گەوەرەترین ناحیەی كوردستان بێ دادگاییە

گەوەرەترین ناحیەی كوردستان بێ دادگاییە

موڕشید برادۆستی – سیدەكان: ناحیەی سیدەكان یەكێكە لە گەورەترین ناحیەكانی كوردستان و عێراق لە رووی رووبەرەوە، بەڵام تا ئێستا بێ دادگایە و هاووڵاتییان بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانیان و مامەڵە و كار و باری یاساییەكانیان روو لە دادگایی سۆران و شارەكانی تر دەكەن .
دادگا یەكێكە لە فەرمانگە و شوێنە پێویستییەكان، خەلك بەردەوام بۆ مامەڵە و كار و بارەكانیان پێویستییان بە دادگا دەبێت، سیدەكان سەرباری گەورەی ناوچەكەی لە هەمان كات یەكێكە لە كۆنترین شارەدێییەكان بەڵام تا ئێستە دادگای لێ نەكراوەتەوە و بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكانیش دەڵێت" هەوڵی زۆرمان داوە بۆ كردنەوەی دادگا و دادنووس بەڵام تا ئێستا بێ ئەنجام بووە.
موسا داود پیشەی مامۆستایە و دانیشتووی سیدەكانە بە زاری كرمانجی گووت" سیدەكان سنوورێكی بەرفراوانی هەیەو ژمارەی دانیشتوانیش زۆرە، لە سیدەكان بۆ سۆران مەودایەكی زۆرە و كاتی زۆری دەوێ، گوند هەیە نزیكەی دوو سەعات لە سۆران دوورە تا كار و بارەكانی لەوێ تەواو دەكات، كاری دادگاش بەسەردانێك و دووسەردان كۆتایی ناهێ ئەمەش بارگرانیەكی زۆری بۆ خەلك دروست كردووە و پێویستە ئەمە لەبەر چاو بگیرێت.
ئاماژەشی بەوەدا" هەبوونی دادگا لەسیدەكان زۆر گرنگە و ئاسانكاریێكی زۆرباشە، داوا لە لە لایەنی پەیوەندی داردەكەین هەوڵی جددی بدات بۆ كردنەوەی دادگا لە نێو سیدەكان .
سدقی كوێستانی چاڵاكوانێكی مەدەنیە لە سیدەكان بە زاری كرمانجی گووت" ژمارەی دانشتوانی سیدەكان بەردەوام لەهەڵكشاندایە، هەر بۆیە بوونی دادگا لەو سنورە بەپێویستیەكی باش دەزانم و نەبوونیشی بارگرانی و قورس كردنی كاروباری هاووڵاتییانە كە پەیوەست بن بەیاسا، ڕۆژانە خەلكانێكی زۆر بەمەبەستی ڕایكردنی مامەلەكانییان روو لەدادگای قەزاكانی سۆران و شوێنەكانی تر دەكەن ئەمەش ئەركی ئەوانی قورس و زەحمەت كردووە .
بە گووتەی سدقی كوێستانی، هەرچەندە لیژنە و بەشە كۆمەڵایەتیەكان كارئاسانانیەكی باشیان بۆ هاووڵاتییان دروست كردوە بۆ چارەسەری كێشەكانیان،بەڵام هەرچۆنێك بێت دەخرێتە چوارچێوەی حیزب و لایەنێكی سیاسی، هەندێ كێشەش هەن لەماڵەكان بە شێوەی عەشائیری چارەسەر دەكرێن، دەرئەنجامی ئەمە دواجار روداوی نەخوازراوی لێ دەكەوێـتەوە، بۆیە بەبڕوای من ئەو جۆرە چارەسەرانە وەك پێویست نین ، لێرە دادگا دەتوانێت زیاتر رۆڵی خۆی ببینێت بە پێی یاسا و رێسای تایبەت كاردەكات واتە جیاوازی لە نێوان هیچ تاكێك و لایەنێك ناكرێت، بوونی دادگا بوونی یاسایە لەهەموو شوێنێك بوونی قانوون و عەدالەتە، لەگەڵا بوونی دادگا كێشەكان كەم دەبن بە تایبەتی لە ناوچە عەشائیریەكان.".
