ژن و بێژەر و ژیان و ژەنگ و ژوان و هەندێ ژانی دیکە

نەجات ئەحمەد
لەم ساڵانەدا ژیان بەجۆرێک شێواوە، مرۆڤ بەدەستی خۆی خۆی دەکاتە کاڵایێکی هەرزان و خۆی هەرزانفرۆش دەکات. تۆ گەر حەوسەڵەت مابێ و بتوانی لێی بڕوانی، بەئاشکرا مرۆڤێکی پێگەیشتوو دەبینی لەسەر شاشەیەک، هاوار دەکات و دەڵێ:(من نرخم زۆر گرانە)! تۆ وادەزانی ئەو باس لە کەسایەتی و مرۆڤبوون دەکات، بەڵام نا، ئەو مەبەستی لە نرخ، پارەیە! لەسەردەمانی زوودا ئەگەر ئاین و کۆمەڵگا نرخیان لەسەر مرۆڤ دانابێ، بە کردەوەیەکی قێزەون و ناشیرین تەماشاکراوە. بەڵام ئەمڕۆ مرۆڤەکان خۆیان نرخ بۆخۆیان دادەنێن و شانازیشی پێوە دەکەن.

مرۆڤی ئەم سەردەمە دووچاری نەخۆشی "ناوبانگ" بووە. لەپێناوی ناوبانگدا ئامادەیە لەهەموو زەلکاوێکدا مەلە بکات. تەنها لەبەرخاتری ئەوەی جارێک لە ماڵپەڕێک یان لە لاپەڕەیەکی بێخاوەن یاخود لە کەناڵێکی ئاسمانی بێسەروبەر ناوی بهێنرێ و بکرێ بە بنێشتەخۆشەی ئەم هەفتەیە، ئامادەیە باسی شێوازی چوونە توالێتی خۆی بکات و ئەوەش دەخاتەڕوو کە چۆن و چەند جار و بە چ نرخێک تکای ئامادەبوونی لێکراوە لە شەوێکی سووردا! زۆریش بەلایەوە ئاساییە لەڤیدیۆیێکدا روخساری خۆی بخاتە سەر جەستەی ژنەلەشفرۆشێک و دواتر بڵێ:(ناحەزم زۆرە، ڤیدیۆیان بۆ درووستکردووم!)
هەموو ئەمانە، تەنها لەپێناوی ئەوەی ببێتە سەرباسی رۆژی ئەم گۆڕەبانە بۆگەنەی کە دەستکردی خۆیانە.
نەخۆشی حەزی بەناوبانگبوون و ژیان لە پێناو مادەدا هیچ تام و بۆنێکی لە ژیان و لە مرۆڤدا نەهێشتۆتەوە. بەجۆرێک مرۆڤی ئەم چەرخە تامی پلاستیک و سلیکۆن و تەنەکەی ژەنگاوی دەدات و بۆنی زێراب لە کەللەیەوە دەرەچێ. تۆ بچۆ لە ئێوارەیەکی درەنگوەختدا و لەژوانێکی بچوکدا ماچێکی دڵدارەکەت بکە، بزانە لە تام و بۆنی نایلۆنێکی سارد زیاتر هەست بەهیچی تر دەکەی!؟
مرۆڤی مۆدێرن، بەگشتی مرۆڤێکی سەرلێشێواوە. شەو و ڕۆژ وەستانی نییە و نازانێ خەریکی چییە. نازانێ ئەم کارەی دەیکات سودی هەیە یان زیان؟ هەر نازانێ چ کارەیە؟ پێی وایە لەهەموو بوارێکدا شارەزایە. لەبەر خاتری دوو دۆلاری زیاتر، دەست بۆ هەموو روناکییێک درێژ دەکات و بەدوای تەپەی پێی هەموو چرپەیەکەوە ڕادەکات. تۆ بڕوانە ئەم گەمە بێ سەر و بەرەی ژیان لێرە، ئەکتەرە،
گۆرانیبژە، موزیکژەنە.. لەپڕ دەیبینی ریکلام بۆ شامپۆ و برنج دەکات.
ئاوازی گۆرانیێکی بەکاردێنێ و وشەکانی دەگۆڕێ و بە بەژن و باڵای تایتێکدا هەڵدەدات.
خانەنشینە بەپلەی "وەزیر و عەمید" کەچی لەسەر شاشە هەواڵەکان دەخوێنێتەوە!
واتە مرۆڤی مۆدێرن ئەرکی خۆی بیرچۆتەوە، نازانێ خەریکی چییە؟ چیدەکات؟ بۆ وادەکات؟ دەیەوێ بەم کارەی چ پەیامێک بگەیەنێ؟ وەڵامی هیچ یەک لەم پرسیارانەی لا دەست ناکەوێ. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە، کێ زۆرترین پارەی دەست دەکەوێت،
کێ بەنرخترین شوقە و ئۆتۆمبێلی هەیە، کێ بەشداری زۆرترین ڕێکلامی کردووە، کێ زۆرترین سلیکۆن و لاستیک لە گیانیدایە، کێ زۆرترین بینەر لەخۆی کۆدەکاتەوە، ئەویان باشترینە.

