گەنج و داینەموو

رۆمان فەرمان

لە مێژووی مرۆڤایەتی و ئێستادا، گەنجان بە توێژی هەرە گرنگی كۆمەڵگە دانراون، گەنجان بە كاراكتەری سەرەكی دادەنرێن لە جوڵە و گۆڕانكاری ژینگەیی لە شانۆی كۆمەڵگەدا، چونكە هەم لە ڕووی جەستەییەوە هەم لە رووی پێگەوە، تاقمی زیندووی ناوچەكەن بۆ بەرە و پێشچوون یاخود بە پێچەوانەوە هێشتنەوەی كۆمەڵگە بە نەگۆڕ و جێگیری تا ئاستی نغرۆبوون و خنكانی كۆمەڵگە.
هەموو گەنجێك پەروەردەی سەرەتایی لە قوتابخانەی یەكەم، كە ماڵی نەریت و یاسا سەرەتاییەكانە لە خێزانەوە پێی ئاشنا دەبێ، تا ئاراستەبوونی بیركردنەوەی دەپشكوێت دواتر پەنا دەباتە بەر خوێندن و دەزگا پەروەردەییەكان چ بۆ دەستكەوت یاخود ئەزموون تا كاملكردنی خۆی بەردەوام دەبێت.
لە كۆمەڵگەی كوردیدا گەنجان لە دۆخێكی خنكێنەر و بێ ئەمەكدا گوزەر دەكەن و هیچ دڵنیاییەك نییە بۆ داهاتوویان، ئەمەش وادەكات نە خۆیان بەرهەمیان هەبێت نە لایەنی هەرێم و ناوچەكەش سوودیان لێ ببینێت، زۆربەی جار گەنجان دەبنە زەرەرمەندی خێزان و مشەخۆری كۆمەڵگە تا ئاستی رووت بوون.
فەرشی سیستەم بەشێوەیەك راخراوە كە قاچەكانی گەنجان بە ئاسانی لەسەری دەخلیسكێن تا ئاستی شكان، ئەمەش وادەكات گەنجان جگە لە بێ هیوابوون هیچ رێگایەكی تر شك نەبەن لەم دۆخە هەنووكەیەی ئێستادا.
فەیلەسووفی یۆنانی پلاتۆ، دەڵێت" ئەركی لەپێشینەی دەوڵەتە كە سیستەمێكی پاڕاو بۆ پەروەردەكردنی خەڵكی فەراهەم بكات، تا پایەكانی كۆمەڵگە بە باشی بنیادبنێت".
بەڵام ئەرستۆ، ئەویش كە قوتابی (پلاتۆ) بوو، پێی وایە خێزان رۆڵی سەرەكی هەیە لە پەروەردەی تاك!
ئەگەر شرۆڤەی ئەم دوو ووتەی فەیلەسووفانەی كە ئاماژەپێدراو بكەین، هەردووكیان لە پێناسەی خۆیاندا راستن لە پەروەردەكردن و ناساندنی یاسا گشتییەكانی كۆمەڵگە بۆ تاكەكان تا ئاستی ناوەند.
شارەزایانی بواری كۆمەڵناسی و دەروونناسی تا ئێستا ناوێكی گونجاویان نەدۆزیوەتەوە بۆ ئەم سیستەمە ئالۆزەی كۆمەڵگەی كوردی، بەڵام زیاتر لەسەر ئەوە كۆكن سیستەمێكی خێلەكی و كولتووری رۆڵی بەرچاوتری هەیە لە ئارستەكردنی گەنجان و بە چارەنووسكردنیان، ئەمەش روونە زیاتر كێشە بۆ گەنجی سەردەم دروست دەكات، گەنجان ناتوانن لەگەڵ بیری كۆن و نەریتپەرستی هەڵبكەن و هاوسەنگی كۆمەڵگە بشلۆقێنن.
چونكە سەردەمی ئێستا سەردەمی (تەكنەلۆجیا و سەرمایەداری)یە، كە خۆی لە بوارەكانی نوێگەرایی و بەرەوپێشچووندا دەبینێتەوە و شتە جێگیرەكان وون دەكات، بەڵام مانای ئەوە نییە جیهانی سەرمایەداری و مۆدێرن بێ كەم و كوڕبێت، كورد دەڵێت " لە بزمار دەدات و لە ناڵیش دەدات ".
كەوایە گەنجان لەم سیستەمە خێلەكییە رادەكەن و لە پێشوازی جیهانگیریش دەوەستن، چونكە نایانەوێت چینگەرایی بێتە ئاراوە كە بەشێكی كەمی خەڵكانێك قازانج بكەن و زۆرینە تووشی دارۆخان بێن، هەرچەندە ئەم جیاوازیەش شوێنپێی دیارە لەم سیستەمەی ئێستای كۆمەڵگەی كوردیدا.
رۆبێرت میرتۆن، پێی وایە كولتووری سەرمایەداری شیرین كردنی كولتووری وڵاتە سەرمایەدارەكانە لە بەرژەوەندی خۆیان و چەشنێكی كوشندەیە بۆ گەنجان و تاكەكان، ئەمەش بێ ئەمەكی و وێڵی بۆ خەڵكانێك دێنێتە ئاراوە كە هیچ بەهایەكی مرۆڤبوون ناهێڵێت لە قالبی بازرگانیدا، هەروەها رێكخراوە هۆشیاری و تەندروستییەكان بەرپرسیاریەتی خۆیان كاڵ كردوتەوە لە هەمبەر پاراستنی گەنجان و گەشەپێدانیان، كە ئەمانیش لە بەرژەوەندی دەزگا و ماددیەتی خۆیاندا كار دەكەن و هیچ هەڵومەرجێكی گەنجان لەبەرچاو ناگرن، بۆیە لە كۆمەڵگەی كوردی حاڵەتی نەخوازراوی خۆكوشتن بەداخەوە زیاتر لە گەنجان بەدی دەكرێت، بەهۆی نەمانی بەهای تاكەكان و بەفیرۆچوونی كات و نەگەیشتن بە ئامانجەكانیان.

زۆرترین بینراو