ڤایرۆسی كرۆنا و بۆچونێكی زانستی

د. ساماڵ مانیی

ئەمەوێت ئەو بۆچوونە، گریمانە زانستییە لەسەر ڤایرۆسەكە ڕوون بكەمەوە كە لە بەریتانیا خراوەتە روو، گومانەكانیشی لەسەر دەرخەم.
ئێمە لە بەریتانیا، هێشتا لە جێبەجێكردنی پلەی یەكی ڕێنماییەكانداین سەبارەت بە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا – كۆڤید19، لەبەر ئەوەیە ڤایرۆسەكە درەنگتر گەیشتۆتە بەریتانیا، واتە لە دوای كوردستانەوەیەن لە پلەی رێنماییەكاندا، پلانی پلە دوو بەڕێوەیە بە سوود وەرگرتن لەو وڵاتانەی كە پێش ئێرە مامەڵەیان لەگەڵ خۆپارێزی و رێگرتن لە ڤایرۆسەكە كردووە و زانیاری تایبەت بە ڤایرۆسەكە دەگەیەنن.
بەڵام لە ئێستاوە پلانی پلە دووی خۆپارێزی دانراوە بریتییە لە زیادكردنی خۆپارێزییەكە، تا ئێستا داخستن و ڕاگرتنی بۆنە قەرەباڵغەكان و نەچوونە شوێنی قەرەباڵغی و دەستشتن بە سابون بۆ ماوەی 20 چركە و بەكارهێنانی دەمامك و دەستكیش، هتد. لە ڕێنمایی پلە دوودا، گرنگترینیان پارێزگاریی تایبەت بە ئەوانەی نەخۆشیی شەكرە و دڵ و سییەكانیان هەیە، هەروەهاش ئەوانەی تەمەنیان لەسەروو 70 حەفتا ساڵییەوەیە، ئەو تەمەنە بە فەرمی لە یەك دوو هەفتەی ئایندەدا داوایان لێدەكرێت كە خۆیان كوارەنتین بكەن و لەماڵەوە نەچنە دەرەوە بە هیچ جۆرێك. ڕێژەی بەتەمەن زۆرە لە بەریتانیا و ئەورۆپا و بەڵام هەمویان پارەدار نین و ناتوانن بە ئۆنلاین بازاڕ بكەن و بۆیان بیتە ماڵەوە، هەر ئەوەش یەكێك لە هۆكانی كەم بوونەوەی خواردنە لە سوپەرماركیتەكاندا، كڕین و خەزن كردنی ئەوەی پێویستە بۆ چەند مانگی داهاتوو لەبەر نەچوونە دەرەوەیان، هەروەهاش لە ئێستادا كارتی یارمەتیدانیان بۆ دەخرێتە ماڵەكانیانەوە، بۆ بازاڕ بۆ كردنیان وەكو یارمەتی گەر پێویست بكات.
یەكێكیتر لەو گریمانە و ئیحتیمالانەی سەبارەت بە كۆنترۆڵكردنی تەشەنەی ڤایرۆسەكە كە باس دەكرێت لەسەر ئاستی زانستی، ناوەرۆكەكەی بەم جۆرەیە: ئەگەر ماوەیەك بەسەر هەبوونی ڤایرۆسەكە تێپەڕبێت لەناو خەڵكدا، ئەوانەی كە دەیگرن و چاك دەبنەوە ئیتر لەشیان مەناعە(دژە ڤایرۆسەكە) دروست دەكات وخۆیان جارێكیتر نایگرنەوە. ئەگەر بێتو ڕاژەی ئەوانەی كە دەیگرن و چاكدەبنەوە بگاتە لە سەدا شەست 60% ی دانیشتوان یان 66% لەسەدا شەست و شەش(ئەو لەسەدا 66 یان دواتر ئیزافە كرد)، ئەوە مانای وایە ئەو ڕێژەیە لە دانیشتوان ئیتر توشی ڤایرۆسەكە نابنەوە و لەبەر ئەوەی توشی نابن ئیتر ئەو ڕێژەیە لە دانیشتوان هاووڵاتییان ڤایرۆسەكە نایگوێزنەوە بۆ ئەوانیتر. سەرەنجام: ئەوە دەگەیەنێت كە ڤایرۆسەكە كۆنترۆڵ دەكرێت و تەنها لە نێوان لەسەدا چل 40٪ ی دانیشتواندا ئیحتیمالی ئەوەی هەیە ڤایرۆسەكە بگوێزرێتەوە بەناو خۆیاندا.
بۆ كەمكردنەوەی ئەو لەسەدا چلە 40٪ ی كە موحتەمەلە ڤایرۆسەكە بگوێزنەوە لەناو یەكتریدا، بڕیاری ئەوە دراوە كە ئەوانەی نەخۆشیان هەیە خۆیان كوارەنتینە بكەن لە ماڵەوە، هەروەهاش ئەوانەی سەروو حەفتا ساڵین 70 نابێت لە ماڵەوە بێنە دەرەوە هەتا ڤایرۆسەكە كۆنترۆڵ دەكرێت، ئەمە لەبەر ئەوەی ئەگەر كەسێكی 70 ساڵان و سەرووتر یان كەسێكی كە نەخۆشی هەبێت توشی ڤایرۆسەكە ببێت ئیحتیمالی ئەوەی هەیە بە ڤایرۆسەكە یان لەبەر هۆی نەخۆشیەكەیتری و ڤایرۆسەكە پێكەوە، ببێتە هۆی ژیان لەدەستدانیان.

