کاریگەریەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر خوێندنی ئەم ساڵی قوتابیان

کاریگەریەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر خوێندنی ئەم ساڵی قوتابیان

دوای داخستنی ناوەندەکانی خوێندن بەهۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەوەش بۆتە هۆی دوور کەوتنەوەی قوتابیان لە پرۆسەی خوێندن، کاریگەری لەسەر پرۆسەی خوێندنی قوتابیان دروست کردووە. مامۆستا ئاوارە کەلێتەیی، لە دیمانەیەکی تایبەتی هەفتەنامەی زاری کرمانجی باس لە کاریگەریەکانی ئەم دۆخەی ئێستا لەسەر قوتابیان دەکات.
دیمانە: رۆژان قیاس.
* ئایا ئەم دۆخەی ئێستا چ کاریگەریەک لەسەر پرۆسەی خوێندنی قوتابیان دروست دەکات؟
_ لە راستیدا لێکەوتەکانی ئەم دەردە، سەرجەم بوارەکانی ژیانی گرتۆتەوە، کە ئەمەش هەر خۆی لەیەک شوێن و وڵات داڵدە نادات، بەڵکو لەدوای سەردەمی نو‌ێ، گەلێک گۆڕانکاری بنەڕەتی لە شێوازی ژیان و گوزەرانی مرۆڤ ڕوویدا، ئەمەش خۆی لە بە جیهانی بوونی کۆمەڵگەکان دەبینێتەوە. لە ئێستاشدا هەموو جیهان گیرۆدەی ئەم دەردە کوشندەیەیە، هەربۆیە کۆمەڵگەی ئێمەش کەوتۆتە ژێرباری خۆپاراستن لەم دەردە، کە خۆی لە چەند ڕێنماییەکی گشتیدا دەبینێتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دروست و بێ گرفت، بۆ ئەوەی هەموومان دووربین لەو دەرد و بەڵایە. هەربۆیە دواخستنی خوێندن و هاوێرگەبوونی هاوڵاتیانیش دەکەوێتە چوارچێوەی ئەم خۆپارێزییە، بەڵام لێرەدا بەر لەوەی باس لە لایەنە نەرێنییەکانی دواخستن و ڕاگرتنی دەوام بکەین، پێویستە ئەوە ڕوونبێت کە ڕاگرتنی دەوامی قوتابخانەکان تەنها و تەنها بۆ پارێزراوی فێرخوازانە لەم دەردە کوشندەیە، چونکە سەلامەتیی ئەوان لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە، نەک مەبەست دابڕانی فێرخواز بێت لە خوێندن. وێڕای ئەمانەش بەداخەوە، کە ئەم دەردە کاریگەری نەرێنیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەمەش بۆشایی لەنێوان فێرخواز و خوێندندا دروستدەکات، بەجۆرێک فێرخوازان بەسەرجەم قۆناغەکانیانەوە لە ژینگەی خوێندنی دادەبڕێت، کە هەر قۆناغێکیش گرنگی و تایبەتمەندی خۆیی هەیە. بۆیە بەداخەوە، دەتوانین درک بەوە بکەین، کە ئەم دەردە بۆشایی لەنێوان فێرخواز و خوێندن، دڵەڕاوکێی دەروونی بۆ فێرخوازان دەئافرێنێت، ئەگەر بە شێوەیەکی دروست مامەڵە نەکەین.
