پلە بەرز كردنەوەی پێشمەرگە دەستپێدەكاتەوە

پلە بەرز كردنەوەی پێشمەرگە دەستپێدەكاتەوە

موڕشید برادۆستی–سۆران: لە دیمانەیەكی هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا، لیوا بەهرام عەریف یاسین فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگۆرد، باس لە دۆخ و گوزەرانی پێشمەرگە دەكات و ئاماژەی بەوەدا "هەوڵێكی جددی هەیە بۆ باشتر كردنی دۆخی پێشمەرگە و مووچەی پێشمەرگە هاوتای سوپای عێراق بكرێت و لە ماوەیەكی نزیكیشدا پلەی سەربازیان بەرز دەكرێتەوە"، دووپاتی كردەوە" مانگی داهاتوو پێشمەرگە و ئەفسەرانی فەرماندەی هەڵگۆرد بەشداری مەشق و راهێنانی سەربازی دەكەن" روونیشی كردەوە" ئەگەری زۆر هەیە لەگەڵ داعش و حەشدی شەعبی ناكۆكی لە نێوانمان درووست ببێت و هێزی پێشمەرگە بۆ هەموو رووداوێكی نەخوازراو لە ئامادە باشیدایە".
* فەرماندەی هەڵگۆرد كەی دامەزراوە و رۆڵی فەرماندەكە چی بووە ؟
- فەرماندەی هەڵگۆرد یاخود یەكەی 43 لە رووی كارگێڕییەوە راستەوخۆ سەر بە یەكەی 80 ی فەلەكە، لە نێوان ساڵی 1996 – 1997 لە سۆران دامەزراوە و سەر پەرشتی هێزی سەربازی لە سنووری هەر سێ قەزاكانی سۆران، چۆمان، رواندز دەكات، خاوەنی سێ هێزی گەورەی سەربازین لە سیدەكان، سۆران و باڵەكایەتی، سنووری ئەو فەرماندەیە زۆر بەرفراوانە و بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیای گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە، كەوتۆتە سنووری هەر دوو دەوڵەتی توركیا و ئێران، لە رووی ستڕاتیژی سەربازی ناوچەیەكی گرنگ و هەستیارە بۆ كوردستان، ئەو فەرماندەییە یەكێك لە فەرماندەییە گرنگەكانە و لە دەستپێكی دامەزراندنی تا ئێستاشی لەگەڵ بێت قوربانی زۆری بۆ پاراستنی خاك و خەڵكی كوردستان داوە و چەندین شەهیدمان لەو رێگەیە پێشكەشی پاراستنی كوردستان كردووە، فەرماندەی هەڵگۆرد جێگەی بایەخی وەزارەتی كار و باری پێشمەرگە و سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی كوردستانە .
- هەوڵی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و نەهێشتنی هێزەكانی 70 و 80 لە ئارادایە پێت وایە ئەوە جێبەجێ بكرێت ؟
- ماوەی دوو ساڵە تیمێكی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لەگەڵ وەزارەتی كار و باری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم، خەریكی لێكۆڵینەوە كردنی هەنگاوەكانی چۆنییەتی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانن، بەشێكی زۆری كارەكان بەرەوپێشەوەچووە و ئاڵوگۆڕی بیر و ڕاكان كراوە و ئاستەنگەكان خراوەنەتەڕوو و پێداویستییەكان هەموو باسی لێوە كراوە و سەرقاڵی چۆنییەتی یەكگرتن و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەن، لە هەنگاوی یەكەمدا سەرجەم پێشمەرگەكان لە تەواوی فەرماندەكان مەشق و راهێنانی سەربازیان پێدەكرێت بۆ ئەوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان نزیك بكرێتەوە لە هێزێكی مۆدێرنی سەربازی و پڕچەك و لە ئامادەباشی دابێت، ئێمەش لە فەرماندەی هەڵگۆرد دەستمان بە داخڵ كردنی ناوی پێشمەرگە و ئەفەسەرەكان كردووە و لە مانگی داهاتوو یەكێك دەبین لەو فەرماندەییانەی هەموو پێشمەرگەكان بەشداری مەشق و راهێنانی سەربازی دەكرێن و ئەفسەرەكانیش خوولی تایبەت دەبینن .