ئەوە بە كورتی بۆچونە/ گریمانە زانستییەكەیە كە خراوەتە ڕوو
لە ڕووی ژمارە و رێژەوە، قابیلی پەسەندكردنە لای هەندێك، بەڵام گومانی لەسەرە، هەم لە ڕووی تێڕوانینەكەوە و هەم لە ڕووی ئیشكردنی ئەو بیرۆكەیە. هەندێكی ئەو گومانانە دەخەمە ڕوو:

لەڕووی تێڕوانینەكەوە:
بە كورتی، تێڕوانینەكە بەوە وەردەگیرێت كە لەسەدا شەستی هاووڵاتییان دەكات بە مشكی موختەبەر/ تاقیگە و چاوەڕێی سەرەنجام دەكات، هانیان دەدات تووشی ڤایرۆسەكە بن بۆ ئەوەی مەناعەیان هەبێت لە داهاتوودا.
پەسەند كردنی بیرۆكەكە وادەكات خەڵێكی زۆر هانبدرێت بۆ خۆ كوشتن؛ لە ڕێی خۆ ئیهمال كردنەوە بچن بەرەو پیری مەرگەوە.
لە ڕووی ئیشكردنی ئەو بیرۆكەیەوە:
هیچ گەرەنتیەك نیە لەوەی هەركەس گرتی ئیتر جارێكیتر نایگرێتەوە، چونكە جۆرەكانیتری ڤایرۆس و لە هەمان خێزان وەكو فلو/ ئەنفلەوەنزا، یان هەڵامەتی قورس، بەلای كەمەوە هەمان كەس لە ژیانیدا چەندین جار دەیگرێتەوە.

هیچ گەرەنتیەك نیە لەوەی هیچ كام لەو ٦٠٪ یان ٦٦٪ دەی كە باسیان دەكرێت گەر توشی ڤایرۆسەكە ببن هەمویان چاكدەبنەوە. لەبەر ئەوەی كە تا ئێستا دەركەوتووە، كەسانی زۆر بە ڤایرۆسەكە مردوون كە هیچ كێشەی نەخۆشیتریان نەبووە، هەندێك گەنج بوون و نێر و مێ ی مرۆڤ ژیانیان لەدەستداوە بە ڤایرۆسەكە.

