چی بكەین بۆ كەمكردنەوەی تاوان و كوشتن لە كۆمەڵگەدا

رەنجدەر نوری - توێژەری كۆمەڵایەتی

سەرەتا پەیوەستبوونی تاوان و كۆمەڵگە پەیوەستێكی سروشتییە، واتە لەهەر كاتێك ئەگەر ژیانێكی كۆمەڵایەتی بوونی هەبێت، تەنانەت ئەگەر ژیانێكی سادە و ساكار بێت تاوانی تێدا روودەدات. بۆ نموونە دەست درێژی كردنی كەسێك بۆ سەر كەسێكی دیكە، یا هێرش كردنە سەر ماڵ و موڵكی یەكتری، یا شەڕی برا و خوشك لەگەڵ یەكتر لەسەر میرات كە نزیكترین كەسی یەكترن، یا هەر شتێكیتر كە دەروونی هەر یەكێكیان بورژێنێت بۆ تاوان، مەبەستی ئێمە لێرەدا ئەوەیە سەرنج بدەینە زۆر بوونی ئەو تاوانانەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەكرێن. چۆن بتوانین بەری لێبگرین و كەمی بكەینەوە؟ چونكە تاوان یەكێكە لەم راستییە كۆمەڵایەتیانەی لە دێرزەمانەوە لكاوە بە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، مرۆڤەكان بە درێژایی ژیانیان بە دەستیەوە دەناڵێنن، بەڵام لە راستیدا تاوان شتێكی رەها نییە پەیوەست بێ بە كردارێكی جێگیر و سیفەتێكی دیاری كراوی هەبێت، بەڵكو شتێكی رێژەییە زۆر هۆكار هەیە بەری لێ بگرین و كەم بكرێتەوە هەر لە بەندكردن و سنووردانان بۆی، هەروەها ئەگەر سەرنج بدەینە مێژووی مرۆڤایەتی تاوان لە هەندێك كات و سەردەم جیاوازی هەبووە، لە هەندێك كات و سەردەم مرۆڤ هەندێك كاری ئەنجام داوە بە تاوان دانەنراوە، بەڵام رۆژ لە دوای رۆژ جۆری تاوان و سزاكان گۆڕانكاری بەسەر هاتووە، تەنانەت تاوان لەم چەرخە نوێیەی ئێستاماندا واتای جیاوازە لە كۆمەڵگەیەك بۆ كۆمەڵگەیەكی تر، بەهۆی جیاوازی لە رووی كلتوور و شارستانییەت و رەگەزەكانیانەوە، بەڵام گرنگە بۆ ئێمە سەرنج بدەینە كۆمەڵگەی خۆمان و هەوڵی هۆشیار كردنەوەی هاونیشتمانیامان بدەین بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی كۆمەڵگە بكەین بۆ ئەمجام نەدانی تاوان، كەسی تاوانباریش بە سزای خۆی بگات و مەترسی لە سەر كۆمەڵگە كەم بكرێتەوە، هەندێك هۆكار هەن كاریگەری لەسەر هاونیشتمانیان دروستكردووە كە هانیان دەدات بۆ لادان و تاوان، ئەمانەش پێویستە سنووریان بۆ دابندرێ، بۆ نموونە بۆ كۆمەڵێ كەناڵی لۆكاڵی كە هەندێك زنجیرە درامای دۆبلاژ كراو تێدا پەخش دەكرێت، لەگەڵ كلتوور و داب و نەریتی كۆمەڵگەی كوردی ناگونجێت، چونكە نابێت ئێمە ئەوە بسەپێنین كە هەموو شتێكی رۆژئاوا سوودی هەبێت بۆ ئێمە مانان، بۆیە پەخشكردنی هەندێك دراما و زنجیرەی تەلەفزیۆنی هۆكارن بۆ زۆربوونی تاوان، لەبەر ئەوەی تاكەكان تووشی لادان دەكات، دواتریش تاوان ئەنجام دەدەن، بۆیە ئەگەر سنوورێك بۆ ئەم كەناڵانە دابندرێت ئەوە دەوڵەت و دەزگا ئەمنییەكان ئەركیان ئاسانتر دەبێت بۆ كەمكردنەوەی تاوان، یا هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی هەندێك وتاری ئاینی توندڕەو بدرێت، چونكە هەندێك جار بە ناوی ئایینەكانەوە تاك دەوروژێنن بەرەوتوند و تیژیان دەبەن بە پێچەوانەی ئەمەش هەندێك مامۆستایای ئاینی بەرێز هەن وتارەكانیان زۆر رێك و پێك و لەسەرە خۆن كۆمەڵگە بەرەو هۆشیار بوونەوە دەبەن و رێگای راستیان پێشان دەدەن، واتە ئەوانەی توند و تیژن رێژەیان كەمە، بەڵام كاریگەرییان دەبێت لە رێگای سۆشیال میدیا و ڤیدیۆكانیان لە یۆتووبەوە، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەمەش پێویستمان بە پۆلیسی ئەنتەرنێتە كە لە سەردەمی ئێستا لە زۆربەی وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهان بوونی هەیە هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئەو پەیچ و ئەكاونتانە دەدەن كە تاك بەرەو تاوان و لادان دەبەن، هەندێك جار ئەوەی تێبینی دەكرێت لە راگەیاندنەوە هەندێك تاوان ئەنجام دەدرێت بەر لە دەزگا ئەمنییەكان دەیورژێنن و بلاوی دەكەنەوە، بەڕاستی ئەوەش دەبێت هەڵوەستەی لەسەر بكرێت لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە رێگری لەم كارە بكەن و خۆیان شیكردنەوەی بارودۆخەكە بكەن، نەوەك دەزگایەكی راگەیاندن شیكردنەوە بۆ تاوانەكە بكات، لە كۆتایدا ناتوانین لەم وتارە هەموو هۆكارەكان باس بكەین، بەڵام دەتوانین هەر یەكێك لە ئێمە و رێكخراوە ناحكومییەكان لە رێگای پەیامەكانیان تاك هۆشیار بكەنەوە بۆ ئەوەی لە لادان و تاوان دووربكەونەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئامارەكانی تاوان بە رێك و پێكی بڵاوبكرێتەوە بۆ ئەوەی هۆكارەكان و كاریگەرییەكانیان بەدیار بكەوێت كە لە پشت تاوانەكەن، ئاماری تاوان سوودی لەوە دایە هەم لەلایەن زانستی سوودی دەبێت هەم لە پراكتیكی و زاراوەیی لە هەمانكاتدا سوودی لێوەردەگیرێ بۆ بەراورد كارییەكان، بۆیە بوونی تاوان تەنیا سلبیاتی بۆ تاكێك و لایەنێك نییە، بەڵكو تەواوی كۆمەڵگە دەگرێتەوە بەشێكی زۆری مرۆڤەكان رقیان لەتاوانە، بەڵام بەداخەوە تاوانبارانیان خۆشدەوێ، بۆیە پێویستە لە سەرهەموو تاكێك هاوكار بێت بۆ حكومەت و لایەنەپەیوەندیدارەكان بۆ ئەو ئارامییەی ئێستا هەیە لە هەرێمی كوردستان لە دەستی نەدەین و بەرەو پێشی ببەین.

 

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو