پەرستیارانی سۆران بە دەست چەندین كێشەوە دەناڵێنن

پەرستیارانی سۆران بە دەست چەندین كێشەوە دەناڵێنن

دیمانە: شەهلا رەشید- سۆران
ئازاد ساڵح، سەرۆكی پەرستیارانی نەخۆشخانەی ئاشتی، بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی باسی كەمی كارمەند و  كێشە و گرفتەكانی بەشی پەرستیاران دەكات و دەڵێت، لە ساڵی 2014 ەوە تا ئێستا هیچ كارمەندێكی نوێ بۆ ئێمە نەهاتووە، جگە لەوەی چەندین كێشەی دیكەمان هەیە.
سەرۆكی پەرستیارانی نەخۆشخانەی ئاشتی، گوتی" نەخۆشخانەی ئاشتی بەشی پەرستیاران لە 18 هۆبە پێكدێت لەگەڵا  163 پەرستیاری كوڕ و كچ، بەشەكان پێكهاتوون لە بەشی فریاكەوتن، گورچیلە، تاقیگە، هەناو، نەشتەرگەری، چاودێری چڕ، ماددە هۆشبەرەكان و...هتد، هەموو ئەم بەشانە پەرستیاریان هەیە و پێویستە خزمەتی خەڵك بكەن و هەمیشە ئامادە بن بۆ هەر حاڵەتێكی نەخوازراو، بۆ هیچ پەرستیارێك رێگە پێدراو نییە دەنگ لەسەر نەخۆش بەرز بكاتەوە بەتایبەتی لە كاتی ئێشكگری، لەو 24 كاتژمێرەی كە لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە پێویستە بە ئاگا بێت و هەموو داواكارییەكانی نەخۆش جێبەجێ بكات، من لە هیچ پەرستیارێك قبوڵا ناكەم بێ رێزی بەرامبەر نەخۆشەكان بكات، ئەگەر ئەمە رووبدات و هەر كەسێك سكاڵا لەسەریان تۆمار بكات ئێمە لیژنەمان هەیە لەگەڵا هەردوولا  لێكوڵینەوە دەكەین، ئەگەر كارمەندی ئێمە 100%  هەڵەی بەرامبەر بە نەخۆش كردبێت لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵا دەكەین، جگە لەوەی لەم رۆژە لە مووچەكەی كەم دەكەینەوە و بە نەهاتوو هەژمار دەكرێت، نوسراوەكەی رەوانەی هەولێر دەكەین و لەگەڵا لێژنەكە كۆدەبینەوە، پێویستە بەڵێنامە پڕ بكاتەوە كە ئەمە دووبارە نەبێتەوە، زۆرجاریش دەمەقاڵی دەكەوێتە نێوان پەرستیار و كەس و كاری نەخۆش ئەمە حاڵەتێكی ئاساییە، چونكە جاری وا هەیە نەخۆشەكە حاڵی زۆر خراپە ئەوانەی لەگەڵیان دێن شپرزە و توڕە دەبن، دەبێتە شەڕ لە نێوان ئەوان و كارمەندانی فریاكەوتن، بۆ ئەوەی كێشەكە زیاتر گەورە نەبێت پەیوەندی بە هێزەكانی ئەمنی دەكەین، خۆشبەختانە ئەم رووداوانە ئێستا زۆر كەم بوونەتەوە".
ئازاد ساڵح، سەبارەت بەو قوتابیانەی بۆ راهێنانی هاوینە دێنە نەخۆشخانە، گوتی" ئەوانەی بۆ مەشقی هاوینە دێنە لای ئێمە تەنها بۆ فێركردن دێن، بۆ ئەوان نیە دەست لە هیچ نەخۆشێك بدەن، چونكە نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی كە دەستیان لێبدەن، ئیش و ئەركی ئێمە نییە لەناو نەخۆشخانە لەگەڵیان بین، ئەگەر هاوكاریشیان بكەین ئێمە وەك ئەركێكی مرۆیی ئەم كارە دەكەین و هەندێك روونكردنەوەی گرنگیان دەدەینێ، چونكە هەر گروپێك مامۆستای خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی من بینیم ئەوان تەنها بۆ غیابات دێن تا بزانن كێ لەم قوتابیانە هاتووە و كێ نەهاتووە، هەروەها ئێمە گلەیمان لەم قوتابییانەش هەیە كە بۆ راهێنان دێن، چونكە هەموویان دەیانەوێت بچنە بەشی فریاكەوتن، ئێمە ناتوانین هەموویان ببەینە ئەم بەشە، چونكە بەردەوام خەڵك سەردانی دەكەن هەر هەڵەیەكی پزیشكی رووبدات جا چ لە رووی هەڵەپێدانی دەرمان بێ یا دەرزی لێدان ئێمە بەرپرسیارین، چونكە ئەوان رێگەپێدراو نین".
سەرۆكی پەرستیارانی نەخۆشخانەی ئاشتی ئەو كەم و كوڕی و گلەییانەی كە هەیە لە زاری كرمانجی باسی كرد و زیاتر دوا" لە ساڵی 2014 تا ئێستا هیچ دامەزراندنێك و گرێبەستێك نەبووە، جگە لە خۆبەخشی، ئەمەش لە هەولێر بۆ ئێمە سنوورداركراوە، كارمەندی خۆبەخش ئاسان نییە دەبێ یەكەمجار راهێنانیان پێ بكەین لەگەڵا ئەوەشدا ناتوانم لە هەموو شوێنێك كاریان پێ راسپێرم، هەر هەڵەیەك رووبدات ئەوا ئێمە بەرپرسیارین، هەر چەندە ئەوانیش زۆر ماندوون و جێگەی زۆریان بۆ ئێمە پڕ كردووتەوە و هاوكارمان بوونە، رێژەی كارمەندان زیاد نەبووە بگرە كەمتریش بوونە سەرەڕای ئەمەش بەشەكانمان زیاد بووینە و پێویستمان بە كارمەندی زیاترە، نزیكەی هەشت كارمەندی ئافرەت مۆڵەتی منداڵبوونیان وەرگرتووە و جێگرەوەیان نییە هەندێكیشیان مۆڵەتی خوێندنیان وەرگرتووە، لە بەشی هەناو دوو كارمەندمان هەیە كە یەكێك لەوان مۆڵەتی منداڵبوونی هەیە، ئەم بەشە بە یەك كارمەند بەڕێوەناچێت، چونكە ئەویش پێویستی بە گەشت یا حاڵەتێكی زەروورە دەبێ ئەمانە بەرچاو بگرین، لە بەشی نەشتەرگەری تەنها دوو كارمەندی كچمان هەیە رۆژانە لایەنی كەم 10 بۆ 15 نەشتەرگەری ئەنجام دەدرێن و لە كاتژمێر 8 تا 1ی دوای نیوەڕۆ بەردەوام ئیش دەكەن، لە بەشی بووژانەوەی دڵا تەنها یەك كارمەندی كچ هەیە ئەویش تەنها بەیانیان دەوامی هەیە، ئەمە كێشەیەكی گەورەی بۆ ئێمە دروست كردووە، چەندجار داوامان كردووە لە سەرووی خۆمان لە جیاتی ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەولێر كارمەندمان بۆ زیاد بكەن بە پێچەوانەوە زۆرجار گواستنەوەیان كردووە، بێ ئەوەی  ئاگادار بین".

زۆرترین بینراو