گۆڕانكاری بەرپرسانی سۆران لە زاری كرمانجی بخوێنەوە

گۆڕانكاری بەرپرسانی سۆران لە زاری كرمانجی بخوێنەوە

موڕشید برادۆستی – سۆران : ماوەی چەند رۆژێكە دەنگۆی گۆڕانكاری لە پۆستە حكومی و كارگێڕیەكانی سۆران بڵاو بۆتەوە و سەرچاوەیەكی ئاگاداریش زانیاری دەخاتەڕوو .
تەنها لە سەنتەری سۆران 65 فەرمانگەی حكومی هەیە و كە زیاتر لە 45 فەرمانگەیان ئیش و كارەكانی هەرچوار قەزای ( سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و رواندز ) بەڕێوە دەبەن و ماوەی چەند ساڵێكە گۆڕانكاری لە بەشێكی زۆری پۆستە كارگێڕییەكان نەكراوە .
لە قەزای سۆران و دەورووبەری مانەوەی بەرپرسە حكومییەكان لە پۆستەكانییان خەریكە دەبێتە دیاردە و ژمارەیەك بەرپرس زیاتر لە 14 ساڵە لە پۆستی حكومیەكاندان .
سەوری عسمەت ئەندامی ئەنجومەنی پەرێزگای هەولێر بە زاری كرمانجی گووت" ئاڵو گۆڕكردنی بەرپرسانی حكومی لە سۆران پەیوەستە بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بۆ ئەم مەبەستە وەزیرەكان ئاگادار كراونەتەوە كە واژۆی خۆیان بۆ گۆڕانكاری رابگرن تا ئەو كاتەی كابینەی نوێ پێكدێت، بێگومان هەر كاتێك حكومەتی نوێ پێكبێت بڕیاری ئاڵووگۆڕكردنی بەرپرسان لە سۆران و دەورووبەری دەچێتە واری جێبەجێ كردن .
ئەو گۆڕانكاریانەی لە ئێستەدا لە سنووری سۆران كراون تەنها بەڕێوەبەری كارەبای دیانا و بەڕێوەبەری فەرمانگەی كارەبای سیدەكان گۆڕانكاریان پێكراوە و كەسانی دیكە لە شوێنییان دەست بەكار بوونە .
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگەی هەولێر دەڵێت " لە ئێستەدا باسی گۆڕانكاری سەرۆكی شارەوانی سۆران هەیە و بەهۆی چەند كێشەیەك ئەگەری گۆڕینی هەیە، بە خوودی سەرۆكی شارەوانی راگێندراوە كە ماوەی 30 رۆژ مۆڵەت وەربگرێت و لەو ماوەیە لەماڵەوە بێت، بەڵام تا ئێستا دەوامی خۆی دەكات و نەچووەتەوە ماڵەوە .
گووتیشی " وەكو ئەنجومەنی پارێزگا ئاگادارین رێژەیەكی زۆری بەرپرسان و بەڕێوەبەرە حكومییەكانی سۆران ماوەی چەندین ساڵە لە پۆستەكانییان كە رەنگە خۆشیان وەرەز بوو بن لە كاركردن و شوێنی كاریان .
سەوری عسەمەت ئاشكراشی دەكات" لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، پڕۆژەیەكمان پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان كردوە و تیایدا پێشنیاری ئەوە كراوە هەر بەرپرس و بەڕێوەبەرێكی حكومی لە كوردستان لە چوار ساڵ زیاتر پۆستی حكومی بەدەستەوە نەبێت و بەرپرسی باش و جێگەی رەزامەندی خەلك پلەی بەرز بكرێت و ئەوەی تر ئاڵووگۆڕی پێبكرێت، ئەو پڕۆژەیە لە ئەنجومەنی وەزیران پێداچوونەوەی بۆ كرا بەڵام تا ئێستە جێبەجێ نەكراوە .
نادر عەبدولعەزیز هەركی داوەری لێكۆڵینەوەی دەستپاكی هەولێر بە زاری كرمانجی راگەیاند" لە هەرێمی كوردستان تەنها ئەو كەسانەی بە هەڵبژاردن پۆستیان بەدەست هێناوە وەك شارەوانیەكان، ئەنجومەنی پارێزگا، پەڕلەمان بەپێی یاسا دیاری كردوە ناتوانرێ لابدرێن یا ئاڵووگۆڕیان پێ بكرێت تەنها ئەگەر تاوانێكی گەورەیان ئەنجامدا بێت یا بەخۆی دەست لە كار بكێشێتەوە .
داوەری لێكۆڵینەوەی دەستپاكی هەولێر ئاشكراشی دەكات " پارێزگا و ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتییان هەیە قایمقام و تەواوی بەرپرس و بەڕێوەبەرە حكومیەكان ئاڵوگۆڕ بكەن یا لایان بدەن، بەڵام تا ئێستە ئەوەیان نەكردوە لە قەزایەكی وەكو سۆران قایمقام و بەرپرسانی ناوچەكە بۆ ماوەی چەندین ساڵ پۆستی حكومییان لایە .
