پێنج كابینەیە ئەنجوومەنی شارەوانییەكان نەگۆڕدراون

پێنج كابینەیە ئەنجوومەنی شارەوانییەكان نەگۆڕدراون

دیدار- رائیب شێروانی
كوردۆ عومەر، گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی ‌و گەشتوگوزار لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی رایگەیاند:" دوای رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ‏هەرێمی كوردستان لەسەر دروستكردنەوەی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان، ‏لە سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجوومەنی شارەوانییەكان دروست دەكرێتەوە، ئەو ئەنجوومەنە ئاگاداری سەرجەم بڕیار‌ و ‏گرێبەستەكانی شارەكە دەبێت. دەشڵێ:" لە قەزا و ناحییەكان كار دەكرێت بۆ تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكان، وەزارەتی شارەوانی بۆ ئەوەی رێگری لە بەرفراوانبوونی نایاسایی شاروشارۆچكەكان بگرێت، ماستەرپلانێكی نوێی داناوە بۆ هەموو شاروشارۆچكەكان، ئەو زێدەڕۆیانەی كە بەپێی یاسا كراون تاپۆ دەكرێن.
بەپێی ‏پەیڕەوی نوێی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان ، 75%ی ئەندامانی ‏ئەنجوومەنەكان لە سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكانی شار و ‏شارۆچكەكان پێك دێن و 25%ـیشی لە نوێنەری رێكخراوە ناحكوومییەكان ‏و سەندیكا و رێكخراوە پیشەییە تایبەتمەندەكان دەبن.‏ هاوكات لە هەرێمی كوردستاندا 157 شارەوانی هەن.‏
گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی ‌و گەشتوگوزار، روونیكردەوە :" هەر زەوییەك كارت بێت، یان زێدەڕۆیی كرابێتە سەر تاپۆ دەكرێت، بەڵام بەپێی ئەو بەرنامەی كە دانراوە بۆ ئەوەی قەرەباڵغی دروست نەبێت، وەزارەتی شارەوانی بۆ ئەوەی رێگری لە بەرفراوانبوونی نایاسایی شاروشارۆچكەكان بگرێت، ماستەرپلانێكی نوێی داناوە بۆ هەموو شاروشارۆچكەكان، ئەو زێدەڕۆیانەی كە بەپێی یاسا كراون تاپۆ دەكرێن، بۆ ئەوەیە كە سنوور لەو بەرفراوانبوونە بگرێت و هەموو بەرفراوانبوونێكی شاروشارۆچكەكان هەر بەپێی ماستەرپلانی وەزارەت بێت، ئەوانەی كە لە دوای یاسای نوێكردنەوەی ماستەرپلانی شاروشارۆچكەكان تاپۆ دەكرێن، بۆ ئەوەیە جارێكی دیكە رێگە نەدرێت كە بەشێوەی زێدەڕۆیی خانوو دروست بكرێت.
كوردۆ عومەر، گووتیشی:" لە قەزا و ناحییەكان كار دەكرێت بۆ تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكان، ئێستا خەریكی كۆكردنەوەی ئامار و زانیارینە و لە داهاتوویەكی نزیكدا هەموو ئەوانیش كارەكانیان تەواو دەبێت.
كوردۆ عومەر، گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی ‌و گەشتوگوزار جەختی لەوەشكردەوە :" نوێكردنەوەی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان یەكێكە لە گرنگترین كارەكانی وەزارەتی شارەوانی و كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم، لەبەر ئەوەی ماوەی 5 كابینە بوو ئەنجوومەنی شارەوانییەكان نەگۆڕدرا بوون، ئەو ئەنجوومەنە هەر خۆی نوێكردنەوەی ئەو دەموچاوانەیە و ئەو كەسانە دەگۆڕدرێن و كەسی نوێ دێن، ئەمە خۆی لە خۆیدا گرنگی خۆی هەیە، پاشانیش ئەو ئەنجوومەنە تازەیە پێكهاتەكەی زۆر گرنگە لەبەر ئەوەی 25% پێكهاتووە لە رێكخراوە ناحكوومییەكان بەشدار دەبن لە پرۆسەی بڕیاردان لە حكوومەتە خۆجێیەكان، واتە رێكخراوە ناحكوومییەكان ئاگایان لە هەموو شتەكانی حكوومەت دەبێت، چی دەگوزەرێت، كاتێك پلانێك دادەنرێت بۆ شاروشارۆچكەكان بۆ ئەوەی بە شەفافیەت هەموو شتەكان بەرێوەببرێن، بۆیە ئەو ئەنجوومەنە ئاگاداری سەرجەم بڕیار‌ و ‏گرێبەستەكانی شارەكە دەبێت، كە ئەمە گرنگترین شتە كە حكوومەتێكی شەفاف دروست دەبێت، دوای دروستبوونی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان.
گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی ‌و گەشتوگوزار ئاشكراشی كرد:" هەر گرێبەستێك، یان هەر پرۆژەیەك بۆ شوێنێك بكرێت، بە دەنگدانی ئەو ئەندامانە دەبێت كەس سەربەخۆ بڕیار لەسەر هیچ شتێك نادات، كە بۆ شوێنێك بكرێت، یان لەبەر ئەوەی خزمی كەسێكە پرۆژەی بدرێتێ، هەموو بە شەفافیەتە، بە دەنگدانی ئەنجوومەنەكەیە، بۆیە هەموو كەسێك ئەو هەڵەی هەیە كە ببێتە خاوەنی پرۆژە.
كوردۆ عومەر، گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی ‌و گەشتوگوزار جەختی لەوەشكردەوە:" نزیكەی نیوەی پرۆژەكانی حكوومەت، هی وەزارەتی شارەوانینە، كە 46%ـی پرۆژەكان دەكات، پرۆژەكانی ئێمە بەسەر سێكتەرە جیاوازەكاندا دابەشكراون، سێكتەری شارەوانی، سێكتەری ئاو و ئاوەڕۆ، پاككردنەوەی خاشاك، واتە پرۆژەی بەردەواممان هەیە، لەگەڵ پرۆژەی ستراتیژی گەورە، لە شارەكان بەردەوام پرۆژەی گەورە جێبەجێ دەكرێن، شەقامی 120 لە هەولێر تەواو بوو، شەقامی 100 مەتری لە سلێمانی دەستی بەكارەكانی كراوە، شەقامی بارزان كە پرۆژەیەكی ستراتیژییە لە دهۆك دەستی پێ كراوە، پرۆژەی شەقامی 150 مەتری دەست پێ كراوە، ئەمانە پرۆژەی گەورەی ستراتیژینە، جگە لە نۆژەنكردنەوەی شەقامەكانی شاروشارۆچكەكان هەر بە شێوەی بەردەوام، جگە لە دابینكردنی ئاوی خاوێن لە هەموو شاروشارۆچكەكان كە لەو رێژەیی پێویستە حكوومەتی هەرێم زیاتر دابین دەكات، جگە لە خاوێنكردنەوەی خاشاكی ماڵان و شوێنە گشتییەكان، ئەگەر یەك رۆژ ئەو خاشاكە فڕێ نەدرێت كارەساتی ژینگەیی دروست دەبێت، بۆیە پرۆژەكانی وەزارەتی شارەوانی زۆرن، كە خۆی لە پرۆژەی بەردەوام و پرۆژەی ستراتیژی دەبینێتەوە".

زۆرترین بینراو