*پێت باشە چی بکرێت کە لە بەرژەوەندی قوتابیاندا بێت، و قوتابی لە خوێندن سارد نەبێتەوە؟ _لەڕاستیدا ئەوەی کە ئێستا کراوە، باشترین کارە، کە لەبەرژەوەندی فێرخوازاندایە، چونکە سەلامەتی ئەوان زۆر گرنگ و هەستیارە، لەبەرئەوەی ئەمان نەوەی دواڕۆژ و گۆڕانکارین. هاوکات بەبۆچوون و تێگەیشتنی من بۆ ئەوەی چی بکرێت لە بەرژەوەندی زیاتری فێرخوازدابێت؟ دەتوانم بڵێم; لەم بارودۆخەدا خێزان ڕۆڵی گرنگ دەبینێت، بۆ ئەوەی بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ فێرخوازاندا بکات، بۆ ئەوەی هانیان بدەن و بەردەوام بن لەسەر خوێندن و پێداچوونەوەی بابەتەکان، ئەمەش وادەکات فێرخواز هەست بەدابڕاوی تەواوەتی نەکات لە پڕۆسەی خوێندن. لەئەنجامدا پەیوەندییەکی ئەرێنی دروست دەبێت، کە ئەمەش ڕۆڵی ڕاستەقینەی خێزان وێنا دەکات، چونکە خێزان ماڵی یەکەم و مامۆستای پەروەردەکاری یەکەمی فێرخوازانن. لەلایەکی تریشەوە، پێویستە ڕاگەیاندنی کوردی بەسەرجەم بەشەکانییەوە، هاوکار بێت و دووربێت لەوەی هەواڵی دەروون شپڕزەکار بڵاوبکاتەوە، چونکە شێوازی بیرکردنەوە، کاریگەری لەسەر جەستە و بارودۆخی فێرخواز و گشت هاوڵاتیان دادەنێت. کاتێک بیرکردنەوە، بەنەرێنی و شپڕزەیی ئاڕاستە بکرێت، ئەوا لاشە ڕاستەوخۆ نەخۆش و ماندوو دەبێت، بەپێچەوانەشەوە، بیرکردنەوەی دروست لاشەیەکی دروست بەرهەم دەهێنێت.
*وەزارەتی پەروەردە پێویستە چی بکات؟ چۆن لەم دۆخەدا مافی تەواوەتی بۆ فێرخوازان بگێڕێتەوە؟
_پێویستە ئەوە بڵێین بێدەنگی وەزارەتی پەروەردە لەدوای ڕاگەیاندنی پشوو و پێنەدانی بەرچاو ڕوونی لەسەر داهاتووی فێرخوازان کاریگەری نەرێنی جێدەهێڵێت، بەتایبەتیش قۆناغە هەستیارەکانی وەک پۆلی دوازدە و پۆلی نۆیەم. پێویستە لەم کاتەدا پلانێک دابنرێت، جا چ بە شێوازی درێژکردنەوەی دەوام یاخوود، کەم کردنەوەی بابەتی وانەکان، لەبەر ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە، بەهۆی هاتنی ئەم دەردەوە ناتوانرێت بەم ماوە کورتەی ماوە بابەتەکان تەواو بکرێن. قوتابیانی پۆلی دوازدە کە لە هەمویان زیاتر کاریان تێ دەکات، هەم لایەنی دەرونی و هەم بێتاقەتیان لەبارەی داهاتویان.
* چی بکرێت بۆ ئەوەی ئەم دۆخە کاریگەری خراپ لەسەر قوتابیان دروست نەکات؟
_ لەم دۆخەدا نەک بە تەنها فێرخوازانی پۆلی دوازدە، بەڵکو سەرجەم فێرخوازان کەوتوونەتە ژێرباری ئەم دەردەوە و لەماڵەکانیان هاوێرگەکراون، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە بۆ فێرخوازانی پۆلی دوازدە و سەرجەم هاوڵاتیان، ئەوەیە کە ئێمە بە پابەندبوونمان بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی دەتوانین ئەم دەردە تێبپەڕێنین، کە ئامانجی سەرەکی لەم بارودۆخەدا ئەمەیە، ئەمەی پێویستە بکرێت، وەک لەپێشتریش ئاماژەمان بۆ کرد، ڕاگەیاندنی پلانێکی بەرچاو ڕوونییە بۆ پڕۆسەی خوێندن لە لایەن وەزارەتی پەروەردە. با فێرخوازان دڵنیا بن لە وەزارەتی پەروەردە، کە مافیان نافەوتێت و گوێ بە هەواڵی ساختە و نەرێنی نەگرن. لەکۆتاییدا بەهیوای سەلامەتی و سەرکەوتنی هەموومان بەسەر ئەم دەردە.

 

زۆرترین بینراو