گەنجان لە دونیای خەیاڵ و ئاڵۆزاویدان

غەفوور عەبدوڵڵا

گەنجیەتی قۆناغێكی گرنگە لە ژیانی مرۆڤ، بەڕای زۆرێك لە شارەزایان تەمەنی گەنجیەتی لە 18 ساڵیەوە دەست پێ دەكات تاوەكو 40 ساڵی،ئەم قۆناغەش بە مەزنترین قۆناغی هزری مرۆڤەكان دادەنرێت، بۆیە گەنج ئەو توێژەیە كە مەزنترین وزەی كۆمەڵگەی لە خۆیدا كۆكردوەتەوە و هەموو كەسێك بەو قۆناغە گرینگەدا تێپەردەبێت.
لەم قۆناغە دا رێگەی تەواو دەگرێتە بەر بۆ گەیشتن بە كامڵ بوونێكی تەواوی ژیری و رۆشنبیری، بۆیە هەر كەسێك بیەوێت لەو قۆناغە دا هەلی گرنگ و ناوازە لە دەست نەدات، بێگومان كۆتاییەكی پرشنگدار دروست دەكات و دەگاتە ئاستێكی باشی كایەكانی ژیانی، وەك دەبینین كە پانتاییەكی زۆری كۆمەڵگە بە بەر هێز و بازووی چینی گەنج كەوتووە، گەنج چینێكە بە شێوەیەكی چالاك شتەكان وەردەگرێت، هەمیشە چینی گەنج بووەتە سەرەتای هەموو كایەكانی ژیان و توانای گۆڕانكاری هەیە لە كۆمەڵگەدا زۆربەی كۆمەڵگە پێشكەوتووەكان لە بواری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ڕامیاری پشت بە توێژی گەنج دەبەستن.
لە كۆمەڵگەی ئێمەدا پێناسەیەكی تەواو بۆ توێژی گەنج نەكراوە، جگە لەوەی كە گەنج وەك لایەنێكی پێگەیشتویی سێكسی و حەزو ئارەزووەكان سەیر دەكرێت، لە كاتێكدا چینی گەنج زۆر مەزنترە لەو خوێندنەوەی بۆی دەكرێت، گەنجی ئێمەش كەوتۆتە نێو ئاڵۆزیەكی تەواو خەیاڵی،ڕاستە بۆ دەرخستنی توانای گەنج پێویستی بە دەسەڵاتێكی تەندروست، سیستەمێكی تەواو و كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو هەیە،بەڵام ئەمە لە نێو كۆمەڵگەی ئێمەدا نابینرێت و پرۆسە و سیستەمی پەروەردە نالە بارە و ناتەندروستە، حكومەت و دەسەڵات بێ كەم و كوڕی نییە و دامەزراندن لە شێوەی نەبوون دەردەكەوێت و تاڕادەیەك نەماوە،بەڵام خودی گەنجی پێگەیشتووی كامڵ نەك هەر ئەمە بەڵكو هیچ شتێك نابێتە رێگر لە بەردەم بەرێوەچونی سەركەوتنەكانی لە ژیاندا كە بەداخەوە زۆربەی گەنجەكانمان بە خۆ بەستنەوە بە حكومەت و چاوەرێی دامەزراندن توانا مەزنەكەی خۆیان بە فیرۆ دەدەن.
بۆیە لێرەدا ژیانی گەنج و بەرەو پێش چونی توێژی گەنج لە نێو كۆمەڵگەی كوردیدا جگە لە ناتەواوی ژیان و دواكەوتوویی و نەگەیشتن بە ئامانج هیچی تر بەرچاو ناكەوێت، گەنجی كۆمەڵگەی ئێمە ئەوەندە كە خۆی بە شتی بێ مانا و بێ كەڵك بەستۆتەوە، ئەوەندە بیری لە شتی بەسود و بە نرخ نەكردۆتەوە، تامەزرۆیی ئەوەن تا شەویان بە سەردا بێت ئاخۆ چ كافتریایەك و چ تامێكی نێرگەلە هەڵبژێرن تا كاتەكەیان پێ پرببێتەوە و كاتێكی خۆش بەسەر بەرن، ئەوەندە بیر لە توانای بەدەست هێنانی زانست و زانیاری ورۆشنبیری ناكەنەوە.
نایانەوێت بەدەم كایەكانی ژیانیان بچنو هەر بە بێ بەرنامەیی ژیانیان بەرێوە دەبن،كە بە داخەوە نایزانن مەزنترین و بەنرخترین قۆناغەكانی ژیانیان لە دەستدەدەن.
