په‌یامی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بۆ یادی دامه‌زراندنی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان

په‌یامی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بۆ یادی دامه‌زراندنی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان

به‌ڕێزان هاوسەرۆكان و ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی و مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

له‌ (45)هه‌مین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و سەركردایەتی و ته‌واوی ئه‌ندامان و جەماوەری یەكێتی دەكه‌م، هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەشێكی گرنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستانه‌، لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنەكانی دیكەدا، هاوبەشی سەرەكی بوونە لە ده‌سكه‌وته‌كان و پرۆسەی سیاسی و بنیاتنانی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و لە چەسپاندنی مافەكانی گەلی كوردستان لە دەستووری عێراقدا.

ئێستاش له‌ كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان وه‌ك عێراق و ناوچه‌كه‌، ڕووبه‌ڕووی دۆخێكی هه‌ستیار و ته‌حه‌دیاتی گه‌وره بووه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستیمان به‌ ته‌بایی، كاری هاوبه‌ش و یه‌كڕیزی هه‌یه‌ كه‌ تاکه‌ ڕێگه‌ی سه‌ركه‌وتن و بنه‌مای هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانه‌‌. له‌ ڕابردوودا هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی سه‌رۆك مام جه‌لال كه‌ ئه‌مڕۆ به ‌ڕێزه‌وه یادی ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی، سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن. ‌

بۆ سه‌قامگیریی سیاسی و یەكهەڵوێستی لەسەر پرسە سەرەكییەكانی گەلی كوردستان، تێپەڕاندنی سه‌ركه‌وتووانه‌ی دۆخه‌كه‌، پاراستنی قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی گه‌لی كوردستان، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كان له‌ هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت، چاوه‌ڕێی هەڵوێستی كوردستانیانه‌ش له‌ هه‌مووان دەكەین.

له‌م یاده‌دا دروود بۆ گیانی شه‌هیدانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و ته‌واوی شه‌هیدانی كوردستان كه‌ گیانیان له‌پێناو ئازادیی گه‌له‌كه‌یاندا به‌خشی، سه‌ری ڕێز و نه‌وازش له‌ به‌رده‌میاندا داده‌نوێنین و سڵاو و ڕێز بۆ خانه‌واده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانیان ده‌نێرین.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
31/5/2020

زۆرترین بینراو