* زۆرێك لە پێشمەرگەكان تەمەنیان بە ساڵاچووە و خانەنشین نەكراون ؟
- نزیكەی دوو مانگ دەبێت وەكو فەرماندەی هەڵگۆرد دەستمان بە دووبارە رێكخستنەوەی فەرماندەییمان كردووە، دوو لیستی خانەنشینمان بە دەست گەیشتووە و فۆڕمێك تایبەت دەبێ بە پێشمەرگە و ئەوەی ئەفسەرانیش بەجیا، لە رێنماییەكەدا هاتووە هەر پێشمەرگەیەك تەمەنی بگاتە 50 ساڵ ئەوا بەهۆی خزمەتی زۆری خانەنشین دەیگرێتەوە، بەهەمان شێوە بۆ ئەفسەرانیش پلە و تەمەن دیاری كراوە، لە ئێستادا بەشەكانی فەرماندەییمان راسپێردراون بۆ ئامادەكردنی لیستەكان و لە داهاتوویەكی نزیكدا رێژەیەكی زۆری ئەو پێشمەرگە و ئەفسەرانەی توانای دەوام كردنییان نەماوە لە سنووری فەرماندەییمان بەرێزەوە خانەنشین دەكرێن.
* ماوەیەكی زۆرە پلە بەرز كردنەوەی پێشمەرگەكان راگیراوە و ئەوانەی پلەشیان بۆ بەرز بۆتەوە بۆیان نەبەستراوە ؟
- سێ مانگ بەر لە ئێستا بەشێكی تری پلە بەرز كردنەوەی ئەفسەران بە هەندێ مەرجەوە گەڕایەوە و رێژەیەكی زۆری ئەفسەر پلەی سەربازیان بۆ گەڕایەوە، ئێستا دوو قۆناغی پلە بەرز كردنەوەی ئەفسەران و پێشمەرگەكان كاری لە سەر دەكرێت، لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو پێشمەرگانەی شایستەی پلە بەرز كردنەوەن پلەیان بەرز دەكرێتەوە و ئەو بڕە یارمەتییەی بۆیان زیاد دەكرێت لەگەڵ مووچەكەیان بۆیان دەبەسترێت .
* بەردەوام باس لە باشتر كردنی دۆخی پێشمەرگە و زیاد كردنی موچەكەی دەكرێت، هیچ بەرنامەیەكی وا لە ئارادایە ؟
- باس و خواستێكی زۆر لە سەر باشتر كردنی گوزەرانی پێشمەرگە بە تایبەت مووچەكەی هەیە، لە هەموو كۆبوونەوەكان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و ژووری ئۆپەڕاسیۆن ئەو باسانە بە بەردەوامی دەكرێن، بەڵام باشكردنی ژیان و گوزەران و مووچەی پێشمەرگە پەیوەندی بە حكومەتی عێراقەوە هەیە، یەكێك لە كێشە سەرەكییەكان حكوومەتی ناوەندییە كە تا ئێستا بوودجەی پێشمەرگەی رەوانە نەكردووە، حكومەتی هەرێم بە چ حاڵ و بە هاوكاری هاوپەیمانان یارمەتییەكانی وەزارەتی كار و باری پیشمەرگە و هێزی 70 و 80 دابین دەكات، خۆشبەختانە لە ئێستادا پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عێراق باشترن و یەكێك لە مەلەفەكانی وەفدی هەرێم مەلەفی هێزی پێشمەرگەیە و هەوڵی تەواو هەیە كە مووچەی پێشمەرگە هاوتای مووچەی هێزەكانی سوپای عێراق بكرێت، كە بەپێی یاساش پێشمەرگە هێزێكی یاسایی و نیشتیمانییە و بەشێكە لە دامەزراوەی بەرگری عێراقی كە پێویستە بودجە و مووچەی بۆ دابین بكرێت.
