گەنجانی سرێشمە داوای كتێبخانەیەكی شایستە دەكەن

گەنجانی سرێشمە داوای كتێبخانەیەكی شایستە دەكەن

ئا/ دیلمان فەرحان: گەنجان و خوێنەرانی شارەدێی سرێشمە، چاویان لە سەنتەری رۆشنبیری سرێشمەیە تا كتێبخانەیەكی شایستەیان بۆ بكەنەوە و بەردەوام بن لە چالاكی زیاتر.
سۆران شێرزاد حەمەدەمین، سەرۆكی سەنتەری رۆشنبیری سرێشمەخاوەن بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە زانستە كۆمەڵایەتییەكان، جگە لەوەی جار جار دەست بۆ پێنووس دەبات، لە ساڵی 2014وە، دوای پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن لە كۆنفرانسی سەنتەری وەك سەرۆكی سەنتەری رۆشنبیری سرێشمە دەست بەكار بووە. سەنتەری رۆشنبیری سرێشمە سەرەتای دەست بەكار بوونی دەورێكی بەرچاویان هەبوو لە ساز دانی كۆڕ و سمینارات و چاڵاكی رۆشنبیری و هونەری، بەڵام چەند ساڵێكە بەهۆی قەیرانی دارایی نەیانتوانیوە وەك پێویست تینوویەتی گەنجان لە بوارە جیاكانی رۆشنبیری و هونەری بشكێنن.
سۆران لەمبارەوە گووتی " سەرەتای دەست بەكاربوونمان لە سەنتەری ڕۆشنبیری سرێشمە، هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی شەڕی داعش و قەیرانە یەك بە دوای یەكەكان بووەوە، هەموو سەنتەرەكان بەتایبەت سەنتەری ڕۆشنبیری هەموو ئەو یارمەتیانەی لەلایەن حكومەتەوە بۆیان دەهات وەستێندران، بێ گومان لایەنی دارایی وەك پاڵپشتییەكی بەهێزی هەموو ناوەند و سەنتەرە رۆشنبیرییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییە, ئەگەر ئەم پاڵپشتییە داراییە وەستا ئیتر رێكخراوەكان ناتوانن وەك پێویست چالاك بن و ئەو بەرنامە و پلانەی هەیانە بیهێننە دی، بێ گومان كم تا زۆر كۆسپی بۆ دروست كردین، بەڵام نەبووە ڕێگر لەبەردەم چاڵاكییەكانمان، بە پێی تواناكانمان هەوڵمانداوە تا لە بواری ڕۆشنبیری و بوارەكانی دیكە پەرە بە كار و چالاكییەكانمان بدەین و نەوەستین".
زیاتر گووتی " سەرەتای دەست بەكاربوونمان كۆمەڵێك چاڵاكیمان ئەنجامداوە, وەك خزمەتكردن بە توێژی قوتابییان و كردنەوەی چەند خولێكی زمان و بابەتەكانیتر, هەتا بتوانین لەسەر پێی خۆمان بوەستین وەك سەنتەری ڕۆشنبیری".
سەرۆكی سەنتەری رۆشنبیری سرێشمە ئاماژەی بە پەیوەندی نێوان خۆیان و گەنجاندا و گووتی " پەیوەندی باشمان لەگەڵا گەنجان هەیە تا بتوانین بەپێی پێشنیارو حەزو ئارەزووەكانیان چاڵاكی پێشكەش بكەین, توانیمان بە یارمەتی دەزگای زاری كرمانجی و مامۆستا ئیسماعیل ئیبراهیم بەڕێوەبەری دەزگا خولێكی ڕۆژنامەوانی بۆ گەنجانی دەڤەرەكەمان بكەینەوە, دوای ئەمەش خولێكیتری ڕۆژنامەوانی بەیارمەتی تۆڕی رێكخراوە ناحكۆمییەكانی سۆران ئەنجامدا كە زیاتر لە 150 قۆتابی بەشداربوون و چاڵاكییەكانیترمان بریتیبوون لە رێكخستنی گەشت بۆ قۆتابییان و خەڵاتكردنی تیپە وەرزشییەكان".
گەنجان و خوێنەرانی كتێب لە شارە دێی سرێشمە، داوای كردنەوەی كتێبخانەیەكی گشتی دەكەن، هەر چەندە سەنتەری رۆشنبیری دوو كتێبخانەی لە قوتابخانەكان كردۆتەوە، بەڵام پێیانوایە پێویستە كتێبخانەیەكی شایستە بۆ شارەدییەكەیان بكرێتەوە، سەرۆكی رۆشنبیری سرێشمە لەمبارەوە گووتی " هەر چەندە خەڵك سوودیان لەو كتێبخانانە بینیوە كە لە قۆتابخانەكان هەن، بەڵام لە هەوڵداین بۆ كردنەوەی كتێبخانەیەك كە لە ئاستی خواستی خوێنەران بێت و بەردەوامیش لەسەر هێڵین لەگەڵا لایەنە پەیوەندیدارەكان و كتێبخانە گشتییەكان و كتێبخانەی زەیتونە، بەڵام تا ئێستا رێكنەكەوتووەو پێشتریش سەنتەرەكەمان لە هەوڵی دروستكردنی كتێبخانەی (ماڵی مەعروف جیاۆك)دا بووە، بەڵام بەهوی كێشەی دارایی دروست نەكرا، لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین، بە تایبەتی كە ئێستا خەریكە قەیرانی دارایی نامێنێت و حكومەت و لایەنە پەیوەندارەكان دەستیان واڵاتر دەبێت".

زۆرترین بینراو