پێویستە سنوورێك بۆ ئەو هەموو قوتابخانە ئەهلییانە دابنرێت

پێویستە سنوورێك بۆ ئەو هەموو قوتابخانە ئەهلییانە دابنرێت

لە بەشی دووەمی ئەم دیمانە تایبەتی هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا مامۆستاێكی زانكۆ و شارەزا لە زمانی كوردی قسە لەسەر گرنگی زمان دەكات. مامۆستا سوداد ڕەسووڵ كە خاوەن بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە جوگرافیا لە زانكۆی بەغدا و بڕوانامەی ماستەر لە وەرگێڕان و كەتائێستا چەندین پەرتووكی وەرگێڕاون و چاپكراون دەڵێت"شارەزایانی زمان وا چاوەڕێ دەكەن كە لە كۆی حەوت هەزار زمان و زار كە ئەمڕۆ لە جیهاندا هەیە، بۆ سەدەی داهاتوو تەنیا ٦٠٠ زمانێك دەمێنێتەوە ئەوانی دی هەموو دەمرن.
بەشی دووەم و كۆتایی
دیمانە: محەممەد مەحموود
* لە گەڵ ئەوەیت كە قوتابی زیاتر گرنگی بەزمانێكی تر بدات جگە لە زمانی دایك؟
- زمانی دایك گرنگترین زمانێكە بۆ خوێندن. هەموو توێژینەوە پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی و دەروونییەكان دەیسەلمێنن كە منداڵ پێویستە بە زمانی دایك بخوێنێت، سەپاندنی زمانێكی بێگانە بەسەر منداڵ تاوانێكە دەرهەق بە دەروون و هزر و بیركردنەوەی ئەو منداڵە ئەنجام دەدرێت، چونكە ئەو منداڵە هەر لە سەرەتاوە بە زمانی دایك مێشكی گەشەی كردووە و بە زمانی دایك فێر بووە و پەروەردە كراوە، بۆیە پێویستە هەر ئەو زمانی دایكە لە پرۆسەی خوێندنی باخچەكان و قوتابخانەكان پەرەی پێ بدرێت و بەردەوام بێت. خوێندن لە باخچەی منداڵان و لە قۆناغی بنەڕەتی بە ئینگلیزی تەواو بە پێچەوانەی ئەو ئاراستە پەروەردەیە كە ئەمڕۆ لە جیهان لە سیستەمی پەروەردە لە وڵاتان لەسەری دەڕۆن.
زمانی دووەم لە زۆربەی وڵاتان، بەتایبەت دەوڵەتە نەتەوەییەكان لە قۆناغێكی درەنگتر دەست پێ دەكات پاش ئەوەی كە زمانی دایك تەواو لە ناو مێشكی منداڵەكە جێگیر بووە واتە منداڵەكە بە چاكی بە زمانی دایك قسە دەكات و بە زمانی دایك بیر دەكاتەوە و خۆی دەردەبڕێت، هەروەها پێكهاتەی زمانەكەی بە باشی دەناسێت و دەزانێت زمانەكەی چۆن كار دەكات، ئەوسا خوێندنی زمانی دووەم دەست پێ دەكات، كە زمانێكی جیهانییە و پێویستە لەپاڵ زمانی دایك و زمانی نەتەوەكەی فێری بێت، هاوشانی زمانی خۆی كە ناسنامەیەتی گەشە بە زمانی دووەم بدات و بیكات بە ئامرازێك بۆ پێشخستنی خۆی لە ڕووی هزری و زانستییەوە. ئەگەر بەم ئاراستەیە كار بكرێت زمانی دووەم كە ئینگلییزیە هیچ هەڕەشەیەك دروست ناكات بۆ زمانی نەتەوە، بەڵكو زمانی نەتەوە بەهێز دەكات و گەشەی پێ دەدات. ئەگەر هەر تاكێكی كورد لەپاڵ زمانی دایكی كوردی زمانێكی جیهانی وەك ئینگلیزی بزانێت كاریگەرییەكی بەرچاوی دەبێت بۆ گەشەكردنی لایەنی ڕۆشنبیری تاكی كورد و كۆمەڵگەی كوردی لەسەر ئاستی ناوەخۆ و جیهاندا.