* چیتان كردووە بۆ پێدانی زەوی و یەكەی نیشتەجێ بوون بە پێشمەرگە ؟
- زۆربەی پێشمەرگەكان وێڕای خزمەتی زۆر و قوربانیدان بۆ پاراستنی كوردستان، بەڵام هیچ سوودمەند نەبووە لە وەرگرتنی زەوی و یەكەی نیشتەجێ بوون و وەك پێویست هاوكاری نەكراون، بێگومان هێزی پێشمەرگەی كوردستان شایستەی هەموو شتێكە خانەوادەكانیان پێویستە باشترین ئمیتازات و باشترین ژیانیان هەبێت، وەزارەتی كار و باری پێشمەرگە پڕۆژەیەكی هەمەلایەنە و گرنگی بۆ ئەو بابەتە هەبوو، بەڵام ئێمە تووشی شەڕێكی نەخوازراو بووین لەگەڵ تیرۆرستانی داعش و بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە بڕدرا و ئاوارەیەكی زۆر رووی لە كوردستان كرد، بەو هۆیەوە پڕۆژەكە جێبەجێنەكرا و دوواكەوت، ئێستا دۆخی ئابووری و ئەمنی كوردستان سەقامگیرە و بڕوام وایە لە داهاتوودا گوزەرانی پێشمەرگە باشتر دەكرێت و سوودمەند دەبێت لە پێدانی زەوی.
* باس لەوە دەكرێت رێژەیەكی زۆری پێشمەرگە دەوام ناكەن و تەنها مووچە وەردەگرن ؟
- لە سنووری فەرماندەی هەڵگۆرد یەك ناوی وەهمی بوونی نییە، ئەو پێشمەرگانەی ناویان لە هێزەكان و فەرماندەی هەڵگۆرد هەیە حازرن و واجباتی سەربازی خۆیان جێبەجێ دەكەن، دەتوانم بڵێم 95%ی پێشمەرگەكانمان خستۆتە ئەرك، لەپلانماندایە لیوا و بەتالیۆنی نوێ دروست دەكەین و سەرجەم پێشمەرگەكان دەخەینە ئەرك، بەڵام رەنگە پێشمەرگە هەبێ كەمتەر خەم بێ و ئەركەكانی بە باشی رای نەكات، ئەمەش ئیجرائاتییان لەگەڵ كراوە و دەشكرێ، لیژنەیەكمان پێكهێناوە چەند رۆژ جارێك بە بێ ئاگادار كردنەوە سەردانی تەواوی هێزەكان و سەنگەرەكانی پێشمەرگە دەكات و هەموو كەمتەرخەمییەكان دەكەنە نوسراو بۆ ئێمەی بەرز دەكەنەوە بەمەبەستی سزادان و وەرگرتنی ئیجرائاتی پێویست.
* زۆر گەنج دەخوازن ببن بە پێشمەرگە، چیتان كردووە بۆ رەخساندنی دەرفەت و دامەزراندنییان ؟
- ئەمە كێشەیەكی گشتییە، تەواوی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، حكومەتی هەرێم دامەزراندنی نوێی لە تەواوی وەزارەتەكان راگرتووە، وەزارەتی پێشمەرگەشی گرتۆتەوە، لەگەڵ باشبوونی دۆخی ئابووری و دارایی هەرێم جارێكی تر دامەزراندنی فەرمانبەران و پێشمەرگە دەست پێدەكاتەوە، هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ رەخسانی هەل و دامەزراندنی گەنجانی دەڤەرەكەمان .
* دەگووترێ ئۆتۆمبێلە سەربازییەكان زیاتر بۆ كار و باری تایبەت بەكار دەهێندرێت ، ئەمە تا چەند راستە ؟
- دیاردەیی بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی حكومی بۆ كاری تایبەت هەموو وەزارەتەكانی گرتۆتەوە، لەگەڵ درووستبوونی كابینەی نۆیەم باس لەو دیاردەیەش كراوە و حكومەتی هەرێم لە رێگەی پێدانی لۆگەیەك و بڵاوكردنەوەی هۆشداری تایبەت بەو دیاردەیە خەریكە بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی حكومی لە دووای دەوام نامێنێت، ئێمە لە فەرماندەی هەڵگۆرد تەواوی ئەفسەرەكانمان بەتایبەت ئەوانەی ئۆتۆمبێلی سەربازیان لایە ئاگادار كردۆتەوە دەبێت ئۆتۆمبێلەكان بۆ خزمەتی سەربازی بەكاربهێندرێن، نابێ بەهیچ شێوەیەك دووای دەوام لەلایەن خانەوادەكانیان سوودی لێ ببیندرێت .
