پەكەكە بۆتە بەڵا بۆ ناوچە كوردستانییەكان

پەكەكە بۆتە بەڵا بۆ ناوچە كوردستانییەكان

محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی: 
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت "پێویستە پەكەكە بەخۆی دابچێتەوە و چیتر نەبێتە هۆكار بۆ هێرشی وڵاتانی دراوسێ‌ بۆ سەر هەرێم و ناوچە كوردستانییەكان.
 سارا چاوشلی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە پێكهاتەی توركمان بۆ زاری كرمانجی راگەیاند " هەبوونی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان نایاسایی و نا دەستووییە، نابێت هەرێم بكرێتە مینبەرێك بۆ هێرشكردنە سەر هیچ لایەنەێك، هەموومان بارودۆخی كوردستان دەبینین لە چەندین لاوە هەڕەشەی لەسەرە، پێویستە هێزە سیاسییەكانی پارچەكانی دیكە بەردەوام پشتیوانی لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان بكەن و نەبنە هۆكارێك بۆ ئەوەی بیانوو بدەنە دەست ووڵاتانی دراوسێ‌ هێرش بكەن و ئەو ئەزمونەی چەند ساڵە بەدەرە سەری بەدەستهاتووە لە نێو بچێت."
  ئەو ئەندامەی پەرلەمانەی كوردستان، لەبارەی نەگەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگال و رێگریەكانی پەكەكە لە ئاوەدانكردنەوەی رایگەیاند " پەكەكە لە شەنگال هاوپەیمانی لەگەڵ حەشدی شەعبی هەیە و مووچە و پێداویستی و پشتیوانی لەوان وەردەگرێت، بەڵام ناهێڵێت خەڵكی رەسەنی شنگال بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان، حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ رێككەوتنیان بۆ ئاسایكردنەوەی شەنگال كردووە، هەموو ووڵاتانی جیهان پشتیوانیان لەو رێككەوتنە كردووە، بە ئاسایبوونەوەی بارودۆخی سەربازی و نەهێشتنی دیاردەی سەربازی لەو ناوچەیە، ووڵاتانی جیهان بەشداری دەكەن لە ئاوەدانكردنەوەی شارەكە، فەرەنسا و ئەمەریكا و بەریتانیا چەندین جار داوایان كردووە كە دەیانەوێت هاوبەشی بكەن لە ئاوەدانكردنەوەی، نەتەوە یەكگرتووەكان داوا دەكات كە ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكرێت، بەڵام پەكەكە بە پێچەوانەی خواستی خەڵكی شنگال و بەرژەوەندی ئەو ناوچانە دەجولێتەوە و دەستوەردان لە بابەتێك دەكات كە هیچ پەیوەندییەكی بەوان نییە."
 دەشڵێت" بوونی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، هۆكارێكە بۆ ئاوەداننەكردنەوەی هەزران گوند، ئەوەش جگە لەوەی و زەرەر و زیانی لە خەڵكی ئەو گوندانە داوە و خاك و ئاویان داگیركراوە، گورزێكی بەهێزیشی لە ئابووری كوردستان داوە و رێگری دەكات لە ئاوەدانكردنەوەی ئەو گوندانە، ئەوەش پێچەوانەی هەموو جۆرە بنەمایەكی مرۆیی و هاوسێی و دۆستایەتی و برایەتییە، لەبری درێژكردنی دەستی هاوكاری، پەكەكە لەو ناوچانە دادگای داناوە و لەجیاتی حكومەت و دەسەڵاتە دەستووری و یاساییەكەنا بڕیار دەدات و خەڵك سزا دەدات و زیندانی هەیە،  ئەوەش پێچەوانەی هەموو بنەمایەكی مرۆیی و یاسایی و بنەمای میوانداریكردنە، جگە لەوەش سەرانە لە خەڵك وەردەگرێت و گومرگ و بازگەی سەربازی دادەنێت و رێگری لە هاتووچۆی خەڵك و گەیاندنی خزمەتگوزاری بەو ناوچانە دەكات."
سارا چاوشلی، ئەوەش دەخاتەروو " پێویستە پەكەكە بەخۆی دابچێتەوە و چیتر نەبێتە هۆكاری سەرئێشە و هێنانی دەستی ووڵاتان بۆ كوردستان، ئەركی سەرشانی هەموو پێكهاتەوە خەڵكی بەشەكانی دیكەی كوردستانە كە هاوكاری و پشتیوانی ئەزموونی هەرێمی كوردستان بن و نەبنە هۆكارێك بۆ پەڵكێشكردنی هێز و شەڕ و ناكۆكییەكان بۆ ناو هەرێمی كوردستان، نابێت بە هیچ شێوەیەك قبوڵ بكرێت هەرێمی كوردستان بكرێتە گۆڕەپانی یەكلایكردنەوەی كێشەكانی ووڵاتان و هێزە ناكۆكەكان.

زۆرترین بینراو