لەناو ئەم دەشتە هەزاربەهەزارەی سۆشیال میدیادا بگەڕێ، چی دەبینی؟ هەمووی هەر لێو و سنگ و سمتی پڕ سیلکۆن و بۆتۆکس و نایلۆنە. بۆساتێک کۆنتڕۆلی تەلەفیزۆنەکەت بگرە دەست و بەدوای هەواڵێک یان سیاچەمانەیەک یاخود ئاوازێکی نەرمی "ماملێ"دا بگەڕێ. چیت بەرچاو دەکەوێت؟ لێوی ئاوساوی بێژەرەکان و قیژەقیژی مۆدێل و شاجوانەکان و شەڕە جنێوەکانیان و بەرنامەی سواو و دووبارە. هەمووی هەر باسی خواردندرووستکردن و ماکیاژ و کردنەوەی ئارایشگای فڵانە گۆرانیبێژ و جیابوونەوەی فڵان و فیسارە.
لەمە زیاتر چیترت دەستناکەوێ؟

ئەمە ئەو دەردە کوشندەیەیە کە جیهان بەگشتی و کۆمەڵگای ئێمە بەخەستی دووچاری بووە. بەجۆرێک کاریگەری بەسەر هەموو کون و قوژبنێکی کۆمەڵگاوە دەبینرێ. لەهەمووی مەترسیدارتر، پەروەردەیە. دایک و باوک خەریکە پەروەردەیان لەبیر دەچێتەوەو سەرلەنوێ دەبێ خۆیان پەروەردە بکرێنەوە! تەلەفیزۆن و تیکتۆک و سناپچات منداڵەکانیان بۆ پەروەردە دەکەن. سەرچاوەی پەروەردەی منداڵەکەنمان لە مۆبایلێکەوە کورت بۆتەوە کە پڕیەتی لە شتی پوچ و بێمانا و بابەتی وا کە بەجارێک ئەخلاق لە مرۆڤ دادەماڵن.
ئەمە ئەو خاڵەیە پێویستە بەڕژدی لێی بڕوانرێ و هەوڵی ڕزگارکردنی بدرێ. کۆمەڵگا وەک خانووێکی قوڕینی داڕزاوی لێهاتووە، ئەگەر ئەندازیارێکی شارەزا نەبێ فریای نەکەوێت و نۆژەن نەکرێتەوە، بەسەرخۆیدا دادەڕمێت و خاپور دەبێت.

بەڕاستی ویژدانی زیندوو لەدۆخێکی وادا و لەم جیهانەدا هەست بەغەریبی دەکات، بۆ ساتێک نیگات ڕاگرە، ئێستێک بکە، هەستەکەیت تۆ نامۆیت بەم ژیانە سارد و بێچێژەی ئێرە. وەک بڵێی ڕێبوارێکیت و بەهەڵە کەوتویتەتە ئەم ڕێگالێژە بێکۆتایە. هەستەکەی تۆ لێرە جێگات نابێتەوە، تەنیایت، زۆریش تەنیا، دەتەوێ بڕۆیت. بەڵام بۆ کوێ؟ ئایا شوێنێکی لێرە باشتر هەیە؟ بستەخاکێک چنگ دەکەوێ پارە چنگی ڕەشی خۆی بەسەردا نەگرتبێ؟ شوێنێک ماوە سەرمایەداری دەستی پێنەگەیشتبێ و وێرانی نەکردبێ؟ دڵێک ماوە پارە مەست و حەیرانی نەکردبێ؟
نا، نەماوە.
ئەوەی دەیبینین تەنها قەپێلکی مرۆڤێکە. مرۆڤێکی بەتاڵ لەهەرچی نەرمایی سۆز و ویژدانە.

زۆرترین بینراو