* لە چەند ساڵی رابردوو وەزارەتی پەروەردە كاری لەسەر ئەوەكرد كە زۆرێك لە قوتابحانەكانی كردە سیستەمی ئینگلیزی ئەمە كارێكی درووست بوو؟
- بێگومان كارێكی دروست نەبوو، وەك لەسەرەوە باسم كرد كە ئەمە تەواو پێچەوانەی پەروەردەیەكی نەتەوەییە بە زمانی دایك، هەروەها پێچەوانەی پەروەردەیەكی تەندروست و گەشەی هزری منداڵە. حكومەتی هەرێم بە تایبەت وەزارتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا لەم چەند ساڵەی دوایی ڕۆڵیان زیاتر پەراوێزخستنی زمانی كوردی بوو نەك گەشەپێدانی. ئەم دوو وەزارەتە بەبێ ئەوەی پرس بە كەسانی شارەزا بكەن و بەبێ ئەوەی پلانێكی سەردەمییانەیان هەبێت بۆ پەروەردە و بۆ زمانی نەتەوە، بێبەزەییانە هەوڵی بنكۆڵكردنی زمانی كوردییان داوە، ئەوەی لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو لە پێشكەوتنی زمانی كوردی كە بە شۆڕش و خوێن بە دەست هاتووە، ئەمڕۆ بە ناڕەوا پاشەكشەی پێ دەكەن و لێ ناگەڕێن زمانەكە بەرەو پێشكەوتنی زیاتر بڕوات و ڕۆلی نەتەوەسازی بگێڕێت.
*هەبوونی قوتابخانەی ئەهلی لە زیانی زمانی دایكە؟
- كردنەوەی قوتابخانەیەكی یەكجار زۆری ئەهلی كە زۆربەی بابەتەكان بە ئینگلیزی دەخوێنن، لە بەرانبەری قوتابخانە بە زمانی كوردی بێ بایەخ دەكات، چونكە دیارە خوێندن بە ئینگلیزی وەك زمانێكی باڵادەست و جیهانی ڕەواجی زیاترە لە زمانێكی وەك كوردی كە هەر لە ناوچەیەكی بچووك رەسمییە و دەسەڵاتی هەیە، بێگومان بوونی ئەم قوتابخانانە بەم ژمارە زۆرە، گورزێكی كوشندەیە بۆ زمانی نەتەوە و پەروەردەی نەتەوەیی. ئەمە بێجگە لەوەی كە كۆمەڵگەیەكی پڕ لە چینایەتی بەرهەم دێنێت. قوتابخانە ئەهلییەكان كە بە ئینگلیزی دەخوێنن بە باشترین قوتابخانە دادەنرێن و ڕەواجی یەكجار زۆرە، دەرچووی ئەم قوتابخانانەش هەر لە ڕووی پلەوپایەی خوێندن و پەیداكردنی كار لە پێشترن لە قوتابخانە حكومییە كوردییەكان، بۆیە هەر خێزانێكی كورد ئەگەر پارەی هەبێت حەز دەكات منداڵەكەی بە ئینگلیزی بخوێنێت و بە زمانی دایك نەخوێنێت، بێگومان ئەمەش بێبایەخكردنی زمانی دایكە كە بە بەرنامە وەزارەتی پەروەردە كاری بۆ دەكات و ئاراستەی دەكات، هیچ وڵاتێك و هیچ میللەتێك ئامادە نییە بەم شێوەی زمانی نەتەوەی خۆی بێبایەخ بكات بۆ زمانێكی جیهانی وەك ئینگلیزی كە هەرچەند گرنگیش بێت بەڵام نابێت ئەو زمانە ببێت بە جێگرەوەی زمانی دایك و زمانی نەتەوە، ئەگەر وەزارەتی پەروەردە بەم ئاراستەیە بیر بكەنەوە و بەم شێوەیە بایەخ بە ئینگلیزی بدەن ئەوا زمانی ئینگلیزی لە هەرێم دەبێت بە هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر ناسنامەی نەتەوەیی كە لە پرۆسەی تەعریبی حكومەتی پێشووی بەعس زۆر خەتەرترە، چونكە كورد لە بەرانبەر تەعریب بەرهەڵستی دەكرد بە زمانی داگیركەری دەزانی، بەڵام خوێندن بە زمانی ئینگلیزی نەك هەر دژایەتی ناكرێت بەڵكو شانازییە منداڵەكەت بە ئینگلیزی بخوێنێت و كوردییەكی سەقەت یان تێكەڵ بە ئینگلیزی قسە بكات.
وەزارەتی پەروەردە هەر بەوە نەوەستا ئەمجارە پلانی ئەوە بوو نیوەی خوێندنی پەروەردەی حكومیش بكات بە ئینگلیزی بۆ بابەتەكانی زانستی و بیركاری. بە بیانوی ئەوەی كە زمانی ئینگلیزی گرنگە و زمانی زانستە. ئەم سیستەمە سێ ساڵ بەردەوام بوو هیچ بەرهەمێكی نەبوو، تەنیا سەرلێشێوان و بێسەروبەری لە پەروەردە دروست كرد و قوتابیش لەم ماوەیە هیچ لە زانست و بیركاری فێر نەبوو كە فەشەلی گەورە بوو بۆ پەروەردە، ئەویش لە ئەنجامی نەبوونی پلانێكی پەروەردەیی سەردەمییانە و دیراسەنەكردنی بابەتەكە بە وردی و بە شێوەیەكی زانستی، لە هەمووی گرنگتر تێنەگەیشتن لە زمان و ڕۆلی زمان لە پەروەردە و پرۆسەی نەتەوەسازی لە باشووری كوردستان. بە داخەوە وەزارەتی پەروەردە زمان تەنیا بە ئامراز دەبینێت ئەو هەموو ڕەهەندەی زمان نابینێت، كە چەندە گرنگە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەك بە ناسنامەی نەتەوەیی.