ئەم ڤایرۆسە گەرچی لە خێزانی كۆمەڵە ڤایرۆسێكە كە بە 'كرۆنا' ناوزەد كراوە بەڵام ڤایرۆسێكی نوێی ئەو تیپەیە وجگە لە خەسڵەتی هاوبەش، خەسڵەتی خۆی هەیە كە جیاوازە، ئەمە وادەكات بە تەواوی لەیەكچوو و هاوچەشنی ئەوانی پێشوتر وەرنەگیرێت و بەتایبەتمەندیەكەی خۆیەوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.
بە پێی زانیارەكان تا ئێستا وا دەردەكەوێت هەر كەسێك لەو 60% ، بۆ نموونە؛ ئەگەرنەخۆشیی شەكرە و دڵ و سی و هەندێك نەخۆشیتری هەبێت ڤایرۆسەكە لەوانەیە كۆتایی بە ژیانی بهێنیت، ئەمە جگە لەوانەی كە تەمەنیان لەسەرو حەفتا ساڵیەوەیە لەوانەیە بەرگەی ڤایرۆسەكە نەگرن.
لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە، پشت بەستن بە بیرۆكەكە وا دەكات پشتی لێ بكەنەوە، پەلە نەكرێت لە دۆزینەوەی هیچ ڤاكسین و دەرمانێك لەلایەك و لەلاكەیتریشەوە خەڵكی ڕێنمایەكان ئیهمال بكەن و ببێتە هۆی كارەسات، لەناوبردنی ڕێژەیەكی زۆر لە دانیشتوانی هەر ووڵاتێك.
بە ڕای من باشترین چارەسەر ئەوەیە كە تەنها پلان دانانی خۆپارێزی و ڕێگری لە تەشەنەكردن نەبێت بە مەبەستی هەتا هەتایی، ئەی دوای مانگ و دوو مانگ چی بكەین بەرامبەر بەو ڤایرۆسە؟ ئەوانە دوو پلانی سەرەتایی و ئیدارین و گرنگن و حكومەتەكان باش كار و هەوڵ بۆ جێبەجێكردنی دەكەن.
بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە هەر ئەوەیە كە ڤاكسین و دەرمانی چارەسەر بۆ ڤایرۆسەكە هەرچی زووترە دروستبكرێت، لە ڕاستیدا ئەوا بۆ سێ مانگ زیاترە ئەم ڤایرۆسە لە ئارادایە، دۆزینەوەی د
دەرمان زۆر دواكەوتوە، جێی ڕەخنە و سەرنجە لای زۆربەمان. حكومەتەكان زیاتر سەرقاڵی پلانە ئیداریەكانن بۆ خۆپارێزی و ڕێگری لە تەشەنەكردنەكەی، بەڵام زاناكانی كە لەسەر ڤایرۆسەكە ئیش دەكەن نە دەرس دەڵینەوە و نە هیچ، ئیشیتریان نیە و كاتیان بەتایبەت تەرخانكراوە بۆ ئەوەی دەرمانێك بدۆزنەوە بۆ ڤایرۆسەكە، لام سەیرە هێندە دواكەوتوون.
لە كۆتاییدا دەڵێم، هێشتا پێویستیمان بە زانیاری زیاتر هەیە سەبارەت بە ڤایرۆسەكە، پێم وایە هەر كەمی ئەو زانیاریانەشە كە بۆتە هۆی دواكەوتنی دروستكردنی دەرمانێك بۆ ڤایرۆسەكە. ئەوانەی كە پێیان وایە ئەو گریمانەی لە ٦٠٪ و ٦٦٪ كە ئیش دەكات لەبەر ئەوەی لە ڕووی لۆجیكیەوە لای هەندێك زانا پەسەندە، با ووردبینی لە پێكهاتەی داتاكان بكەن. لۆجیك بەوە پەسەند ناكرێت تەنها ژمارە و رێژە بێت ، بەڵكوو بەوەی چی دەخرێتە ژمارە و ڕێژەكەشەوە. گەر ڕێژەیەكیش مەناعەی لە لەشدا دروست ببێت لەو ڕێژەیە زۆر زۆر كەمترە كە ئەوان دایانناوە، ئەوەش سەرەنجامەكەیان وپشت پێبەستنەكەیان لاواز دەكات.
لەبری ئەوە با پشت بە چارەسەرێك ببەستین كە گەرەنتی زیاتری تیا بەدەی دەكرێت؛ ئەویش ڤاكسین و دەرمانە، ئەمیان ئیش دەكات و دەكرێت پشتی پێ ببەسترێت. گەر لەداهاتوودا بۆمان دەركەوت هەندێك لە هاوڵاتیان ڤایرۆسەكەیان گرتوە و چاك بوونەتەوە و مەناعەتیكی وایان دروست كردوە دژ بە ڤایرۆسەكە كە هەرگیز جارێكیتر لە داهاتوودا نەیگرنەوە، ڕێژەیان هەتا دێت زۆرتر بوو و گەیشتە ٦٠٪ و ٦٦٪ و زیاتریش لە هەر ووڵاتێك ؛ ئەوا هیچ زەرەرێكمان نەكردوە، بەڵام ئەوە تەنها لە داهاتوودا دەبینرێت پاش ئەوەی چارەسەرمان بۆ ڤایرۆسەكە دۆزیەوە.

15-3-2020
لەندەن

زۆرترین بینراو