کۆبوونەوەکان بۆ ماوەی سێ مانگە لەسەر داوای یەکێتی دواخراون

کۆبوونەوەکان بۆ ماوەی سێ مانگە لەسەر داوای یەکێتی دواخراون

لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان دەربارەی پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێڕاق دەڵێت، ئێمە نیگەرانین لەو باروودۆخەی لە عێڕاق و ناوچەکانی دەگوزەرێ، بۆهەرێمی کوردستانیش ئەو پۆستانەی لە حکوومەت پڕنەکراونەتەوە کەمتەرخەمی پارتە سیاسیەکەیە و خۆیان کاندیدیان نەبووە.

ئەمڕۆ۲ـی ۱۱ـ ۲۰۱۹، کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی، محمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیوەست بە پێشهاتە سیاسییەکانی نێو هەرێمی کوردستان و عێڕاق ڕایگەیاند: " ئەو کێشانەی ئێستا لە عێراقن کێشەی کەڵەکەبوون، بەڵام دەبێت حکوومەت چارەسەریان بکات، هەندێک کەس دەیانەوێت دۆخەکە بۆ خۆیانی بەکاربێنن و ئێمە نیگەرانین لەم دۆخەی ئێستا، کە لە عێڕاق دەگوزەرێ."

بۆ بابەتی هەموارکردنەوەی دەستوور، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: "ئەگەر دەستوور وەکو خۆی جێبەجێبکرایە، ئێستا پێویستی بە گۆڕان نەدەبوو، کێشە لە دەستوور نییە، بەڵکو کێشە لە جێبەجێکردنی دەستور بوو، وە نابێت هەموارکردنەوەی دەستوور ببێتە ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی ماف و دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان."

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەست بە دۆخی ئێستای کوردستان، رایگەیاند: " ئەوەی باس دەکرێت کە گوایە رێککەوتنەکان وەکو خۆی جێبەجێناکرێت، ئەوە نابێت لە میدیا باس بکرێت، بەڵکو دەبێت لە گفتوگۆکان باسی لێوە بکرێت.

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتیشی: " رێککەوتنەکان لە بارەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران جێبەجێکراون، ئەو پۆستانەشی پڕ نەکراونەتەوە، بۆ خودی پارتە سیاسییەکە دەگەڕێتەوە، هەروەها لە حکوومەت بە هیچ جۆرێک لەسەر بنەمای ٥۰بە ٥۰ نیە."

محمود محەمەد، گوتیشی: "کۆبوونەوەکان بۆ ماوەی سێ مانگە لەسەر داوای یەکێتی دواخراون و ئێمە نازانین یەکێتی باس لە چ بەشێکی رێککەوتنەکە دەکات کە دەڵێن جێبەجێنەکراوە، کۆبوونەوەمان لەگەڵ گۆڕان ئەنجامداوە، بەڵام لەگەڵ یەکێتی دیارنییە کەی ئەنجامدەدرێت."

لەبارە گۆڕانکارییەکانی سەرۆکی حکوومەت، مەحموود محەمەد رایگەیاند، سەرۆکی حکوومەت نایەوێت هەموو کار و بڕیارەکان لای خۆی کۆبکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش چەند راوێژکاریی بۆخۆی دامەزراندووە، دەسەڵاتی ئەو راوێژکارانە، دەسەڵاتی سەرۆکی حکوومەتە نەک دەسەڵاتی هیچ کەس و وەزیرێک لە ناو ئەنجوومەنی وەزیران. ئەمە کارێکی یاساییە و لە دەسەڵاتی سەرۆکی حکوومەتە ئەو کارە بکات.

زۆرترین بینراو