ژیاننامەی حوسێن ئەحمەد ئەفسەری كۆماری  مەهاباد

ژیاننامەی حوسێن ئەحمەد ئەفسەری كۆماری مەهاباد

محەممەد مەحموود- زاری كرمانجی- رواندز
خوێنەرانی بەرێز لەژمارەی ئەمجارەی هەفتەنامەی زاری كرمانجی ئاشنا تان دەكەین بەوێستگەكانی ژیان و خەباتی پێشمەرگەێكی كۆماری كوردستان كە تاكو دواساتەكانی تەمەنی لەخەبات و تێكۆشان نەوەستاوە لە پێناوی كوردستان حوسێن ئەحمەد محەممەد ناسراو بە حوسێن ماویلی وەزیاتریش بە حوسێن سورچی ناوی دەركردبوو لەناو دۆست و هەڤاڵانی ئەو یەكێك بووە لە پێشمەرگەكانی كۆماری كوردستان ، لەپێناو بەدەستهێنانی شەڕەفی پێشمەرگایەتی دێت لەرێگای ناسنانەمەكەیەوە تەمەنی خۆی خۆی گەورە دەكات بۆ ئەوەی وەك پێشمەرگە وەربگیرێت و دەست بەخەبات بكات ، چوونكە یەكەمجار لەبەر بچووكی تەمەنی وەك پێشمەرگە وەرنەگیراوە .
حوسێن ئەحمەد لە دایك بووی ساڵی (1926) ە ، لە ناوچەی سورچییایەتی چاوی بە دونیا هەڵێناوە بۆیەش زیاتر بەحوسێن سورچی ناوی دەركردوەو ،دواتر خانەوادەكەیان لە گوندی ماویلیانی سەر بە قەزای رواندز نشتەجێ دەبن، لەگەڵ خانەوادەكەی هەر لە وێ ژیانی هاوسەرگیری پێك دێنێ لە گەڵ خاتوو (ئایشە علی معروف )، مام حوسێن خاوەنی (10) منداڵە (4 كوڕ و 6 كچ) ، شایەنی ئاماژە پێكردنە هەر لە تەمەنی منداڵیەوە حەزو ئارەزووی هەیە بۆ هەڵگرتنی چەك بۆ ڕزگار كردنی كوردستان هەر لە تەمەنی (15) ساڵیەوە چەكی شەرەف لەگەڵ باوكی هەڵدەگرێ بەڵام ئەو كات لەبەر ئەوەی تەمەنی بچووك بووە یەكەم جار ڕێگەیان پێ نەداوە چەك هەڵبگرێ دواتر بۆ ئەوەی ڕێگەی پێ بدەن هەڵساوە بە گەورە كردنەوەی تەمەنی لەرێگای ناسنامەكەیەوە تەمەنی خۆی گەورە كردووە ، بۆ ئەوەی بەشداری لە شۆرشدا بكات، پاشان بەهاوبەشی لەگەڵ باوكی یاوەرایەتی بارزانی نەمر دەكەن بۆ كوردستانی ڕۆژهەڵات بەهۆی لێ هاتووی و زیرەكی و خوێندەواری ئەوكات پلەیان پێداوە ، دەبێتە یەكێك لە ئەفسەرانی كۆماری كوردستان لە مهاباد هەر لە مهاباد باوكی (ئەحمەد محەممەد) شەهید دەبێ لەوێ بەخاك دەسپێردرێت.
مام حوسێن پاش رووخانی كۆماری كوردستان دەگەڕێتەوە زێدی خۆیان لە گوندی ماویلیانی سەربەقەزای رواندز ، دوای هاتنەوەی بارزانی نەمر لە یەكێتی سۆڤیەت جارێكی تر مام حوسێن دەست دەكاتەوە بە خەباتی شاخ و شار لە گەڵ (وەهاب ئاغای جوندیان) كار دەكات بە شانەی نەهێنی لە ناو شار دواتر لەلایەن مەفرەزەیەكی ڕژێمی بەعس دەگیرێ لە حامیەی كاولۆكان بەند دەكرێت، دواتر بۆ زیندانەكانی كەركوك دەگوازرێتەوە و فەرمانی لە سێدارەدانی بۆی دەردەچێ، پاشان لەدەرفەتێكدا دیل بە دیل لە گەڵ ڕژێم دەگۆردرێتەوەو ئازاد دەكرێ ، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكانی سەركردایەتی شۆرش بڕیاری ئەوە دەدات حوسێن ئەحمەد ڕەوانەی وڵاتی ئیران بكات بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر بۆبرینەكانی ، پاش شەش مانگێك مانەوە بەنهێنی چارەسەر دەكرێت لە وڵاتی ئێران، دوای ئەوەی تەندروستی جێگیر دەبێ دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان دوای لێبووردنێكی ڕژێمی بەعس دەگەڕێتەوە زێدی خۆیان و لەوێ‌ نیشتەجێ‌ دەبێت ، مام حوسێن لە دوای چەندین جار دەربەدەری و ماڵ وێرانی و ژیانی ئاوارەیی ئەمجارەیان روودەكاتەوە شاری رواندز و لەوێ‌ نشتەجێ دەبێت ، ئەو ئەفسەری كۆماری مەهاباد زمانەكانی عەرەبی و فارسیشی زۆر بەباشی دەزانی لەرووی تێگەیشتن و قسە پێكردنەوە، مام حوسێن بۆخۆشی لەسەر وێنەكانی ئەوكاتی پێشمەرگایەتی بە دەستی خۆی رێكەوتی گرتنی وێنەكان لەسەر وێنەكانی دەنووسێت ، دواجار رێكەوتی 7-6-2019 لە شاری ڕواندز لە تەمەنی (93) ساڵی بەهۆی نەخۆشی و برینەكانی ئەوكاتی رۆژانی خەبات و پێشمەرگایەتی گیانی پاكی سپاردو لەگوندی ماویلیان بەخاك سپێردرا .

زۆرترین بینراو