ڕاگه‌یه‌نراوی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركردایه‌تیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان

ڕاگه‌یه‌نراوی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركردایه‌تیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان

به‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركرده‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه سه‌ره‌كییه‌كان، به‌ به‌شداریی شاندی دانوستانكاری هه‌رێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتووی حكوومه‌تی فیدرالی عێراق، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام درا.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ خستنه‌ڕووی ده‌ره‌نجامه‌كانی سه‌ردانی شاندی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان بۆ به‌غدا و گفتوگۆ و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌كان و به‌ڕێز محه‌مه‌د عه‌للاوی، ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتوو.

دوای گفتوگۆ و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌نجامی سه‌ردانی شانده‌كه‌، له‌ ڕوانگه‌ی په‌رۆشی بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ دۆخی ئێستای عێراق و به‌شدارییه‌كی كارا له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، كۆبوونه‌وه‌ گه‌یشته‌ ئه‌م ده‌ره‌نجامانه‌ی خواره‌وه‌:

1- كار بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تێك ده‌كه‌ین كه‌ توانای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ئێستای عێراقی هه‌بێت و كاری جددی بۆ گێڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ عێراق و ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بكات و جێگه‌ی بڕوا و متمانه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراق بێت.

2- ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی تا ئێستا له‌لایه‌ن به‌ڕێز عه‌ڵلاوییه‌وه‌ نراون بۆ زۆرێك له لایه‌ن و پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراق جێگه‌ی دڵنیایی و متمانه‌ نین، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ین كه‌ پێویسته‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ شێوازی كار و به‌رنامه‌كه‌یدا بكرێته‌وه‌ به‌ جۆرێك كه‌ حكوومه‌تی ئاینده‌ داخوازیی هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق، بهێنێته‌ دی.

3- داكۆكی و پێداگری له‌سه‌ر پاراستنی قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌رجه‌م مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌‌، پێكهاته‌كانی كوردستان و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نها لایه‌نی شه‌رعیی بڕیارده‌رن له‌ ده‌ستنیشانكردنی نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌ حكوومه‌تی فیدرالی له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شیی ڕاسته‌قینه‌ی نیشتمانی و هاوسه‌نگی و سازان.

4- ئێستا عێراق ڕووبه‌ڕووی ته‌حه‌دیاتی گه‌وره‌ی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی بووه‌ته‌وه‌ و به‌ وه‌رچه‌رخانێكی مه‌ترسیداری مێژووییدا تێده‌په‌ڕێت، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ین كه‌ پێویسته‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی عێراق له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و بگه‌نه‌ بڕیارێكی یه‌كگرتووی نیشتمانی.

5- له‌پێناو هێنادی ئه‌م ئامانجانه‌دا، شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ی عێراق، له‌ گفتوگۆ و ڕاگۆڕینه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

زۆرترین بینراو