پێشبینییەكان بۆ نرخی نەوت تا كۆتایی ساڵی 2020

ڕۆندك فارس

دوو مانگ بەر لە ئیستا، لە چەند دێرێكی كورت ئاماژەمان بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە كۆتاییەكانی مانگی تەمووزی 2020 دا، لەو كاتەدا بنەمای پێشبینییەكە لەسەر ئەم روونكردنەوەی خوارەوە ئاماژەی پێدرا:
* لە ماوە رابردوو، بەهۆی جەنگی سیاسی نێوان بەرهەم هێنەرانی نەوت و داخستن و كەمبوونەوەی جولە بازرگانییەكان بە هۆی پەتای كۆڕۆناوە، نرخی نەوت ریكۆردی جیهانی شكاند و بۆ كەمترین ئاست دابەزی.
* رێكەوتنەكانی +opec كەوتنە باری جێبەجێكردن و تا ساڵی 2021 ، بڕیار وایە كار بەو ڕێكەوتنانە بكرێت.
* شارەزایانی بواری وزە، پێشبینی ئەوەیان كردووە، لە كۆتایی مانگی ئایار خواست لەسەر نەوت زیاد ببێت، بە واتایەكی تر، (بری نەوتی داواكراو زیاتر دەبێت لە نەوتی بەرهەم هێنراو)، ئەمەش بەهۆی كردنەوەی بەشێك لە بازاڕەكانی جیهان و زیادبوونی جوولە بازرگانییەكانەوە دەبێت.
* بە هۆی پەتای كۆرۆنا و داخستنی بازاڕەكان، بڕی 1.2 ملیار بەرمیل نەوت عەمبار كراوە ، لە هەمانكاتدا، بڕی تێچووی شوێنی عەمباركردنی نەوت زیاتر بوو لە نرخی بەرمیلیك نەوتی بەرهەم هێنراو، بەو هۆیەوە چەندین كۆمپانیای عەمباركردنی نەوت قازانجێكی خەیاڵییان تۆمار كرد.
* لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا، خواستی نەوت بە رێژەی 26 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا دابەزی، واتە بەكاربردنی نەوت بەراورد بە سەردەمی پێش كۆرۆنا بە بڕی 26 ملیۆن بەرمیل كەمی كرد، بەڵام بەهۆی كەمكردنەوەی بەرهەم هینان و كرانەوەی بەشیك لە بازاڕەكان، پێشبینی دەكرێت تا كۆتایی مانگی ئایار، بڕی خواست بەرزببێتەوە، بەمەش رێژەی كمی بەكاربردنی نەوت لە 26 ملیۆن بەرمیل بۆ 19 ملیۆن بەرمیل لە رۆژیكدا كەم دەبێتەوە.
* لە مانگی حوزەیران و تەمووزدا خواست لەسەر نەوت زیاتر دەبێت و بەراورد بە سەردەمی پیش كۆرۆنا، جیهان 17 ملیۆن بەرمیل نەوت كمتر بەكار دەهێنێت، لە كۆتاییەكانی مانگی ئاب، جیهان بە گشتی تەنها 6 ملیۆن بەرمیل كەمتر لە جاران بەكار دەبات.

ئەی نرخی نەوتی چۆن بەرز دەبێتەوە؟
لەبەر ئەوەی بڕی 4.6 ملیار نەوتی عەمباركراو هەیە، سروشتی پاڵاوگەی عەمبار كراو ئەوەیە، سێ مانگ جارێك نەوتی عەمبار كراو بفرۆشێت بۆ ئەوەی زیان بەر پاڵاوگە نەوتییەكە نەكەویت، بە واتایەكی تر، لە مانگی حوزەیران تا كۆتایی مانگی ئاب لە بازاڕەكان نەوتی عەمبار كراو دەفرۆشرێت.
بازرگانەكانی نەوت پێویستیان بە نرخێكی بەرزی نەوت هەیە، بۆ ئەوەی كرێی تێچووی شوێنی نەوتە عەمبار كراوەكانیان بدەن، ئەگەر خواست زیادی كرد، ئەوە رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی عەمباركراو دەفرۆشتیت.
ئەمەش وا دەكات نرخی نەوت تا كۆتایی 2020 بەرز ببێتەوە تا 50 دۆلار و زیاتر، بەڵام ئەمریكا ڕێژەی بەرهەم هێنان كەمتر دەكات و قازانج لە نرخی عەمباركردن دەكات و لە داهاتوودا دەتوانێت جڵەوەی بازاڕی نەوت كۆنتڕۆل بكات.
ئەم چەند خاڵەی خرانەروو، وەك پێشهات بۆ نرخی نەوت، لەسەر بنەمای سیاسەتی كڕین و فرۆشتنی نەوت بوون، بەڵام ئەگەر لە رووی جیۆئیكۆنۆمی و جیۆسیاسی، پێشبینی بۆ نرخی نەوت بكەین، دەكرێت پێشهاتەكان گۆڕانكاری لە هاوكێشەكاندا دروست بكەن، بە واتایەكی تر ئاڵۆزییە سیاسییەكان و جەنگ دەكرێت كاریگەری زیاتریان هەبێت بۆ سەر نەوت.
بۆ نموونە كاتێك گەمارۆ خرایە سەر ئێران كاریگەریی لەسەر نرخی نەوت دروست كرد.
هەروەها ترەمپ هەمیشە هەڕەشەی لە ئێران كردووە، بۆیە ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكی بڕیاریاندا دەسەڵاتی ترەمپ سنووردار بكەن لە جەنگدا.
بەڵام ترەمپ لە رێكەوتی 7ی ئایاری 2020 ڤیتۆی ئەو بڕیارەی كرد، واتە دەكرێت لەو ڤیتۆیەی ترەمپەوە چاوەڕوانی ئەوە بخوێندرێتەوە كە ئەگەری شەڕی ئێران ئەمریكا ئەگەرێكی كراوەیە.
ئەگەر شەڕ رووبدات لە كەنداو نرخی نەوت زۆر زیاتر بەرز دەبێتەوە لەو پێشبینییە، خۆ ئەگەر ترەمپ ببێتەوە بە سەرۆك و رێككەوتن لەگەڵ ئێران پەیڕەو بكات، دیسان نەوتی ئێرانیش دەرژێتەوە بازاڕەكانی نەوت و ئەوەش بە پێچەوانەی شەڕەوە كاریگەریی دەبێت دابەزین لە نرخدا روو دەدات.

 

زۆرترین بینراو