په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌

په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، لە پەیامێكدا پیرۆزباییی جه‌ژنی نه‌ورۆز و ساڵی تازه‌ی كوردی له خێزانی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی كوردستان و ته‌واوی گه‌لی كورد و كوردستانییان و هه‌موو ئه‌و گه‌ل و میلله‌تانه‌ ده‌كات كه‌ جه‌ژنی نه‌ورۆز ده‌گێڕن.

ئەمەش دەقی پەیامەكەیە:

كوردستانییانی خۆشه‌ویست..

به‌ گه‌رمی پیرۆزباییی جه‌ژنی نه‌ورۆز و ساڵی تازه‌ی كوردی له خێزانی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی كوردستان و ته‌واوی گه‌لی كورد و كوردستانییان له‌ هه‌ر كوێ بن و هه‌موو ئه‌و گه‌ل و میلله‌تانه‌ ده‌كه‌م كه‌ جه‌ژنی نه‌ورۆز ده‌گێڕن.

له‌م بۆنه‌یه‌دا ده‌مه‌وێ به‌تایبه‌تی پیرۆزباییی جه‌ژنی نه‌ورۆز و سوپاس و ده‌ستخۆشی له‌ ته‌واوی تیمه‌ پزیشكی و ته‌ندروستییه‌كان و پۆلیس و ئاسایش و زێره‌ڤانی و پێشمه‌رگه‌ و كارمه‌ندانی فڕۆكه‌خانه‌ و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندارانه‌ بكه‌م كه‌ له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌دا به‌ره‌نگاری په‌تای كۆرۆنا و مه‌ترسییه‌كانی بوونه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی گیانی هاووڵاتییان بپارێزن. ئه‌وان بۆ پاراستن و ڕزگاركردنی ئێمه‌ له‌سه‌ر كارن و ئێمه‌ش بۆ هاوكاریی هه‌مووان، ده‌بێ له‌ ماڵ بمێنینه‌وه‌.

نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ له‌ دۆخێكی سه‌ختدا دێته‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م په‌تایه‌ بووه‌ته‌وه‌. له‌م دۆخه‌دا ده‌بێ هه‌موومان پابه‌ندی ڕێنماییه‌كانی ڕێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بین.

نه‌ورۆز جه‌ژن و هێمای سه‌ركه‌وتنه‌ و ده‌بێ وه‌ك هه‌میشه‌ هێز و وره‌مان بداتێ. به‌ پابه‌ندی و هاوكاریی هاووڵاتییان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان، ئه‌م سه‌ختییه‌ش تێده‌په‌ڕێنین و سه‌رده‌كه‌وین. له‌ كۆنه‌وه‌ گه‌لی كورد و كوردستانییان به گه‌شت و سه‌یران و كردنه‌وه‌ی ئاگری نه‌ورۆز ڕاهاتوون، به‌ڵام بۆ ئه‌م ساڵ و له‌به‌ر ئه‌م دۆخه‌، با هه‌موومان پابه‌ند بین و له‌ ماڵ بمێنینه‌وه‌. با به‌ داگیرساندنی مۆمێك له‌ ماڵ ئاگری نه‌ورۆز بكه‌ینه‌وه‌ و هیوای سه‌ركه‌وتن و تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌ بخوازین، گه‌شت و سه‌یران، بۆ دوای تێپه‌ڕاندنی سه‌ختییه‌كان بن.

هاووڵاتییانی ئازیز..

چ بۆ ئه‌و دۆخه‌ی به‌هۆی په‌تای كۆرۆنا و لێكه‌وته هه‌مه‌لایه‌نه‌كانییه‌وه‌ هاتووه‌ و دێته‌ ئاراوه‌، چ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخ و پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی عێراقیش بێت، هه‌رێمی كوردستان ده‌بێ ته‌بایی و یه‌كڕیزی و كاری پێكه‌وه‌یی و ئه‌وپه‌ڕی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا بپارێزێت. هه‌مووان به‌ گیانێكی به‌رپرسانه‌ی نیشتمانییانه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای هه‌رێمی كوردستان بجووڵێنه‌وه‌، ئێمه‌ش له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر كاركردن بۆ ئه‌م ئامانجه‌ به‌رده‌وام ده‌بین.

له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ هاوكار ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و قه‌یرانه‌كانی وڵات و دروستكردنی سه‌قامگیری و سازانێكی سیاسی له‌ عێراق، پشتگیریش له‌ حكوومه‌تێك ده‌كات كه‌ داوا و مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌ل و پێكهاته‌كانی عێراق ده‌سته‌به‌ر بكات و تایبه‌تمه‌ندی و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش بپارێزێت.

جیهان ئێستا بەهۆی كۆرۆناوە بە دۆخێكی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت. ئەو پەتایە ژیانی مرۆڤی لەڕووی تەندروستی و ئابوورییەوە خستووەتە دۆخێكی یەكجار چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌وه‌ كە تێپەڕاندنی پێویستی بە لێكگەیشتن و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییەكی گەورەی جیهانییە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكان هەرچی زووە ڕۆڵی خۆیان لەپێناو كەمكردنەوەی زیانەكانیدا بگێڕن، هه‌رێمی كوردستانیش هاوكار ده‌بێت.

خوای مه‌زن كوردستان و كوردستانییان و ته‌واوی گه‌لانی جیهان بپارێزێت. جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌ هه‌مووتان پیرۆز بێت، هیوادارم جه‌ژن و بۆنه‌كانی داهاتوو له‌ كه‌ش و دۆخێكی باشتردا بكه‌ینه‌وه‌.

 

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

20/3/2020

زۆرترین بینراو