پروپاگەندەی پیس بوونی ئاوی رواندز دوورە لە راستییەوە

پروپاگەندەی پیس بوونی ئاوی رواندز دوورە لە راستییەوە

ئا/ كامیار ساڵح : لە زەمانی زووەوە پاشای گەورە لە گەلی مێگر ئاوی بە جۆگەلە هێناوەتە رواندز، ساڵی 1987 پڕۆژەی ئاوی بێخاڵ دروستكرا و گەیاندرایە رواندز، فەرمانگەی ئاوی رواندز ساڵی 1979 لە شارەوانی رواندز جیابۆتەوەو وەك فەرمانگەیەكی سەربەخۆ كارەكانی تایبەت بە ئاوی رایی كردووە.
تۆفیق رەفیق، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی رواندز سەبارەت بە داواكردنی بیناییەی سەربەخۆ، گووتی" ساڵی 2013 داوای بینایی سەربەخۆمان كردووە و دەرخستەمان بۆ كرا بوو، ئەم ساڵ كەوتە بواری جێبەجێكردن و لە شوێنێكی گونجاو تەواو كرا".
گووتیشی" راستە فەرمانگەكەمان دوورە شارە و بۆتە ئاستەنگ لە بەردەم هاووڵاتییان، بەڵام جێگەیەكی گونجاوە بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانمان".
لە بارەی پڕۆژەی نوێیان لە سنووری قەزای رواندز، گووتی" پێشتر دەیان دەرخستەمان هەبوو پێشكەشمان بە پارێزگاری هەولێر كردبوو، كە پێكدێن لە درووستكردنی حەوزی ئاو و دانانی تۆڕی ئاو و بنبڕكردنی گرفتەكانی ئاو, پارێزگاری نوێی هەولێر ئومێدی جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی بەرزێوە و وارەكەونی پێداوین كە بە هۆی لافاوەوە تێكچوو بوون".
بەڕێوەبەری ئاوی رواندز، سەبارەت بە پڕۆژەی ئاوی ئاكۆیان گووتی" یەكێك لە كارە هەرە گرنگەكانمان پڕۆژەی ئاوی ئاكۆیانە و بە ئەركێكی دەزانین، دەرخستەمان كردووە بەڵام گوژمەی پارەكەمان بۆ تەرخان نەكراوە, لەبەر قەیرانی دارایی هەرێم نەچۆتە بواری جێبەجێكردن، ئومێدمان هەیە لە داهاتوو دەستپێبكەین".
هەندێك لە هاووڵاتییان داوای راكێشانی دوو هێلی ئاو دەكەن، تۆفیق رەفیق لەمبارەوە گووتی" راكێشانی هێڵی دووەمی ئاو لەلایەن هاووڵاتییان مەرجی تایبەتی هەیە, ئەگەر خانووەكە چەند نهۆمێك بێت یا ڕێژەی ئەندامانی خێزان زۆر بێت و بڕی ئاوەكەی وەك پێویست نەبێ, گرفتمان نابێت لە پێدانی هێڵی دووەمی ئاو، بەڵام ئەو كەسانەی بە نایاسایی هێڵی ئاو دەبەن ئێمە دەبینە رێگر و رێ و شوێنی یاسایی دەگرینەبەر و سزا دەدرێن ".
گووتیش" لەسەر هاووڵاتی پێویستە پارەی مانگانەی خۆیی بدات، ئاسانكاریمان بۆ ئەو هاووڵاتییانە كردووە كە زۆر قەرزدارن و دەتوانن بیكەن قیست".
دوو تانكی كۆنی ئاو لە رواندز هەن، هەم سوودیان لێوەرناگیرێت هەمیش دیمەنێكی ناشیرینی بەخشیوەتە شار، بەرێوەبەری ئاو لەمبارەوە گووتی"یەكیان ساڵی 1960 دانراوە و ئەوی دیكەشیان ساڵی 1970، ئەو زەوییەی لەسەر دانراون موڵكی شارەوانین، تەنها تانكییەكان هی فەرمانگەكەمانە، ئێمە پڕۆژەمان هەیە بۆ لادانی تانكییەكان، بەڵام دەرخستەمان بۆ نەكردووەو گوژمەمان بۆ تەرخان نەكراوە".
نەشی شاردەوە كە" بەهۆی ئەوەی ساڵانێكە تۆڕەكانی ئاوی رواندز نۆژەنكردنەوەیان بۆ نەكراوە, ئێستا پێویستی بە گۆڕین و نۆژەنكردنەوەی تۆڕەكانی گەڕەكەكانە و لە پلانماندایە و كاری لەسەر دەكەین".
باسی لەوەش كرد" تیمێكمان هەیە لە بەشی چاككردنەوە لە ئامادەباشی دایە و پڕۆژەی ئاوی بێخاڵ بە بەردەوام لە كاركردنەو لەهەر شوێنك گرفت بۆ هاووڵاتییان درووست ببێت بەشی چاككردنەوە دەستبەجێ دەگاتە شوێنەكەو كەم وكورییەكان چارەسەر دەكات، دوای دەوامی فەرمی بەشی كارگێڕی دەست لە كار هەڵئەگرێت, بەڵام هەموو بەشەكان جگە لە كارگێری هەموو رۆژێك ئیشی هاووڵاتییان جێبەجێ دەكەن".
تۆفیق رەفیق، تیشكی خستە سەر پڕۆژەی ئاوی گەلی مێگر و بێخاڵ و گووتی" لە عەمبارێكی تایبەتدا ئاوی مێگر و ئاوی بێخاڵ تێكەڵ بەیەك دەكرێت, كلۆرین دەكرێ و بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەكرێت".
ڕوونیشی كردەوە" ئەم گلەیی و گازاندانەی لەلایەن خەڵكەوە دەكرێت سەبارەت بە پیس بوونی ئاوی بێخاڵ بۆ رواندز سۆران و سرێشمە دوورە لە راستییەوە، لەبەر ئەوەی بەناو دەیان پاڵاوگە تێدەپەڕێت تا دەگاتە ماڵی هاووڵاتییان".
لە كۆتاییدا باسی لە خانەنشین كردنی كۆمەڵێك كارمەندەكانی فەرمانگەكە كرد كە ساڵانێكی زۆرە خزمەتییان بە شارەكە كردووەو داوایكرد " یا گرێبەستەكان بكرێن بە هەمیشەیی یا خەڵكیتر لە شوێنی ئەوان دابمەزرێن، لەبەر ئەوەی پێویستیمان بە راژەكەیان هەیە".

زۆرترین بینراو