گەنجان لە پڕۆسەی هاوسەرگیری تۆقیوون

گەنجان لە پڕۆسەی هاوسەرگیری تۆقیوون

بەرەڤان شاكر سلێمان لاچ- سۆران: ساڵانە رێژەیەكی زۆری گەنج لە زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان دەردەچن و دەبن بە گەنجی پێگەیشتوو، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەینێت كەوا بتوانن پڕۆسەی هاوسەرگیری پێكبێنن، چونكە هەروەك دەبینین بەردەوام ریژەی بیكاری لەبەرزبوونەوەدایە، ئەمە جگەلەوەی رێژەی هاوسەرگیری لە نزمبوونەوەدایە، لەوانەیە هەر لەبەر ئەمەبێت گەنجی كوردستان لە پێكهێنانی پڕۆسەی هاوسەرگیری بترسێت.
چیا خۆرشید، هاووڵاتییەكی كوردستانە و سەبارەت بەوەی بۆچی گانجان لە پڕۆسەی هاوسەرگیری دەترسن دەڵێت: من دەرچووی زانكۆم و شانزدە ساڵ بە شەو و رۆژ ژیانم تەرخانكردبوو بۆ خوێندن، لەم هەندە ساڵانەدا من هیچ دەستكەوتێكی ماددیم نەبوو، بۆیە دوای تەواوكردنی زانكۆش بێ كار ماومەتەوە و هیچ سەرچاوەیەكی داراییم نییە بۆ ئەوەی خۆمی پێ بەخێوبكەم، جا چ ئەوەی هاوسەرگیری بكەم.
ئەو زیاتر گووتی: تیچووی هاوسەرگیری لە كوردستان زۆرە، من لەو هەموو ساڵانەدا خۆم تەرخانكردبوو بۆ خوێندن و هیچ كاردەستیێك فێلنەبووم و پشتم بە زانست بەستی بوو، كەچی ئێستا دەبێت چاوەڕێ بكەم كەی ناخوێندەوارێك دەمكاتە شاگردی خۆم بە بڕێك پارەی كەم.
لەلاییكی ترەوە سەنگەر چیا، دەڵێت: كاتی خۆی دامەزاندن زۆربوو ژمارەیەكی زۆری هاوپولانم وازیان لە خوێندن هێناو بوونە فەرمانبەری حكومی، بیرم دیت ماموستایەكانمان دەیان گووت ئەوانە ژیانی خۆیان فەوتاند، كەچی ئێستا هەمان ئەو كەسانە ئۆتۆمبێڵ و خانوو و ژن و منداڵی هەیە و ئێستا وا خەریكن دەخوێننیش، كەچی من لە بڕوانامەیەك زیاتر هێچی ترم بۆ نەماوەتەوە.
ئێستا نازانم ئەوان ژیانی خۆیان فەوتاند یاخوت ئێمە؟
ژاكاو نەریمان ، قوتابی بەشی ئەندازیارییە و دەڵێت: ئێمەی كچ باوەڕمان بە خۆشەویستی كوڕانی زانكۆ و پەیمانگاكان نییە، چونكە دەزانین ئەوان هیچ دەستكەوتێكی ماددیان نییە بۆ ئەوەی هاوسەرگیرمان لەگەڵ بكەن، هەڵبەت ئەمەش لەخۆمەوە نایڵێم، چونكە چەندین حالەتی وامان بینیوە كەوا كچ و كوڕ لەگەڵ یەكتربوونە، دوای ئەوەی كار گەیشتووە بەوەی هاوسەرگیری بكەن، كوڕەكان گوتوویانە، ئێمە هیچمان نییە تا ژن و منداڵی پێ بەخێو بكەین.
قەسەی ئە گەنجانە لە كاتێكدایە كەوا بەپێی وتەی بەریوبەری ئاماری سۆران رێژەت بێكاری لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی ٢٠١٣دا (٦.٦%)بووە، بەڵام دوای هاتنی قەیرانی دارایی رێژەكە بەرزبووتەوە و ساڵی ٢٠١٧ رێژەكە بەرزبووتەوە بۆ (١٥%).
بەپێی وتەی بەڕێوەبەری ئاماری سۆران ئەم رێژەیەش زیاتر لە ناو توێژی گەنجاندایە.
رێباز نەجات، توێژەری كۆمەڵایەتییە و سەبارەت بەوەی بۆچی ئێستا گەنج لە پڕۆسەی هاوسەرگیری دەترسن دەڵێت: گەنجی ئێمە دەرفەتی كاریان نییە، ئەمە جگەلەوەی ئەوانەی زانكۆ و پەیمانگاكان تەواودەكەن، هیچ كارێكی دەستیش نازانن، دوای زانكۆش دەرفەتی كاریان كەمە.
بۆیە زۆرجار لەوانەیە لەبەر بێكاری دوو عاشق بە یەك نەگەن، دواتر ئەم دوو عاشقە گەنجە توشی حالەتی دەروونی و كۆمەڵایەتی دەبن، ئەمە جگە لەوەی كەوا تا چەند ساڵێكی تر ئەوانەی هاوسەرگیری دەكەن، تەمەنیان سەرووی ٢٥ ساڵ دەبێت، هەڵبەت ئەمەش راستەوخۆ پەیوەندی بە دەرفەتی كار و دامەزراندنەوە هەیە، چونكە ئەگەر گەنج سەرمایەیێكی نەبێت ئەستەمە بتوانێت خیزانێك بەڕێوەببات.
بۆیە پێویستە حكومەت بیر لەوە بكاتەوە ئەو گەنجەی زانكۆ تەواودەكات لەلایان كۆمەڵگاوە چاوەڕێی زۆر كاری لێدەكرێت، بۆیە دەبێت دەرفەتی كار لە كەرتی تایبەت و حكومی بۆ گانجان بڕەخسێت، بۆ ئەوەی گەنجەكانمان بەلارێدانەچن.

 

زۆرترین بینراو