پەیامی سەرکەوتن و سوپاسنامە

پەیامی سەرکەوتن و سوپاسنامە

بەناوی خوای گەورە و دلۆڤان
 کەس و کاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان، بەرپرس و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری لقی ١٠، فەرماندە و پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و تەواوی ھێزە ئەمنییەکان، کەسایەتییە حکومی و حزبییەکان، دەزگاکانی راگەیاندن و ھاوڕێ و ھاوکارانی سۆشیال میدیا. دۆستان و خزمان لە ھەر شوێنێك بن، زۆر سوپاستان دەکەم و ئەم سەرکەوتنە گەورەیەتان لێ پیرۆز دەکەم. کە ڕەنجی ھەوڵ و ماندووبوونی ھەمووانە. 
ئازیزان، خۆشبەختانە  لە ١٠ی تشرینی یەکەم، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرکەوتوویی و لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەچوو، لەم ھەڵبژاردنەشدا پارتی دیموکراتی کوردستان وەك ھێزێکی کاریگەر و خاوەن مێژوو و خەبات و رابردووییەکی پڕشنگدار و پڕ لە سەرەوەری سەرکەوتنی گەورەی بەدەستھێنا و توانی لە ئاست چاوەڕوانییەکاندابێت و ئەمجارەش بەڕابەرایەتی جەنابی سەرۆك بارزانی ببێتەوە حزبی یەکەم و بە سیاسەتی حەکیمانە و خەمخۆرانەی خۆی لە گۆڕەپانی سیاسیدا سەنگ و قورسایی پارتی بپارێزێت و بەردەوام ببێتە جێگەی ھیوای و ئومێدی خەڵکی کوردستان و لە ئاستی نێودەوڵەتیش پێگەی خۆی بەھێزتر بکات.
نھێنی سەرکەوتنی پارتی  ھەمیشە لەوەدایە کە بە رۆحیەتێکی بەرپرسیاریەتیانە کار بۆ سەرکەوتن و پاراستنی دەسکەوتەکان دەکات. بۆیە  ھەر لەم سۆنگەیەوە ڕۆلی کارای رێزدار نێچیرڤان بارزانی و ڕێزدار مەسرور بارزانی بەرز دەنرخێنین لە سەرخستنی پرۆسەی ھەڵبژاردن و تۆمارکردنی ئەم سەرکەوتنە مەزنە بۆ ھەمووان . 
لە ھەمان کاتدا  ڕۆلی بەرێز کاك سیداد بارزانی بەرز دەنرخێنین لە سەرخستنی پرۆسەی ھەڵبژاردن لە بازنەی یەك، کە وەك ھەمیشە بە پلانێکی تۆکمە و سەرکەوتوو ئەم دەسکەوتە مەزنەی تۆمارکرد.  
بەرێزان، من وەك کاندیدی بازنەی یەك لە سنووری پارێزگای ھەولێر بە ژمارە ٢٣ بە پشتیوانی و پشتگیری پارتی دیموکراتی کوردستان و ئێوەی خۆشەویست، توانیم ئەو شانازییەم پێ ببڕێت و ببم بە جێگەی متمانەی جەماوەری پارتیمان. بۆ ئەوەی یەکێک بم لەو نوێنەرانەی کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڵێنمداوە وەك دڵسۆزێکی خاك و نیشتمانەکەمان بەرگری لە مافەڕەوا و دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەم. 
 خۆشەویستان، وەک چۆن لەکاتی ھەڵمەتەکانی بانگەشەدا بەڵێنمان پێداون بەھیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافە یاسایی و دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان ناکەین و لەگەڵ ھاوڕێکانم دەبینە نوێنەری سەرجەم چین و توێژەکان و وەک قوتابییەکی رێبازی پیرۆزی بارزانی دەمێنینەوە و لە ژێر رێنوێنی و فەرمانی جەنابی سەرۆک بارزانی خزمەتی خەڵك و خاك و نیشتمانەکەمان دەکەین.
 سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیتان دەکەم

جوان عەبدوڵڵا
كاندیدی براوەی پارتی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

بابەتى پەیوەندیدار جۆراوجۆر

زۆرترین بینراو