کوردستان لە نێوان دوو جۆری ھێز و سیاسەتدا؟

نەژاد گەزنەیی

جیھانی پێشکەوتووی سەردەمی و سەدەی زانست و زانیاری و شەری تەکنەلۆجییا بوە بە فاکێک بۆ دەربرین و نیشاندانی چەندین فۆرمی ھێز باشتر بڵێم سەدەی نوێ سەدەی عەرزی سیاسەت و ھێزە.
با بزانین ئەو ھێزانە کامانەن؟چۆن پەیرەو دەکرێن؟کام جۆری ھێز لەبەرژەوەندی خەلکە؟کوردستان چۆن تەحەموول لەگەڵ ئەم ھێزانە دەکا؟کام جۆری ھێز و سیاسەت گونجاوە بۆ جوگرافییای کوردستان ؟
ھێزی نەرم جۆرێکە لەو ھێزانەی کە لە رێگای سەرنجراکێشان و بلاوکردنەوەی کەلتورو زاڵ بوون بەسەر ھەست و سۆز کار لە دڵ و ئەقڵی تاک دەکات لە بری بەکارھێنانی ئامرازەکانی زۆر لێکردن، روونتر ھێزی نەرم ئاماژەیە بە سەرمایە و بونیات و مەعنەوی و رۆحیەکانی میللەتێک لە چوارچێوەی بەھاو بیروباوەرو شێوەی ژیان و مێژووی شارستانی و رێزگرتن لە بە ھاکانی مرۆڤ و ئەدەب و ھونەر.
لە بەرامبەردا ھێزی رەق بەو شێوە ھێزە دەگوترێ کە سیاسەتی دەرەوەی وڵات لە رێگای پیادەکردنی ئامرازە ئەمنی و سەربازییەکان و گوشارە ئابورییەکان، بەرێوەدەباو ئەولەوییەت بەمیکانزمە سەربازییەکان دەدات لە رێگەی (ژمارەی ئەرتەش، چەکوچۆل،ژمارەی تانک و تۆپ و فرۆکەی جەنگی…)
ھێزی نەرم بەوە دەناسرێتەوە کە کاریگەریەکەی بە شێوەیەکی لە سەرخۆ و پلەبەپلە ماوە درێژ دایە ،بەبێ ئە وەی کاریگەری لێکراو ھەست بە ھیچ ھێزو ناچارییەک بکات بەڵکو بەدڵخوازی خۆی؛کاریگە ر و تەسلیم دەبێت، بە لام ھێزی رەق زیاتر بە ستراوەتەوە بەو ئامانجانەی کە دەولەت نیازی راستەوخۆ و خێرای بە دەستھێنانی ھەیە .
دبلۆماسی گشتی ، مەعریفەناسی و زانست، سینەما و ھونەر بەگشتی،وەرزش و راگەیاندن و ستایلی جلوبەرگ و جۆری خواردن، رەگەزە سەرەکیەکانی ھێزی نەرمن.
بە دەربرێنێکی تر ھێزی نەرم لە سێ کۆلەکە پێک دێت( شارستانی و کەلتور- بەھا سیاسیەکان – سیاسەتی دەرەوە ،کاتێک ولات سیاسەتێکی ئەخلاقیانە و شەریفانە جێبەجێ دەکات).
نمونەی دیاری جێبەجێکردنی سیاسەتی ھێزی نەرم تورکیایە کە لە رێگای دراماو ھونەرمەندو کەسایەتییە ھونەریەکان تەمسیل و ئەفلامە دۆبلاژکراوەکان و ھونەرمەند ئیبراھم تاتڵس جۆری کوالێتی شتومەک وشاشەکانەوە ھەمیشە ھەولی داوە لە ھەناوی کۆمەڵگەی کوردی تواجدی ھەبێت و ھێدی ھێدی شۆرببێتەوە تاوەکو مارکە تورکیەکان و شوێنە گەشتیاریەکانی ئە ستنبوڵمان نیشان بدات ، واتا سیاسەتێکی کەلتوری و بازرگانی و سیاسی لە پشت ئەم ئاراستەکردنە زۆرەی دراما تورکیەکان ھەیە .
ھەرێمی کوردستان لە ھاوکێشە ی نێوان ئەوو دووجۆرەی ھێزدا واباشترە تێبینی پیادەی ھێزی نەرم بکات ،چونکە ھەرێمی کوردستان ھاوسێی زۆر بەھێزی ھەیە و ناتوانێ ململانێی سەربازی ئەوان بکات ، بۆیە واباشترە کوردستان نمونە و مۆدێلێکی تایبەتی نەرمە ھێز نیشان بدات و ئیمەیج وبەھا کەلتورییەکان ئیکسپۆرت بکات ئەمەش لە رێگەی
(پێشکەشکردنی سیستەمێکی سیاسی کراوە و دەزگامەند ،کایە ی دیموکراسی ،رێزگرتنی بەھاو مافەکانی مرۆڤ ، گەشەدان بە دیاردەی پێکەوەژیانی کەمە نەتەوە و ئاینیەکان، ناساندن و بەجیھانیکردنی کارەساتەکانی ئەنفال و ھەلبجە دەست درێژییەکانی تیرۆرستانی داعش لە پێناو کاریگەری دروستکرن و راکێشانی سۆزی جیھان ، دەکرێ بەختیار عەلی لە بواری ئەدەب و نوسین وەک نوسەرێک کە سنورە لۆکالیەکانی برییوە و بەرگی یونڤێرساڵبونی بە بەرداکردوە توخمێکی گرنگێ ھێزی نەرمی کوردی بێت
لەگەڵ ئەوەشدا نەرمە ھێزبوونی ھەرێمی کوردستان واتای ئەوە نیە کە بایەخ بە بواری بەرگری و سەربازی نەدات چونکە ھەرێم کەوتوتە ناوچەیەکی جیۆپۆلەتیکی ئالۆز و ستراتیجی و کێشە لەسەر بۆیە پێویستە لە پێناو و بەرگری و لەکاتی بوونی ھەر ھەرەشەیەکی راستەوخۆ ھێزی بەرگریکردن و پاراستنی خۆی ھەبێت.

زۆرترین بینراو