*كەوابێت ئەم بابەتە دیراسە نەكراوە؟
- دەڵیم ئەم بابەتە دیراسە نەكراوە، چونكە وڵاتی دیكە هەیە لە ئاسیا بە هەمان ئەزموون تێپەڕیوە و سەركەوتوو نەبووە، كە لەوانە مالیزیایە. دەبوایە وەزارەتی پەروەردە پێش ئەوەی سیستەمی خوێندنی زانست و بیركاری لە قوتابخانەكانی كوردستان جێبەجێ بكات سوودیان لە ئەزموونی مالیزیا وەرگرتایە. لە مالیزیا لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ – ٢٠٠٩ هەردوو بابەتی زانست و بیركاری بە ئینگلیزی خوێندراوە، بەڵام دواتر زمانەوان و چالاكوانان بە توندی ڕەخنەی لێ دەگرن و دژی دەوەستن و خۆپیشاندان دەكەن، پێیان وابوو كە ئەمە زمانی مەلاوی بێبایەخ دەكات بۆ خوێندن، بۆ ئەمە چینییەكانی مالیزیاش دژی وەستان. دوای ئەمە حكومەتی مالیزیا بڕیاری دا چیدی لەسەر ئەم بەرنامەیە ناڕۆن و لە ساڵی دواتر بۆ خوێندنی هەردوو بابەت گەڕانەوە سەر خوێندنی بە زمانی دایك.
ئەگەر وەزارەتی پەروەردە ئاوڕێكیان لە ئەزموونی سەرنەكەوتووی مالیزیا دابایەوە، ئەو كاتە پەروەردەی هەرێمیان تووشی ئەو شكستە نەدەكرد كە ئێستا تووشی هات.
* هەڵپەساردنی ئەو سیستەمە چۆن دەبینی كە لە ئێستادا وەزارەتی پەروەردە رایگرتووە؟
- ئەم سیستەمە كە بەبێ پلانێكی زانستی و بەبێ میكانیزم و بەبێ دیراسەكردن پیادە كرا، بێگومان ئەم جۆرە كارانەش هەر لە سەرەتاوە شكست چاوەڕێی دەكات، ئەمە شتێكی حەتمی بوو كە ئەم سیستەمە فەشەل دێنیت، چونكە هیچ ماقووڵ نییە مامۆستا بە خوولێكی سێ مانگ و چوار مانگی فێری ئینگلیزی بێت و بتوانێت بابەتێكی گرنگی وەك بیركاری و زانستەكان بە ئینگلیزی بڵێتەوە. ئەوانەی كە پێیان وا بوو مامۆستا لەم ماوە كورتە ئینگلیزی فێر دەبێت و دەتوانێت هەموو قۆناغەكان ئەم بابەتە زانستییانە بە ئینگلیزی بڵێتەوە ئەمە ئەوپەڕی سادەیی و ساكاری بوو. فێربوونی زمانێك بۆ دەرسدانەوەی بابەتێكی زانستی، پێویستی بە خوێندنێكی چڕوپڕی ئەو زمانەیە لە ئاستێكی ئەكادیمی.
هەڵوەشانەوەی ئەم سیستەمە، زمانی كوردی لەم قەیرانەی دەسەڵات و زاڵبوونی ئینگلیزی ڕزگار ناكات، چونكە بۆی هەیە جارێكی دی و وەزیرێكی دی هەمان سیستەم پیادە بكاتەوە، ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە كە پێویستە حكومەتی هەرێم بە هەموو دەزگایەكان بە تایبەت وەزارەتی پەروەردە بە چاوێكی بایەخەوە سەیری زمانی كوردی بكەن، پێویستە پێشخستنی زمانی كوردی لە ئەجێندای حكومەت بە پلەی یەكەم دابنرێت بە تایبەت ئێمە كە لە باشوور دەمانەوێ دەوڵەتێكی نەتەوەییمان هەبێت ئەگەر زمانێكی نەتەوەییی بەهێزمان نەبێت چۆن دەتوانین دەوڵەتی نەتەوەییمان هەبێت؟ حكومەتی نیشتمانی دەبێت بە پلەی یەكەم خەمی زمانی هەبێت.
