کردنەوەی شوێنە گەشتیاریەکان هەلی کار بۆ هەزار کەس دەڕەخسێنێت

کردنەوەی شوێنە گەشتیاریەکان هەلی کار بۆ هەزار کەس دەڕەخسێنێت

زاری کرمانجی - سۆران: ده‌ڤه‌ری سۆران به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیا و هه‌بوونی رێژه‌یه‌كی زۆری ناوچه‌ی گه‌شتیاری، ساڵانه‌ هاووڵاتییان له‌ ناوچه‌ جیا جیاكانی عێراق و كوردستان به‌مه‌به‌ستی به‌سه‌ر بردنی كاتی خۆش روو له‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان‌ ده‌كه‌ن.

به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا دۆخه‌كه‌ به‌ته‌واو گۆڕاوه‌ و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان په‌كییان كه‌وتووه‌. له‌باره‌ی ئه‌م دۆخه‌شه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری ناوچه‌كه‌یش ده‌ڵێ، هه‌زار كارمه‌ندی شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌كان به‌هۆی كۆرۆناوه‌ بێ كار ماونه‌ته‌وه‌.

بارزان محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران به زاری کرمانجی گووت" له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بڕیاره‌كانی حكوومه‌ت بۆ خۆپارێزی له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌، دۆخی گه‌شتیاری به‌ ئاڕاسته‌یه‌ك چووه‌ كه‌ هیچ ساڵێك وه‌ك ئه‌مساڵ نه‌بووه‌، ئێسته‌ هیچ گه‌شتیارێك له‌ ناوچه‌ گه‌شت و گوزاریه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌مان به‌دی ناكرێت و شوێنه‌كان به‌داخراوی ماونه‌ته‌وه‌, بەڵام ئەگەر دۆخەکە جێگیر بێت لەمەودووا ناوچە گەشتیاریەکان دەکرێنەوە.

له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2019 زیاتر له‌ 500 هه‌زار سه‌ردانیكه‌ر و 80 هه‌زار گه‌شتیار روویان له‌ ناوچه‌ گه‌شتیاریه‌كانی سۆران کردووە

 "ساڵی رابردوو تا ئەو ئەوکاتە 500 هەزار گەشتیار هاتبوونە دەڤەرەکەمان"

زیاتر گوتی، له‌ كاتی جه‌ژنه‌ و بۆنه‌ گشتییه‌كان ئاماده‌كاری باشمان ده‌كرد بۆ هاتنی گه‌شتیاران، به‌تایبه‌ت بۆ جه‌ژنی نه‌ورۆز و ره‌مه‌زان، ته‌نیا له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2019 زیاتر له‌ 500 هه‌زار گەشتیار روویان لە ناوچە گەشتیاریەکانی سنوورەکەمان کردبوو, داهاتێكی یه‌كجار زۆریان لێره‌ خه‌رج كرد و كه‌رتی تایبه‌ت سوودی باشیان بینی، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌هۆی كۆرۆنا بۆ جه‌ژنه‌كانیش هیچ گه‌شتیارێك روو له‌ ده‌ڤه‌ری سۆران ناكات به‌ ته‌واوی په‌كی كه‌وتووه‌.

بارزان گووتیشی" پێش كۆرۆنا رۆژانه‌ به‌ به‌رده‌وامی سه‌رووی 10 هه‌زار گه‌شتیار روویان له‌ ده‌ڤه‌ری سۆران كردووه‌، گه‌شتیاران زیاتر روویان له‌ ناوچه‌ گه‌شتیاری و هاوینه‌ هه‌واره‌كانی گه‌لی عه‌لی به‌گ، بێخاڵ، جوندیان، كۆڕه‌ك، شنگلیانه‌، دۆڵی ئاكۆیان، وه‌رتێ، ئاڵانه‌، مه‌له‌كان، سه‌كران و سنووری مێرگه‌سۆر كردووه‌، له‌ ژێر كه‌پره‌كان، چێشتخانه‌كان و مۆتێل و هۆتێل و سه‌یرانگاكان كاتی خۆشیان به‌سه‌ر ده‌برد, بەڵام بەهۆی کۆڕۆنا هەزار کەس لە خاوەن شوێن و کاسبکاری جۆرا و جۆر بوون لە کەرتی گەشتیاری بێ کار ببوون, ئەگەر دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە بێگومان هەلی کار بۆ ئەو کەسانە دروست دەبێتەوە .

هه‌ر چوار قەزای سۆران سه‌ر به‌ پارێزگه‌ی هه‌ولێر، خاوه‌نی ده‌یان ناوچه‌ی گرنگی گه‌شتیارییه‌ و چه‌ندان خانووی گه‌شتیاری و سێ كۆمه‌ڵگه‌ی گه‌شتیاری بوونی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها هه‌شت هۆتیل و چه‌ندان مۆتیلی لێیه‌، به‌گشتی زیاتر دوو هه‌زار و 500 كه‌س ده‌توانێت له‌ هۆتیل و مۆتێله‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران له‌ یه‌ك شه‌ودا بمێنێته‌وه‌ و ته‌نیا له‌ شه‌وی سه‌ری ساڵ و پێش كۆرۆنا، سه‌رجه‌م هۆتێل و مۆتێله‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ته‌ژی گه‌شتیار ببوون.

ده‌ڤه‌ری سۆران له‌ 30%ی ناوچه‌ گه‌شتیاریه‌كانی عێراق و كوردستان پێكدێنێت هه‌روه‌ها 80%ی ناوچه‌ گه‌شتیاریه‌كانی هه‌موو پارێزگه‌ی هه‌ولێر پێك دێنێت، ته‌نیا له‌ ساڵی 2019 یه‌ك ملیۆن گه‌شتیار و سه‌ردانی ناوچه‌كه‌یان كردووه‌‌.

زۆرترین بینراو