چارەنووسی عێڕاق بەرەو كوێ

نەجات یوسف كاولۆكەیی

ئەگەر چاوێك بەمێژووی عێراق بخشێنینەوە ئەوەمان بۆ دەر دەكەوێت هەر لە سەرەتای درووستبوونی ئەم وڵاتە هەر لە سەردەمی مەلیكەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ هەموو سەركردە دیكتاتۆرە یەك لە دوای یەكەكان ئەوانەی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیان گرتۆتە دەست هەموویان. بەكودەتای سەربازی هاتوونەتە سەر حوكم ، ئەوەی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو لە عێراق روویدا ئەمەش كوودەتایەكی سپی بوو بەسەر عادل عەبدوڵمەهدی كرا. هەر لە دوای روخانی رژێمی پێشوو عێراق بووە گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئێران و ئەمەریكا ئێستا نێوماڵی شیعە دابەشی دوو جەمسەر بووە، لایەنگیری ئێران و لایەنگیری ئەمریكا، هەر چی شیعەی سەربە ئێرانە هەوڵ دەدات هەژموونی ئەمریكا لە عێراق نەهێڵێت و بەردەوام هەوڵی نانەوەی ئاژاوە دەدات و دەیەوێت بەردەوام عێراق ناسەقامگیر بێت.
هەرچی لایەنی ئەمریكایە خۆی بە دۆستی واشنتۆن دەزانێت هەوڵی ئەوە دەدات هەژموونی ئێران لە عێراق نەمێنێت.
خۆپیشاندانەكانی عێراق سەلماندیان كە چیتر شەقامی عێراقی نایەوێت ئێران لە عێراق وجوودی هەبێت، ئەوەی زیاتر پاڵپشتی خۆپیشاندان دەكات موقتەدا سەدرە كە ئەویش لەلایەن وڵاتانی كەنداو یارمەتی دەدرێت، چونكە بەدرێژایی مێژوو هەریەك لەسعوودیەو ئیماڕات و بەحرەین و كوێت ئەمانە دوژمنایەتییەكی كۆنیان لەگەڵ عێراق هەیەو نایانەوێت ئەو وڵاتە خۆشی بەخۆیەوە ببینێت.
لەكاتی دەست بەكاربوونی عادل عەبدوڵمەهدی وەك سەرۆك وەزیران زۆربەی بەرژەوەندییەكانی ئێرانی لە عێراق جێبەجێ دەكرد، هەر ئەمەش وایكرد ئەمەریكا دەستی لە دوورخستنەوەی عادل عەبدوڵمەهدی دا هەبێت. ئێستا لە عێراق حكوومەتێكی كاربەڕێكەر بەڕێوە دەچێت، خۆپیشاندانەكان بەردەوامیان هەیە، جەماوەرەكەش داوا دەكات ستافی حكوومەت دەست لەكار بكێشێتەوە، حكوومەتی ئەمەریكا دەیەوێت كەسێكی شیاو دیاری بكات بۆ شوێن گرەوەی عادل عەبدوڵمەهدی كەسێك بێت نزیك لە ئەمەریكا و دوور بێت لە ئێران، واتە هەر بڕیارێك لە واشنتۆن دەربچێت لەبەغدا جێبەجێ بكرێت.
ئێستا عێراق كەوتۆتە ناو قەیرانێكی گەورە ئەوەی لە دوای عادل عەبدولمەهدی دێت ناتوانێت باروودۆخی عێراق چارەسەر بكات، ئەمریكا هەوڵی ئەوەشی داوە ئەگەر عیراق هەر بەم شێوەیە بەردەوام، بێت ئەوە بە دوور نازاندرێت ئەمریكا سیستەمی عێراق بكاتە نیزامێكی عەسكەری.

 

زۆرترین بینراو