گەنجان داهاتووی ئێمەن

چیلەر نەجات

قوتابی لە فاكەڵتی ئەندازیاری
زانكۆی سۆران
گرنگترین شت بۆ مرۆڤ كە بیزانێ و باوەڕی پێ هەبێت ئەوەیە كە هیچ كامێك لە ئێمە بەبێ هۆكار نەهاتوینەتە بوون، هەر تاكێكمان بۆ مەبەستێك دروست كراوین و ئەركێكمان لەسەر شانە.

مرۆڤایەتی بە شێوەیەكی خێرا لە پێشكەوتنێكی نەوەستاو دایە، بەڵام ئایا ئێمە وەكو تاكێك توانیومانە خۆمان لەگەڵ ئەو بەرەو پێش چوونانە بگونجێنین؟
بێگومان نەخێر، لە ئەنجامی ئەو نەشیانەی كە هەمانە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ بەرەو پێش چوونی كتوپڕی مرۆڤایەتی، گەنجانمان ڕووبەڕووی تاریكایێكی دەروونی بوونەتەوە، كە پێویستە بە شێوەیەكی جددیانە كار لەسەر رووناككردنەوەی هزر و بیری گەنجەكانمان بكرێ.
نامیبیا وڵاتێكی دەوڵەمەندە بەڵام خەڵكەكەی هەژار، ئەگەر بێتو ئێمە سەرەتا كێشەی خەڵكەكانمان چارەسەر بكەین، ئەوا شتەكانیتر بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی شوێنی خۆیان دەگرن، كە ئەمەش بێگومان بە گەنجان دەكرێ.
ئەمانە هەمووی لە پەروەردەوە دەست پێ دەكات، دەكرێ ئێمە دەست پێشخەر بین لەوەی كە ئیدی فشاری دەروونی بۆ گەنجانمان دروست نەكەین، و ئازادییان پێ ببەخشین و بواریان پێ بدەین كە بیربكەنەوە و بڕیاربدەن و هەڵبژێرن بەپێی ئەو حەز و ئارەزووەی كە هەیانە، پێویستە ژینگەیەكی ئارام و ئازاد فەراهەم بكرێ تاوەكو گەنجەكان بە ئارامی بتوانن بە شێوەیەكی ڕاست و دروست بڕیار لەسەر ژیانیان بدەن و بەرەو خەونەكانیان هەنگاو بنێن.
بێگومان چەپڵە بە دەستێك لێنادرێ، ئەگەر ئێمە بە تەواوی كارمان كرد لەسەر ئەوەی ژینگەیێكی تەندروست بنیات بنێین و گەنجانمان دەست وەستاو سەیر بكەن ئەوا ناگەین بە هیچ ئامانجێك، لە بەرامبەر هەموو ئەو پێویستیانەی كە پێویستە فەراهەم بكرێ، گەنجانیش كۆمەڵێك ئەركیان لەسەر شانە كە دەبێت هەوڵی بۆ بدەن.
وەك ئەوەی باسم كرد، دوای ئەوەی كە ئیدی تەواو بڕوایان بە مەبەستداربوونی هاتنە دونیایان كرد، پێویستە بیربكەنەوە، كە ئایا ئەو شتە چیە لە پێناوی دروست كراوین و چۆن دەتوانین كەسێكی سوودبەخش بین، پاشان دەست بكەن بە كاركردن و پلان دانان بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە.
ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە پلانێكت هەبێت و هەوڵ بدەی ڕێگایێك بدۆزیتەوە، گەنجان پێویستە پلانێك دابنێن كە ژیانی مەینەتباریان بگۆڕێ بۆ ژیانی خەونەكانیان، چونكە هەموو پێشكەوتنێكی مرۆیی لە پلانێكەوە سەرچاوەی گرتووە، وە دەبێ لە هەر پلانێك پەندێك وەربگرن، تەنانەت ئەگەر سەرەنجامی پلانەكە دیاریش نەبێت.
دەبێت ئەوە بزانین كە بڕیارەكانی ڕابردوومان ئێمەی گەیاند بە ئەمڕۆ، وە بڕیارەكانی ئەمڕۆ دەمانگەیەنێتە چەند ساڵی داهاتوو، بۆیە هەر ئێستا بڕیار بدەن، كە ئایا چیتان دەوێ لە ژیان، خۆتان دەتوانن نەخشە سازی بۆ ژیانتان بكەن، كەوایە بڕیار بدەن، ئایا دەتانەوێ لەو ژیانە ڕۆتینییە بەردەوام بن یاخود دەنگێك لە ناختان بەنگتان دەكات بەرەو خەونەكانتان و دوای دەكەون؟
بڕیارەكان لە دەستی خۆتانە، پێویستە ئەوە بزانن، ژیان سیستەمێكە، ئەوەی ئەمڕۆ ئەنجامی دەدەی كاریگەری لەسەر كارەكانی سبەینێت دەبێت، ڕەنجی ئەمڕۆت گەنجی سبەینێ بەرهەم دێنێ.

 

زۆرترین بینراو