* ئەگەری درووست بوونی شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ داعش هەیە ؟
- هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ئامادە باشیدایە بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو یاخود مەترسی بۆ سەر ئارامی و خاك و خەڵكی كوردستان، لە سنووری مەخموور تا كەركووك و شنگاڵ هەموو ئەو ساتڕانەی پێشتر ئێستاش پێشمەرگەی لێیە و سەنگەرەكان تۆكمەن، ئەو هۆكارانەی بوونەتە هۆی درووستبوونی داعش ئێستاش هەرماون، هەرچەندە تیرۆرستانی داعش لەرووی جەبهەییەوە تێكشێنرا و شكەستیان خوارد، بەڵام لە رووی فیكرییەوە بوونی هەیە و خەریكە خۆیان رێكدەخەنەوەو مەترسین بۆ سەر خەڵك و هاووڵاتییان، پێویستە هێزی پێشمەرگە بە جددی هەوڵی پاراستنی سەنگەرەكان بداتەوە.
* نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی چۆنە ؟
- حەشدی شەعبی مەترسییەكی تەواون بۆ داهاتووی هەموو عێراق نەك تەنها كوردستان و هێزی پێشمەرگە، كورد و پێشمەرگە شەڕ فرۆش نین، بەڵام هەر هێزێك بییەوێ لە رێگای توند‌وتیژی ئیڕادەی خۆی بەسەر ئێمەوە بچەسپێنێت وەڵامێكی توندمان دەبێت و هێزی پێشمەرگەی كوردستان پارێزەری یەكەمی كوردستان و سنوورەكانە، رێگا نادەین بە هیچ شێوەیەك تیرۆرستانی داعش و حەشدی شەعبی یا هەر گڕووپ و هێزێكی تر ئەمنییەت و ئاسایشی خەڵكی ئێمە بشێوێنێت، لە ئامادە باشیداین بۆ هەر رووبەڕووبونەوەیەك .
* سیاسەتی پەكەكە چۆن هەڵدەسەنگێنی ؟
- بەداخەوە پەكەكە لەگەڵ توركیا نزیكەی 30 ساڵە كێشەیان هەیە و گۆڕەپانی سیاسی ئەوان دیارە، بۆ یەكلایی كردنەوەی كێشەكانی خۆیان هەرێمی كوردستانیان كردۆتە مەیدانی شەڕ، كێشەكانی خۆیان هێناوەتە نێو هەرێمی كوردستان، ئەمەش بووەتە كێشیەكی زۆر گەورە بۆ خەڵكی ئێمە و گوندنشینانی سەر سنوور و قوربانی سەرەكی هاووڵاتییانی سڤیلە، خەریكی داڕشتنی پلانێكین بۆ دوور كەوتنەوەی شەڕی پەكەكە و توركیا لە هاووڵاتییان و گوند و ئاواییەكانی سەرسنوور و شوێنەكانی خۆمان بپارێزین، پەكەكە لە باكووری كوردستان هاتووە و بە فكرەی خۆیان نیازی ئازاد كردنی ئێرەیان هەیە كە خۆی لە خۆیدا ناوچەیەكی ئازادە، پێویستە پەكەكە لە باكووری كوردستان هەوڵی ئازاد كردن بدات نەك لە سنووری هەرێمی كوردستان، ئێرە حكومەت و پەرلەمانی خۆی هەیە و دەزگای ئەمنی هەیە ئەوەی پێویست بێ دەیكەین بۆ باشتر پاراستنی ئەمن و ئاسایشی خەڵكی خۆمان، سەرقاڵی درووستكردنی سەنگەری نوێین لە ناوچە سنوورییەكان و شوێنە ستراتیژییەكان .
