گولیزار حاجی رەشید : پێش هاتنی وەرزی زستان نەوت بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەكرێت

گولیزار حاجی رەشید : پێش هاتنی وەرزی زستان نەوت بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەكرێت

گفتووگۆ- ڕائیب شێروانی : گولیزار حاجی رەشید، جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان و پیشەسازی و بازرگانی لە گفتوگۆیەكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" پەرلەمان بەردەوام بەدواداچوون بۆ پرۆژەكانی حكوومەت دەكات لەگەڵ لیژنەی چاكسازیی پەرلەمان لە گفتۆگۆداین بۆ هەمواری چەند ماددە و بڕگەیەك لە یاسای نەوت و غاز بە هەمواركردنی ئەم یاسایە و كاراكردنی داهاتی سندووقی نەوت و غاز، هەناردەی نەوت روونتر دەبێـت و داهاتێكی بەرچاو بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە.
جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان و پیشەسازی و بازرگانی گوتی:" سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان بڕیاری داوە پێش هاتنی وەرزی زستان نەوت بەسەر هاووڵاتیانی خۆی دابەش بكات، كە هەر خێزانێك بڕی یەك بەرمیل نەوت وەردەگرێت، بەوەش كوردستان پێویستی بە زیاتر لە 250 ملیۆن لیتر نەوت هەیە، سەرەتاش لە ناوچە شاخاوییەكان دەست بە دابەشكردنی نەوت دەكرێت.
گولیزار حاجی رەشید، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" پەرلەمان بەردەوام بەدواداچوون بۆ پرۆژەكانی حكوومەت دەكات، چاودێری كارەكانی حكوومەت دەكات، پێشتر ئێمە داوای دابەشكردنی نەوتمان كردبوو بە نووسراو بەرزمان كردبووەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانیش بڕیاری لەسەر دا ئەوە یەكێك لە چالاكییەكانی ئێمە بوو، بەردەوام بە دواداچوون بۆ كێشەكانی خەڵك دەكەین و بەردەوام لەگەڵ خەڵكی خۆمان لەسەر خەتین بۆ ئەوەی بە دواداچوون بۆ كێشەكانی ئەوان بكەین و ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان لێ ئاگادار بكەینەوە.
گولیزار، جەختی لەوەشكردەوە:" لەگەڵ لیژنەی چاكسازیی پەرلەمان لە گفتۆگۆداین بۆ هەمواری چەند ماددە و بڕگەیەك لە یاسای نەوت و غاز بە هەمواركردنی ئەم یاسایە و كاراكردنی داهاتی سندووقی نەوت و غاز، هەناردەی نەوت روونتر دەبێـت و داهاتێكی بەرچاو بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە.
جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان و پیشەسازی و بازرگانی دەشڵێ:" وەكو لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان و پیشەسازی و بازرگانی پڕۆژەیەكمان لەبەر دەستە، ئەویش ئەوەیە كە یاسایەك هەیە بەناوی سندووق و نەوت و گاز، ئەو یاسایە یەكێكە لە كارنامەی حكوومەت، بۆ ئەوەی داهاتی نەوت زیاتر شەفاف بێت.
جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان و پیشەسازی و بازرگانی گوتیشی:" هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت لە گفتوگۆ دان، تیمێكی فەنی دەچێتە بەغدا گفتوگۆ دەكەن لەسەر نەوت، لەسەر ماددەی 140، بودجە و پێشمەرگە هەموو ئەو كێشانەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن.
گولیزار حاجی رەشید، جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان و پیشەسازی و بازرگانی ئاشكراشی كرد:" هەر پڕۆژە یاسایەك لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندا بێت ئێمە كار لەسەر دەكەین و پەسەند دەكەین و دەكەینە یاسا بۆ ئەوەی بكەوێتە خزمەتی خەڵكی كوردستان، ئێستا چاوەڕوانی پڕۆژە یاساكانی حكوومەت دەكەین، زیاتر لەسەر ئەو پڕۆژانە كار دەكەین، چونكە حكوومەت ئەو پڕۆژانە دادەنێت، كە 18 پڕۆژە یاسا و 3 بڕیارن، هەر پڕۆژەیەك بێتە پەرلەمان بە زووترین كات گفتوگۆی لەسەر دەكەین و پەسەند دەكەین".

زۆرترین بینراو