پێویستە سنوورێك بۆ ئەو هەموو قوتابخانە ئەهلییانە دابنرێت كە ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەیان لە زیادبووندایە لەسەر حیسابی خوێندن بە زمانی كوردی
* ئەركی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا چییە بۆ بایەخدان بە زمانی كوردی؟
- ئەم دوو وەزارەت ئەركێكی گەورەیان لەسەر شانە بۆ پێشخستنی زمانی كوردی بە تایبەت ڕۆڵی پەروەردە یەكجار گرنگە بۆ چەسپاندنی زمانی دایك و زمانی نەتەوە، كە بنچینەیە بۆ پەروەردەیەكی نەتەوەیی، ئەگەر لە ماوەی ئەو دوازدە ساڵە منداڵی كورد بە زمانێكی كوردی پاراو هەموو بابەتەكان بخوێنێت، ئەمە گەنجینەیەكی نەتەوەیی یەكجار دەوڵەمەندە بۆ نەوەی پاشەڕۆژ كە دەتوانن گەشە بەو زمانە بدەن و زیاتر پێشی بخەن. بەڵام ئەگەر بە ئینگلیزی بخوێنن بێگومان زمانی كوردی پێ گرنگ نابێت، پێویستی بە خوێندنەوەی سەرچاوەی كوردیش نابێت.
ڕۆڵی وەزارەتی خوێندنی باڵاش ڕۆلێكی یەكجار گەورە و پڕ بایەخە، چونكە پێویستە زمانی كوردی لە زانكۆكانیش بۆ هەموو بابەتەكان بچەسپێت و تەرجەمەی هەموو زانستەكان بە زمانی كوردی بكرێت و زمانی كوردی بكرێت بە زمانی ئەكادیمی و خوێندنی باڵا. هەر كاتێك زمانی كوردی لە زانكۆكان هەموو بابەتێكی پێ خوێندرا سەرچاوە زانستییەكان تەرجەمی زمانی كوردی كران، ئەوسا دەتوانین بڵێین ئەو زمانە پاشەڕۆژی هەیە و دەبێت بە زمانێكی باڵادەست و شان بە شانی زمانەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك عەرەبی و فارسی و توركی و عیبری بەرەو پێش هەنگاو دەنێت.
*وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەو رۆڵەی بینووە كە تۆ باسی دەكەی؟
بەداخەوە ڕۆلی وەزارەت خوێندنی باڵا نەك ئەو ڕۆڵە شیاوە نەبووە بۆ پێشخستنی زمانی كوردی، بەڵكو هەوڵی پەراوێزخستنی زیاتری زمانەكەی داوە، بە تایبەت لەم چەند ساڵەی دوایی دەركردنی بڕیارێك لە لایەن ئەم وەزارەتەوە كە زمانی كوردی بكرێت بە ئارەزوومەندانە لە پۆلی دوازدەم بۆ ئەو قوتابییانە كە دەچن بۆ كۆلێجە زانستییەكان. ئەم بڕیارەی وەزارەت دەیەوێ بە قوتابی كورد بڵێت ئیدی زمانی كوردی هیچ بایەخێكی بۆ زانست و بۆ زانكۆ نییە و قوتابی كورد لە پۆلی دوازدەم كە گرنگترین قۆناغی خوێندنە بۆچوونە زانكۆ پێویست بە زمانی كوردی نییە و بایەخی پێ مەدەن.
شارەزایانی زمان وا چاوەڕێ دەكەن كە لە كۆی حەوت هەزار زمان و زار كە ئەمڕۆ لە جیهاندا هەیە، بۆ سەدەی داهاتوو تەنیا ٦٠٠ زمانێك دەمێنێتەوە ئەوانی دی هەموو دەمرن. هۆكاری سەرەكی مردنی زمانەكان ئەوەیە كە پێی ناخوێندرێت و زمانێكی باڵادەست هەیە بۆ خوێندن و پەروەردە و زانكۆ شوێنی زمانە بیهێزەكە دەگرێتەوە. ئایە ئەمڕۆ زمانی ئینگلیزی لە خوێندنی پەروەردە و زانكۆیی هەمان ڕۆڵی لاوازكردنی زمانی كوردی ناگێڕیت؟ ئەگەر لەسەر ئەم ئاراستەیە بەردەوام بین و زمانەكە ئەوەندە بێ كەڵك سەیری بكرێت، زمانی كوردی چ پاشەڕۆژێكی دەبێت؟!
ئەگەر زمانی كوردی ئارەزوومەندانە بێت بۆ خوێندنی باڵا و بۆ زانستەكان، كەواتە ئەو زمانە هیچ پاشەڕۆژێكی نییە و بە كەڵكی سەردەم نایەت، نەتەوەی كورد دەبێت بە نیوە زمانێكەوە بەرەو سەدەی داهاتوو هەنگاو بنێت كە سەدەی مردنی زمانەكانە.

 

 

زۆرترین بینراو