پەیوەندیی هاوسەرگیری دروست و سەركەوتوو چییە؟

نووسینی : Afarinrajaei theraphy
وەرگێرانی :شیتاڵ عەبدولعەزیز جەمیل
نزیكەی ٤٠ تا ٥٠ ساڵ لەمەوبەر، باوەڕ وابوو كە پێوەری پەیوەندیی سەركەوتوو، شەڕكردنی كەمتر لە نیوان هەردوو لا یاخود لێكچوونی زیاتر بێت. بەڵام لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا دەروونناسان، سایكۆتراپیستەكان و لێكولەران بەم جۆرە بیر ناكەنەوە. بەپێی لێكۆلینەوەكانی «دكتۆر جانسۆن»گرنگترین و پێویستترین پێوەری پەیوەندیی دروست، (Emotional responsiveness) وڵامدانەوەی سۆزداریە؛ بەو ماناییەی كە ئێوە دڵنیا و پشتڕاست بن لە هەبوونی پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ خۆشەویستەكەتاندا، كە دەبێتە هۆی ئەوەی كاتێك لەگەڵ یەكتردا دەكەونە شەركردن و خاڵی جیاواز و ناكۆكی زۆرتان لەنێواندا هەیە، بەڵام لەوە دڵنیان كە دوبارە دەگەرێنەوە لای یەكتر، بە مانایەكی تر ئەم پەیوەندییە سۆزداریە ( Emotional connection )دڵنیاتان دەكاتەوە لەوەی كە ئێوە هەر كاتێك پێویست بیت، دەتوانن پەێوەندی بە خۆشەویستەكەتانەوە بكەن و لێ نزیك ببنەوە. ئەمە حاڵەتێكە كە لە دەرونناسیدا پێ دەوترێت «secure attachment» (هۆگربوونی دڵنیا یاخود بێترس). بۆ نمونە؛ كاتێك ئێوە هەست دەكەن كە گرنگن بەلای خۆشەویستەكەتانەوە و هەڵبژاردەی یەكەمی ئەون، ھەروەھا كەسێكی تایبەتن لە ژیانی ئەودا و گەر پێویستتان پێ بێت دەتوانن پەیوەندیی پێوە بكەن و ئەو شانازی بە ئێوەوە دەكات...
بە م شێوەیە ئەم هەستەتان لەلا دروست دەبێت كە ئەو لە لایەنی سۆزداریەوە بە تەواوەتی و هەنگاو بە هەنگاو لە گەڵتاندایە و پەیوەندیەكی سۆزداری بەهێز لە نێوانتاندا هەیە.
جێگای سەرنجە گەر بێت و ئێوە لە پەیوەندییەكەتاندا ئەم هەستە سۆزداریە بەهێزەتان هەبێت، دەتوانن بەرگەی زۆر شتی تر لە پەیوەندیدا بگرن: لێكۆلینەوەكان پێشانی دەدەن ئەو هاوسەرانەی «هۆگربوونی دڵنیا یاخود بێترسیان هەیە» لەگەڵ ئەزموونەكانی وەك: شەڕ، نەخۆشییە جۆراوجۆرەكاندا زۆر بە باشی سازشیان دەبێت. تەنانەت «هۆگربوونی دڵنیا یاخود بێترس» پەیوەندیی ئەرێنیی بە تەندروستیشەوە ھەیە، ئەو كەسانەی توانای وەڵامدانەوەی سۆزداری باشتریان هەیە، كەمتر تووشی نەخۆشییەكانی دڵ دەبن...
هەبوونی هەستی دڵنەوایی و ئارامی لە پەیوەندیدا، زیاتر یارمەتیدەرتان دەبێت تا پشتبەستووتر بن بە خۆتان، دید و ڕوانینتان بۆ جیهان جوانتر دەبێت و فرەتر هەست بە ئاسایشی دەروونی دەكەن. هەروەها دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ئەو دڵەراوكێیانەی كە بە درێژایی ڕۆژ تووشیان دەبن و بگرە موژدەی تەندروستی و دەرووندروستیی باشتریشتان پێ دەدات.
ئەمەیە پەرجووی عیشق؛ پەرجووی پەیوەندییەكی باش، هەواڵی باشتر ئەوەیە كە ئێمە نەك تەنیا ئەمانە دەزانین، بەڵكوو دەزانین «هۆگربوونی دڵنیا یاخود بێترس» چۆن ڕوودەدات و دروست دەبێت
ئەگەر هەست دەكەن كە دەبێت كار لەسەر پەیوەندییەكەتان بكەن، ئەوا پەلە بكەن و بۆ ساتێكیش دوای مەخەن، سود لە هەر سەرچاوەیەك وەرگرن، كتێبێكی باش، وتارێكی بەسود، پۆستێكی جیاواز لە جیهانی مەجازی، ئەزموونی هاوڕێیەك كە لێی دڵنیان، یاخود دەروونناسێكی باش.
دەست پێبكەن، لەبەر ئەوەی جیهان پێویستیی بە ئێمە و پەیوەندیی باشتر هەیە.

زۆرترین بینراو