پانۆرامای فاشیزم لە شۆستەكانی كەودەنی

ئالان فەرمان

ئەگەر لە خۆرئاوا فاشیزم بریتییبێت لە مۆسۆلینی، ئەوا لەخۆرهەڵات فاشیزم هەموو شتێكە جگە لە مۆسۆلینی. ئەمەی ئەمڕۆ لە خۆرهەڵات دەیبینین، تاریك ترین قۆناغە لە مێژووی خۆرهەڵاتدا. دۆخێكە، كە ئەستەمە بەناویدا ڕەتببین بەبێ ئەوەی لەم خەوە قوڵە وشیار نەبینەوە لە چركەساتێكی گرینگ بێئاگایی هێشتوینەتەوە، خەوێك كە تێدا ئەتوانین بەرزترین باڵەخانەكان و جوانترین پانتاییەكان و قێزەونترین دكتاتۆرەكان ببینین، وەلێ ناتوانین شتێك ببینین كە لە تەنیشتمان ئەخەوێت، ئەویش فاشیزمه. فاشیزم ئەو یٔایدۆلۆژیایە لە ماترێكسی ئەورووپا كەوتە خوار و لەخۆرهەڵات ڕیشەی داكوتا. فاشیزمی خۆرهەڵاتی چیتر لە سیستەمی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسیدا قەتیس نەماوە، بەڵكە ئەمڕۆ فاشیزم لە هەموو شوێنێكی جەستەی كۆمەڵایەتی دەژیت و نمایشی خۆی دەكات. ئەو نمایشەی فاشیزم دەیكات نمایشێكی فریودەرە، وایكردووە كە یٔێنتێلێكچواڵیەتی ناوچەكەشی فریو داوە بەمەی، كە هێشتا فاشیزم وەك فۆڕم و جەوهەر وەك ڕیتواڵێكی ڕۆژیٔاوایی هێشتا بەدەرنەكەوتوە، یاخود ئەگەر بوونیشی هەبێت ئەوا بونێكی ستراكتۆری و هیراركیە و لەسەرەوە هەیە، بەڵام لەخوارەوەی هەڕەمەكە بوونی نییە. لەكاتێكدا بەپێچەوانەوە فاشیزم بونێكی (دەر ستراكتۆر)ی هەیە، بونێك كە وەك تەپوتۆز پەرش و بڵاو بووە، لەنێو فەزای سیاسی و كۆمەڵایەتیمان، لەنێو تێكست و لاپەڕەكان، لەنێو دەزگای میدیایی و یٔینستیوتەكان و جەریدە و گۆڤارەكان. ئەگەر زیادەڕەوی نەبێت فاشیزم لە فۆڕمێكی زەقدا لەنێو قەوارەی خێزانیشدا بوونی هەیە. ئەو تەحویلەی فاشیزم لە چەقی دەسەڵاتەوە بۆ نێو فەزای كۆمەڵایەتیمان مەترسیدارتین جۆری گواستنەوەیە كە هەستی پێ نەكرابێت. وەك( بەختیار عەلی) دەڵێ: "فاشیزم هێزێكی خەوتوو نییە بترسین لەوەی بەخەبەر بێت، بەڵكە هێزێكی بەخەبەرە كە نمایشی خەوتن ئەكات" (بەختیار عەلی ڕەخنە لەعەقڵی فاشیستی،لا/64).
كایەی ڕۆشنبیری ئێمە بەجۆرێك هەژارە، كە تەنها بەشێوەیەكی سەتحیانە سەیری پرسەكان دەكات و تەنها دیكۆری مەسەلەكان یٔەبینێت نەك بناوانی مەسەلەكان. ئەمەش پەیوەندی بەوە هەیە، كە خۆرهەڵات بە چاویلكەی خۆرئاوا دەخوێنینەوە. فاشیزمی خۆرهەڵات و فاشیزمی كوردی هەموومانی فریوداوە بەوەی كە بوونی نییە، یاخود بونێكە لە یەك بارەگا لەنێو یەك سیستەمی سیاسی، كە تەنها ڕیفۆرم و شۆرش ئەتوانن سوك و سانا فاشیزم لێرە دەربكەن! ئەمەش تێگەیشتنێكی زۆر ڕۆمانسی و ڕۆماتیكیە بۆ فاشیزم. وڵتەر بنیامین دەڵێت: هەموو هەڵكشانێكی فاشیزم بەرهەمی شكستی شۆرشێكە، بەڵام لەخۆرهەڵات هەموو هەڵكشانێكی فاشیزم بەرهەمی خەوی قوڵ و تێگەیشتنی سادە و ساكارە بۆ خودی فاشیزم. فاشیزم فریودەرە. وەك ژێ دولوز دەڵێت: گەورەترین فێڵی شەیتان ئەمەیە بڕوابكەین كە شەیتان بوونی نییە. فاشیزم لەخۆرهەڵات ئەو شەیتانە دولوزییە، كە هیچ پانتاییەك نییە بەسەریدا نەڕۆشتبێت و هیچ كۆڵانێك نەماوە تەی نەكردبێت. سیاسیەكانمان، قوتابییەكانمان، ڕۆژنامەنوس و سەحافیە كەودەنەكانمان، بەتێكڕا بوون بەفاشیست بەبێ ئەوەی بیانەوێت فاشیست بن یاخود بێیٔاگا فاشیستن بەجۆرێك كۆی بوونی ئێمە لەسەر بنەمای ڕەتكردنەوە و نەفی كردنی ئەویتر بونیاد نراوە. سوبێكتی خۆرهەڵاتی بێیٔاگایانە سوبێكتێكی فاشیستە، تاكی خۆرهەڵاتی باركراوە بە فاشیزم و لەهەر چركەساتێك بۆی بلوێت ئەوا دەبێتە مۆسۆلینی و ئەردۆگان و مۆگابی، سوك و سانا ئەویتر ڕەشیئەكاتەوە. لەكۆتایدا دەكرێت بگوترێت بەئاگا هاتنەوە لەو خەوە قوڵە لەلایەن یٔینسانی خۆرهەڵاتی و تاكی كورد بەدیاری كراوی، گەورەترین بەخەبەر هاتنەوە ئەبێت لەوەی كۆمەڵگەیەك كە قوڵ چۆتە خەوی دۆگمایی. "فاشیزم ناهێت بەڵكو لێرەیە".

زۆرترین بینراو