گووتیشی" داوا لە حكومەت و ئیدارەی سۆران و ئەنجومەنی دادوەری دەكەین، بڕیار لەسەر كردنەوەی دادگا لەسیدەكان بدەن و بەپێویستی و خزمەتگوزاریێكی زۆر گرنگی ناحیەكەمان بزانن، هەڵبەتە ناحیەی سیدەكان لەئیستادا خاوەن چەندین گەنجی دەرچووی بەشی یاسان و ئەندامن لەسەندیكای پارێزەرانی كوردستان دەتوانرێ سووودیان لێ وەربگیرێت .
مەهدی داود چاڵاكوانێكی سیدەكانە بە زاری كرمانجی گووت" زۆرمان پێ باشە بۆڕای كردن و ئاسانكاری زیاتر و سەروەری یاسا دادگا لە سیدەكان بكرێتەوە، لەبەرئەوەی سیدەكان ناوچەیەكی دوورەدەستە، جیالەمەش بەهۆی ئەو هەموو رۆتینیاتەوە كە هەن یاسا لە سیدەكان سەروەر نییە.
زیاتر گووتی" بەهۆی ئەوەی سیدەكان شوێنێكی دوورەدەستە و ناحیەیەكی گەلەك بەرفراوانە، تا رادەیەك لە قەزای سۆرانەوە دوورە بەتایبەتی لە زستانان كێشەی هاتووچۆ دروست دەبێت، هەندێ جار رێگاكان پەكی هاتووچۆیان دەكەوێت، بۆیە بەزەروریەتێكی گەورەی دەزانم كە دادگا لە سیدەكان بكرێتەوە كارئاسانیەكی باشیشە بۆ هاووڵاتییان و پشتگیریش لەو بڕیارە دەكەین.
دووپاتی كردەوە" تارادەیەكی باشیش بەشە كۆمەڵایەتیەكان كارئاسانیان بۆ هاووڵاتییانی ئەو دەڤەرە دروست كردوە . بەوەی كێشەكان چارەسەر دەكرێن ، بەڵام دادگا بە یاسای كارەكانی ئەنجام دەدات.
لای خۆشیەوە، ئیسحان چەلەبی بەڕێوەبەری ناجیەی سیدەكان بە زاری كرمانجی راگەیاند" بۆ كردنەوەی دادگا و دادنووس لە سیدەكان هەوڵێكی زۆرمان داوە و چەند جارێك بە نوسراوی فەرمی داوای كردنەوەمان كردووە، هاوڕای بۆچوونی هاووڵاتییانم كە زۆر پێویستە دادگا و دادنووس لێرە بوونی هەبێ و كار ئاسانی بۆ دانیشتوانان درووست دەكات .
زیاتر گووتی" بە بیانووی تەنگەژەی دارایی رەزامەندی كردنەوەی وەرنەگیراوە، ئەگەرنا لە نێو باڵەخانەی شارەدێیەكەمان شوێنی پێویست بۆ كردنەوەی بەشێكی دادگا و دادنووس دابین دەكەین، چاوەڕوانی تێپەڕاندنی ئەو بار و دۆخەین، هەوڵەكانمان بەردەوام دەبن بەهیواین بكرێتەوە هەر وەك فەرمانگەی كارتی نیشتیمانی لە ناوچەكەمان كرایەوە .
سیدەكان لە ساڵی 1932 بووەتە شارەدێ و لە رووی كارگێڕیەوە سەر بە شارۆكەی سۆرانە و بەدووری 144 كم لە باكووری رۆژهەڵاتی هەولێر هەڵكەوتووە، كەوتۆتە سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق، ئێران و توركیا، سیدەكان خاوەنی 250 گوندە و نزیكەی 20 هەزار كەسی لێ نیشتەجێییە .

 

بیروڕا

زۆرترین بینراو