* ئەگەری درووستبوونی شەڕی پێشمەرگە و پەكەكە هەیە ؟
- ئێمە شەڕ لەگەڵ هیچ كەسێكدا ناكەین، تەنیا ئەمنییەت و ئاسایشی خەڵكی خۆمان دەپارێزین، ئەوەی ئێستاش دەیكەین لە چوارچێوەی پاراستنی ئەمنییەتی كوردستانە، بەڵام ئەگەر چەكدارانی پەكەكە كێشە بۆ خەڵكی ئێمە دروست بكەن و داخلی گوندەكان ببن و ئارامی تێكبدەن، بەهیچ شێوەیەك قبوول ناكەین و رێگریان لێدەكەین، هێزی چەكدارانی پەكەكە لە دەڤەری سۆران كەم بووەتەوە و ئەو هێزەی جارانی نەماوە، گڕووپی زۆر بچووكن و جێبەجێ كەری بەشێك لە ئەجێندای پیلانەكانی داگیرانی كوردستانن، بۆیە پێویستە رێگریان لێبكرێت و بەهیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەین دەستوەردانی كار و باری ئەمنی لە هەرێمی كوردستان بكەن . رۆژانە بەهۆی بوونی پەكەكە تۆپباران و بۆردومانەكانی توركیا هاووڵاتییانی سڤیل لە سنووری سیدەكان و وەرتێ و باڵەكایەتی دەبنە قوربانی، سەدان گوند بەهۆی هەردوولا چۆڵكراون و تا ئێستا ئاوەدان نەكراونەتەوە . پەكەكە دوو سێ ئایدۆلۆژیای لەیەك جیاوازن، بە شێكیان خوازیارن لەگەڵ توركیا بە رێگەی گفتووگۆ كێشەكانیان چارەسەر بكەن، بە شێكیشیان رێگە چارەی شەڕیان گرتۆتە بەر، دووای پڕۆسەی ئاشتی سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ توركیا قسەیان كرد، بەڵام بەهۆی سیاسەتی هەڵەی بەشێكی سەركردەكانی پەكەكە بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕ پڕۆسەكە شكستی هێنا و ناكۆكی دروستبووەوە، لە رۆژانی رابردوو وەڤدێكی هەدەپە سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی كوردستان كۆبونەوەیان ساز كردووە بە مەبەستی ناوەندگێری لە نێوان پەكەكە و توركیا بۆ ئەوەی بە شێوەیەك لە شێوەكان ئەو شەڕ و ئاڵۆزییە بوەستێت .
* لە ماوەی رابردوو هێزێكی دەمامكداری سەربازی لە سنووری سیدەكان دروست بوو، زانیاریتان لەسەری هەیە ؟
- هەر هێزێكی بێ مۆڵەت و لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە درووست ببێت، هێزێكی رێگە پێدراو نین، ئەو گڕووپە دەمامكدارە لە رێگەی سوشیال میدیاوە ڤیدیۆیەكیان بڵاو كردەوە و تێدا بە چەكەوە و دەم و چاوی داپۆشرای هەڕەشەیان لەخەڵك دەكرد بە كوشتن و راوەدوونان و چاودێری كردن، بێگومان سیاسەت و كاری ئەوان دەچێتە چوارچێوی كاری تیرۆرستی لەهەر شوێنێك هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئاگادار كرایەوە بێگومان سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكەین و رێكاری سەربازی توندیان بەرامبەر دەگرینەبەر، دووای بەدوواداچوونەكانمان گڕووپەكە سەر بە چەكدارانی پەكەكەن و لە نزیك دەسەڵاتی ئەوان كاری چەكداری خۆیان جێبەجێ دەكرد .
* لە ناوچە سنوورییەكان هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لێ جێگیر كراوە ئەوانیش نەبوونەتە مەترسی بۆ خەڵك ؟
- سەبارەت بە حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵات و ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەگەڵ سیاسەتی پەكەكە زۆر جیاوازیان هەیە، چەكدارانی پەكەكە مراعاتی بارودۆخی خەڵكی كوردستان ناكەن، بەهۆی ئەوانەوە چەندین خەڵك بووەتە قوربانی و ژیان و گوزەرانی گوندشینانیان تێكداوە، سەرانە لە خەڵك وەردەگرن، گومرگی هاووڵاتییان دەكەن، بەڵام ئەو هێزە كوردیانەی كە لە ناوچە سنوورییەكان جێگر بوونە مراعاتی ئارامی كوردستان دەكەن . چەند جار حكومەتی هەرێم ستایشی رۆڵی ئەوانی كردووە . بەڵام هەبوونی ئەوانیش بەهانەیەكە بۆ تۆپباران كردنی ناوچەكە لە لایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە .

 

زۆرترین بینراو