نادر هەركی گووتیشی " تا ئێستا هیچ یاسا و رێنوێنیەك لە هەرێمی كوردستان بوونی نییە كە باس لە ماوەی مانەوەی قایمقام و بەڕێوەبەری شارەدێ و بەرپرسانی تری حكومی بكات، ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی هەیە رێنوێنیەك یا بڕیارێك دەربكات تایبەت بۆ ماوەی مانەوەی پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری شارەدێ و بەڕێوەبەرە گشتیەكان دیاری بكات و دووای تەواو بوونییان ئاڵوگۆڕ بكرێن . بۆ بەرژەوەندی گشتی و باشتر بەڕێوەچوونی ئیش و كاری هاووڵاتییان پێویستە حكومەت بیر لە ئاڵوگۆڕی بەرپرسە حكومیەكان بكات بە تایبەت بە پرسانی یەكەمی شا و شارۆچكەكان، ناكرێت قایمقام یا بەڕێوەبەری حكومی بەهۆی نەبوونی یاسا لە پۆستەكەی بمێننەوە و خەلك لێییان بێزار بێت .
لە دەڤەری سۆران دواین گۆڕانكاریەكان لە پۆستە حكومیەكان سێ ساڵ بەر لە ئێستا ئەنجامدرا، ئەویش گۆڕانكاری و ئاڵوگۆڕی تەنها بۆ قایمقامیەكان و چەند بەڕێوەبەری ناحیەكی ناوچەكە كراوە، هاووڵاتییان و دانیشتووانی دەڤەرەكە ئارەزووی گۆڕینی ئەو بەرپرسانە دەكەن كە ساڵانێكی زۆرە ماونەتەوە و تا ئێستا حكومەت گۆڕانكاریان پێ نەكردوە و بەخۆشیان دەستییان لە كار نەكێشاوەتەوە .
لەلای خۆشیەوە، كرمانج عزەت كە ماوەی زیاتر لە 14 ساڵە قایمقامی قەزای سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند" تا ئێستا بڕیاری لادان یا ئاڵوگۆڕكردنم وەك قایمقامی سۆران نەهاتووە و بەخۆشم ئەو دەسەڵاتەم نییە ئاڵوگۆڕ بەخۆم بكەم!.
دەربارەی پۆستەكانی دیكەی سۆران كە ژمارەیەك بەرپرس كورسیەكانییان چەندین ساڵە بەرنادەن، قایمقامی سۆران ئاشكرای دەكات، ئاڵوگۆڕی بەڕێوەبەرەكان پێویستی بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و بڕیاری حكومەت هەیە لەو كات و ساتە هەستیارەشدا حكومەت لە بەرنامەی دانییە ئاڵو گۆڕ یا لادان بۆ بەرپرسەكان بكات، گۆڕانكاریەكان دەكەوێتە دووای پێكهێنانی كابینەی حكومەت .
قایمقامی سۆران گووتیشی" بەهۆی دزی و تێوەگڵان لە گەندەڵی تا ئێستە هیچ قایمقامێكی دەڤەری سۆران و بەرپرسە حكومیەكانی دەڤەرەكە رووبەڕووی دادگا نەكراونەتەوە .
لە بارەی گۆڕانكاری لە پۆستە حكومیەكانی دەڤەری سۆران، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە لقی 10ی پارتی دیموكراتی كوردستان بە زاری كرمانجی راگەیاند" گۆڕینی بەرپرسەكان و بەڕێوەبەرەكان دەگەڕێتەوە سەر پێكهێنانی حكومەت، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین چەند ساڵ جارێك گۆڕانكاری لە بەرپرس و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە حكومیەكان بكرێت و بە كارێكی باش و نوێبوونەوە دەزانین .
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێ " گۆڕانكاری لە ماوەی چەند ساڵ جارێك داواكاری زۆری خەلك و هاووڵاتییانە، پێویستە ئەو بەرپرسانەی لە ئیش و كارەكانیان سەركەوتووبوون شوێنی باشتریان پێ بدرێت و ئەوانەی نەیان توانیوە كارەكانیان بە باشی رای بكەن جێخۆیەتی دوور بخرێنەوە و كەسانی شیاو لە شوێنییان دەستبەكار ببن .
قەزای سۆران لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگەی هەولێرە و دەكەوێتە 102 كیلۆمەتر لە باكووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر. ژمارەی دانیشتووانەكەی زیاتر لە 200 هەزار كەسە، سۆران ئێستا ناوەندی كارگێڕی قەزاكانی چۆمان، مێرگەسۆر و ڕەواندزیشە، تەنها لە سەنتەری سۆران 65 فەرمانگەی حكومی هەیە و كە زیاتر لە 45 فەرمانگەیان ئیش و كارەكانی هەرچوار قەزای ( سۆران و مێرگەسۆرو چۆمان و رواندز ) بەڕێوە دەبەن .
" ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر پڕۆژەیەكی پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان كردوە پێشنیاری ئەوە كراوە هەر بەرپرس و بەڕێوەبەرێك لە چوار ساڵ زیاتر پۆستی حكومی بەدەستەوە نەبێت "

زۆرترین بینراو