسەكانیدا پارێزەر ئاشنا حەمە عەزیز، باس لە كاریگەری جیابوونەوەی هاوسەران دەكات و دیاردەكە رووی لە هەڵكشان كردووە، گووتی" جیابوونەوەی هاوسەران زیادی كردووە، ئەو جیابوونەوانە كاریگەری راستەوخۆیان دەبێت لەسەر دەرونی منداڵ، وا دەكات منداڵ لەو دابڕانە تێ نەگات و پێویستی بە ئارامی دەرونی و كۆمەڵایەتی هەبێت لەناو خێزانەكەیدا، لەكاتی جیابوونەوە ئەم ئارامەیە تیێك ئەشكێ دەبێتە دوو پەروەردەی جیاواز، ئەتوانین بڵێین منداڵ زەرەرمەندی یەكەمە لە كاتی هەڵوەشاندنی خێزان چونكە دادەبڕێت لە سۆز و خۆشەویستی و ناز، كە پێویستە لەناو خێزاندا پێی بدرێت".

 

زۆرترین بینراو