چەند پارچە زەویێك لە سۆران گرفت دەنێنەوە

چەند پارچە زەویێك لە سۆران گرفت دەنێنەوە

بەرەڤان شاكر سلێمان لاچ- سۆران: دوای راپەڕین ژمارەیەكی زۆری خەڵكی ناوچە جیاوازەكانی كوردستان روویان لە سۆران كرد، ئەمەش وایكرد سنوری قەزای سۆران فراوانبێت، هەڵبەت ئەم فراوانبوونەش بە شێوازێكی داڕێژراو نەبووە، بەڵكو هەر كەسەو ناوچە و شوێنێكی دەكردە خانوو، ئەم فراوانبوونەی سۆران بە بێ هەبوونی و پلانی داڕشتنی خزمەتگوزاری و رێكخستنی شار، وایكردووە تا ئێستاش بەشێكی زەوی و موڵكی هاوڵاتییان كێشەیان لەسەرە.
هاووڵاتییان گلەیی ئەوە دەكەن كەوا شارەوانی سۆران نەیتوانیوە تا ئێستا كێشەی بەشێك لە زەوی و موڵكی خەڵكی ناوچەكە یەكلایی بكاتەوە، هەروەها دەشڵێن شوێن هەبووە كەوا شارەوانی لە نەخشەی خۆیدا بە سەوزایی دیاری كردووە، دوای ماوەیەك خاوەن پارچە زەویەكان چەند پارچە زەوییەكی تریان دراوەتێ لە بەرامبەر ئەو ناوچە سەوزاییە، بەڵام دواتر هەر هەمان پارچە زەوی كراوەتەوە بە سەكەنی و ئێستا خانوو و بینایی لەسەری دروست كراوە.
رەمەزان مستەفا دانیشتویێكی گەڕەكی هەرێمی شاری سۆرانە و دەڵێت: من و چەند خزمێكمان لە ساڵی (1999)وە پارچە زەوییەكمان لە دانیشتویێكی گوندی گوان كڕی لە گەڕەكی هەرێم، دوای ماوەیەك داوامانكرد كەوا ئەو پارچە زەوییەمان بۆ بكرێن بە تاپۆ، شارەوانی لەكاتی داڕشتنی نەخشەدا چەند شوێنێكی دیاریكرد بۆ بنكەی تەندروستی و قوتابخانەو باخچەی ساوایان و چەند پڕۆژەیەكی تر، چەند پارچە زەوییەكی تریان وەك قەرەبوو لە جوندیان و چەند شوێنێكی تر بۆ ئێمە دیاریكرد، بەڵام زۆری نەكێشا ئەو شوێنانەی بۆ قوتابخانە و بنكەی تەندروستی و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی تر دیاریكرابوون، دواتر فرۆشران و ئێستا كراون بەخانوو.
بەپێی ئەو بەدواداچوونەی زاری كرمانجی كردوویەتی چەند حالەتێكی تر لە سۆران هەنە لەوانە، هاووڵاتییەك ماوەی دوانزدە ساڵە، پارچەیەكی زەوی بە ناوی خۆی تاپۆ كردووە، كەچی پارچە زەوییەكەی ئەو هاووڵاتییە لە نەخشەدا كراوە بەشەقام بۆ چەند خانویێكی بێ ژمارە و تاپۆ.
هاووڵاتییەك كەوا نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت و دەڵێت" من بەر لە پانزدە ساڵ پارچەزەوییەكم لە گەڕەكی مەتار كڕیووە، شارەوانی دەڵێت" ئەو شوێنە سەوزاییە، كەچی دراوسێیكی زەویەكەم حەوت خانووی دروستكردووە، من نازانم بۆچی بۆ من سەوزاییە كەچی بۆ ئەو سەكەنییەو خانووی لەسەر زەویەكەی دروستكردووە."
ئەو هاووڵاتییە زیاتر دەشلێت: من بە دەست شارەوانییەوە گیرم خواردووە، شارەوانی دەڵێت بڕۆ قائیمەقام با چارەسەرێكتان بۆ بكات، لەوێش دنێردرێمەوە شارەوانی، ئەمە نزیكەی 10 ساڵ زیاترە ئەم بەرو ئەو بەرم پێدەكەن، جارێكیان فەرمانبەرێكی شارەوانی پێی گووتم، نیوەی زەوییەكەی خۆتم بدەرێ من بۆت دەكەمەوە بە سەكەنی.
