گۆشت بە شێوەیەكی ناتەندروست لە شەقڵاوە دەفرۆشرێت

گۆشت بە شێوەیەكی ناتەندروست لە شەقڵاوە دەفرۆشرێت

محەمەد ئامۆكەیی-شەقلاوە: لە بەشەێك لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان گۆشتی سوور لەسەر شەقامە گشتیەكان دەبیرێت و بەخەڵكی دەفرۆشرێت، ئەوەی جێگای نیگەرانیە لای هاونیشتیمانیانی شەقڵاوە، تا ئێستاش لەگەڵی دابێت گۆشت بەشێوەیەكی نا تەندروست هاوردەی دوكانەكانی گۆشت فرۆشان دەكرێت و ئەوەش بۆتە جێگای نیگەرانی لای دانیشتوانی ئەو شارە و داوا دەكەن چیتر گۆشت بەو جۆرە نەنێردێتە بازاڕ و مەرجی تەندروستی تیابێت، زاری كرمانجیش وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلە بڵاو دەكاتەوە كە لە سەربڕخانەی ئاژەڵان گۆشتی سوور دەگوازێتەوە بازاڕ و وێنەكەش كاردانەوەی لایەنی تەندروستی و خەڵكی بەدوای خۆی داهێنا.
ئیسماعیل محەمەد، دانیشتوی شەقڵاوەیە و گووتی" ئەگەر سەردانی بازاڕی گۆشت فرۆشان بكەین دەبینن چەندە بە نا تەندروستی گۆشت دەفرۆشن ئێمە تا ئێستاش نازانین ئەو ئاژەڵانە لەكوێ سەردەبڕدرێن بەو جۆرەی ئێستا لە وێنەكە دیارە گۆشت دێت بۆ بازاڕ دەبوایە بە ئۆتۆمبێلی سارد كەرەوە هاوردە بكرێت نەك بەو جۆرە، بەداخەوە ئەبوایە بەرپرسانی شار بهاتبانە دەنگ و كاردانەوەیان هەبا لەهەمبەر ئەو كارە نەشیاوەی ئەو كاسبكارانەی گۆشت بەو جۆرە دەرخواردی خەڵكی دەكەن.
هاووڵاتیەكی تریش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بەشێكی بەرچاوی موتێل و دوكانەكانی شەقڵاوە مۆلەتی ساڵانەیان نوێ نەكردیتەوە دەڵێت" دوكان و موتێل و مینی مارێكت هەیە لەو شەقڵاوەیە نزیكەی سێ ساڵ دەبێت مۆلەتەكەیان نوێ نەكردیتەوە و كەسیش ناتوانێت سەردانێكیان بكات و لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكات، لێرە لیژنەی تەندروستی هەیە پێشتر ئەكتیڤ بوون بەڵام بەهۆی ئەوەی رێگری دەكرێت لێیان ئێستا ئەوانیش كەمێك سستبوونە."
ئەوەشی گووت" بەشێكی زۆری ئەو گۆشتەی لە شەقڵاوە دەفرۆشرێت مۆری تەندروستی نیە و من نازانم ئەو هەموو چاوپۆشیە چییە لەو كەسانە دەكرێت، وامان لێهاتووە گۆشت بە گومان بكڕین لەبەر ئەوەی گەر گۆشت مۆری پێوە نەبێت دەبێتە جێگای گومان.
لای خۆشیەوە بەشدار قەساب، بەرپرسی بەشی چاودێری تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی شەقڵاوە، بەزاری كرمانجی راگەیاند" دوای بڵاو بوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەك كە پیكابێك چەند سەر ئاژەلێكی سەر بڕدراوی بەشێوەیەكی ناتەندروست دەگوازێتەوە ئەوەش دوورە لە مەرجە تەندروستییەكان، بۆیە دەستبەجێ وەك بەشی چاودێری تەندروستی بەدواداچونمان كردوو دەركەوت ئەو ئاژەڵانە دوای سەر بڕینیان بەو جۆرە دەگوازرێنەوە نێو بازاڕی گۆشت فرۆشان، بۆیە ناكرێت شارێكی گەشتیاری بەو جۆرەی ئێستا گۆشتی لێ بفرۆشرێت، لە سەر شێوازی ناردنی گۆشت بۆ ناو شەقڵاوە بەو جۆرە ناشارستانی و نا تەندروستە، بە نوسراوێك بەڕێوەبەرایەتی كار و باری پاراستنی تەندروستی هەولێرمان ئاگادار كردۆتەوە بۆ ئەوەی هەوڵێك بدەن لە رێگەی وەزارەتی تەندروستی سەربڕخانەی شەقلاوە هەڵبوەشێتەوە و بە شێوازێكی نوێ بنیات بنرێتەوە، لەبەر ئەوەی هیچ مەرجێكی تەندروستی تیانیە و هەروەها گۆشتفرۆشەكانیشمان ئاگادار كردوونەتەوە كە نابێت بەو جۆرەی ئێستا گۆشت بنێردرێتە بازاڕ ئەگەر هاتوو پابەند نەبوون سزای تووندیان دەدەین.

زۆرترین بینراو