گەنج هەمیشە كێشەی نەبوونی ئازادی هەیە،بەڵام گرینگ ئەوەیە گەنج سود لە ئازاد نەبوونی خۆی وەربگرێت كە كۆمەڵگە یان ئایین لێی قەدەغەكردووە، ئەویش بە هۆی تێگەیشتنێكی تەواو و بەدواداچوونی ئەم نائازادیە لە هەندێ شت بۆی دەربكەوێت كە لە بەرژەوەندی ئەوە یاخود نا، بەم شێوەیە دەگاتە ئاستێكی باشی زانیاری، بەڵام گەنجی ئێمە جگە لە گلەیی كردنی ژیان و بێ بەرنامەیی و بێ ئەوەی لێی بكۆڵێتەوە كە بۆچی بەم شێوەیە، لەكۆتاییدا ناگاتە هیچ دەرئەنجامێكی تەواو.
بەدەر لەمە دیاردەیەك لە نێو مێشكی گەنجانی ئێمەدا بوونی هەیە كاتێك دێن بڕیار دەدەن بەرنامەیەك بۆ رێكخستنەوەی ژیانیان دابنێن، رۆژی یەكەم بە تامەزرۆ و گڕوتینێكی تەواو دەست دەكەن بە نووسینی بەرنامەكە و بەو پەڕی حەزەوە، دوای رۆژی دووەم كە دێتەسەر جێ بە جێ كردنی بەرنامەكە لاواز و كاڵ دەبێتەوە، واتە ناگاتە هەفتەیەك هەر واز دێنن و دەست دەكاتەوە بە گلەیی و گازاندە لە دەوروبەر و حكومەت و ئەوان بە هۆكاری ئاڵۆزی ژیانی دادەنێت لە كاتێك دا ئاڵۆزیەكە لە ناو خودی خۆیەتی هەر بۆیە دەوترێت (گەر بتەوێت دەرووبەری خۆت بگۆریت سەرەتا خۆت بگۆرە).
كاتێك گەنجی ئێمە بە رێژەیەكی زۆر زانكۆ و قۆناغەكانی خوێندن تەواو دەكات ڕاستەوخۆ وا بیردەكاتەوە كە دەبێت دابمەزرێت، دوای ئەوە كە دانامەزرێت، دەروخێت و هەرچی هیواو ئاواتی ڕابردووی هەیە لە ناو دەچێت لە كاتێكدا دەتوانێت بەو توانایەی كە هەیەتی بگاتە هەموو شتێك،هەندێك لە زانایانی دەروونناسی ئاماژە بە چەمكی (دەبێ) دەكەن كە نابێت ئەو وشەیە لە ژیانی خۆیاندا بەكاربێنن،چونكە كاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانیاندا دروست دەكات و ژیانیان دەكەوێتە قاڵبێكی مەجبوریەوە بۆیە سەركەوتن لە كار و ژیاندا بە دەست ناهێت.
گەنجی ئێمەدێت خەیاڵ بۆ داهاتووی دەكات،ڕاستە خەیاڵ كردن ئاراستەیەكی دروستە بەڵام گەنجانی ئێمە خەیاڵ و وێناكردن بۆ داهاتوویان دەكەن، بەڵام بە شێوەیەكی ئاڵۆز و تێكەڵاو، بۆنموونە ئەمرۆ بیر لە كردنەوەی دووكانێك دەكاتەوە رۆژی بەسەردا دەچێ‌ و لە رۆژی دووەم خەیاڵ و بیرێكی تر بۆی دروست دەبێت بەم شێوەیە هەرچی گەنجێتییە بە خەیاڵ و بیری بێ مانا بەرێ دەكات و ناگاتە هیچ شتێك، بۆیە دانانی بەرنامە بۆ ژیان گرنگە بەڵام گرینگتر لەو جێبەجی كردنیەتی.لە ئەنجامدا سەرلێشێواوی و ئاڵۆزی گەنج بە پلەی یەكەم خودی خۆیەتی و دواتر خانەوادە و دەورووبەر و حكومەت لێی بەرپرسن.

گەنجی ئێمە ئەوەندەی خۆی بە شتی بێ كەڵك بەستۆتەوە، ئەوەندە بیری لە شتی بەسود نەكردۆتەوە

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

گەنج و داینەموو

گەنج و داینەموو

دەرمانناسی

دەرمانناسی

رواندزیانی

رواندزیانی

بیروڕا

زۆرترین بینراو