هاونیشتیمانەیەكی تریش باسی لە كێشەی خۆی كردووە و گووتی: پارچە زەویێكم هەیە، ماوەیەك بەر لە ئێستا هاتم بۆ ئەوەی تاپۆی بكەم، بەڵام دوای ئەوە پێیان گووتم كەوا نەخشەی ناوچەكە گۆڕاوە، ئێستا درێژی پارچە زەوی بەرامبەری منیان كردووە بە30 مەتر، ئەمە لە كاتێكدایە ئەو شوێنە لە نەخشەی كۆندا شوێنی بنكەی تەندروستی بوو و چەند ساڵێك بەر لە ئێستا داگیریان كرد و كردیان بە خانوو، كە لە بەرپرسانی شارەوانیش دەپرسم بۆ ئەو نەخشەیە وای لێهاتووە؟ دەڵێن ئێمەش نازانین بۆچی ئەو زەوییە ئەوەندە درێژكراوەتەوە، ئێستاش كە دەگووترێت شەقامەكە قیرتاو دەكرێت شارەوانی شەقامەكەی گواستوتەوە بۆ ناو زەوی من، ئەمەش لە كاتێكدایە كەوا ئەو شەقامە دەكەوێتە بەشی دواوەیی زەوییەكەم و هیچ پەیوەندییەكی بە منەوە نییە.
چەندە دەپرسم كێ ئەم نەخشەیەی بەو جۆرە داناوە كەس وەڵامم ناداتەوە.
هاووڵاتیێكی تریش نەیویست ناوی ئەو ئاشكرا بكرێت ئاماژەی بەوەكرد" ساڵانێكی زۆرە كارو پیشەی ئەو بۆەتە شارەوانی، ئەوە چەندین سەرۆك شارەوانی بگۆڕن، بەلام كێشەی ئەو لەگەڵ شارەوانی هەر چارەسەر نەكراوە، بەڵام كێشە سەرۆك شارەوانی نییە، بەڵكۆ ئەندازیار و فەرمانبەری وا لە شارەوانی سۆران هەیە ئەوە چەندین سەرۆك شارەوانییە دێن ئەو فەرمانبەرانە كاریان ئەوەیە كەوا سەرۆك شارەوانی گەندەڵ بكەن، توانیویانە چەندین پارچە زەوی بۆ خۆی و كەسانی تر داگیربكەن و دواتر لەسەر ناوی كەسانی تر تاپۆیان دەكەن، ئەگەر زانییان پارچە زەویێك هی كەسێكە و ئەوان دەستەڵاتیان بەسەردا دەشكێتەوە، ئەوا پێی دەڵێن ئەوێ سەوزاییەو ناكرێتە خانوو، دواتر ئەوەندە ئەم لاو ئەولای پێدەكەن تا رازی دەكەن كەوا لە شوێنێكی دوور قەرەبوو وەربگرێت، دواتر ئەو زەوییە دەكەنەوە بەسەكەنی و بۆ خۆیان یان بۆ كەسێكی نزیكی خۆیان دادەنێن.
ئەندازیار ئەمیر فاخر سەرۆكی شارەوانی سۆران دەڵێت: كێشەی ئێمە وەك شارەوانی ئەوەیە كەوا تا ئێستا نەخشەیەكی تەواو و دیاریكراو لە سۆران نییە، هەموو نەخشەكان گۆڕانكارییان تێدا كراوە، پێشتر ناڕۆنی هەبوو لە دەستكاریكردنی نەخشەكان و ئەوەندە دەستكارییان كردووە، كە ئێستا نەخشەكان زۆر ئاڵۆز بوون، رۆژانە كێشەی زەوی و موڵك دێنە سەرۆكایەتی شارەوانی.
بەڵام لە ئێستادا هەوڵمان داوە كەوا زیادەرەوییەكان نەهێڵین، ئەمەش بۆ ئەوەیە كەوا ماوەی ساڵێكە ئێمە خەریكی ئەوەین كەوا نەخشەی شاری سۆران رێكبخەینەوە، سۆران ببێتە خاوەنی نەخشەیەكی دیاریكراو و جێگیر بۆ ئەوەی چیتر ئەم كێشانە دروست نەبن، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵی جدیمان داوە بۆ ئەوەی نەخشەكە بە زووترین كات تەواو بێت و مافی هاووڵاتییان نەخورێت، لەو ماوەیەشدا سەرەڕای ئاستەنگەكان بەلڵام لە كۆی 37 نەخشە، ئێمە توانیومانە نەخشەی دوو گەڕەكی سۆران رێكبخەینەوە.
سەبارەت بەوەی فەرمانبەر هەیە كەوا داوای لە هاوولڵاتییان كردوە بەشێك لە زەوییەكەی پێ بدات و ئەویش كێشەی زەویەكەی بۆ چارەسەر بكات.
سەرۆكی شارەوانی سۆران گووتی: ئاگاداربووین لەوەی پێشتر چەندین حالەتی وا هەبووە، بەڵام دوای دەستبەكاربوونمان بڕیارمان داوە هەر فەرمانبەرێك بەرتیل وەربگرێت، ئەوا من خۆم دەیدەم بە دادگا، بۆیە لە ئێستادا چاودێری زۆرمان خستۆتە سەر فەرمانبەرانمان بۆ ئەوەی ئەو دیاردەیەی بەرتیل و گەندەڵی بنبڕ بكەین و نەهێڵین چیتر مافی خەڵكی شاری سۆران بخورێت.

زۆرترین بینراو