گەڕاندنەوەی شكۆ بۆ پەرلەمان

ئیسماعیل ئیبراهیم

مەسروور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاریدا بچێتە پەرلەمانی كوردستان و گووتارێك لە سەر بارودۆخی كوردستان و پلان و هەنگاوەكانیان لە ماوەی رابردووی حكومەتداری پێشكەش بكات.
ئەم هەنگاوەی كاك مەسروور بەرز دەنرخێنم، هەنگاوێكە بۆ پتەوتر كردنی نێو ماڵی كوردی، بۆ هێنانە دی شەفافییەتی زیاتر، بۆ روونكردنەوەی راستییەكان، بۆ پێدانی زانیاری پێویست لە پەرلەمانەوە بە هاووڵاتییان، بۆ راگرتنی شكۆ و هەیبەتی پەرلەمان.
هەر چەندە چوونی سەرۆكی حكومەت بۆ پەرلەمان چ لەسەر ویستی خۆی بێت یا بانگهێشت بكرێت كە هەر دووكیان یاساین، لە وڵاتان بابەتێكی زۆر ئاساییە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوو لە هەندێك كەناڵەوە وا لێكدەدرایەوە كە سەرۆكی حكومەت ناچێتە پەرلەمان و وەڵامی بۆ پرسیارەكان پێ نییە و هەندێكی دیكەش دەیانگووت خۆی لە پەرلەمان پێگەورەترە.
ئەم بڕیارەی سەرۆكی حكومەت وەڵامی هەموو ئەو كەناڵ و دامەزراوە ئاراستەكراوانە دەداتەوە كە ویستیان لە ئاوی لێڵ راوە ماسی بكەن.
چەند ساڵی رابردوو بە ئێستاشەوە بۆ هاونیشتمانیانی كوردستان و سەركردایەتی سیاسی كورد زۆر هەستیار و ئەستەم بوو، چ لە رووی داراییەوە كە بەهۆی ئابڵوقەی ئابووری حكومەتی ناوەند لەسەر هەرێم و نەناردنی مووچە و بوودجەی پێویست بۆ هەرێم، دابەزینی نرخی نەوت، بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، بوونی زیاتر لە ملیۆنێك ئاوارە لە كوردستان كە بارگرانی لەسەر هەرێم دروست كرد، پیلانی نهێنی و ژێر بەژێری وڵاتانی هەرێمی لە دژی كوردستان، لەشكر كێشی وڵاتان بۆ سنوورەكانی هەرێم و بوردوومان و تۆپباران كردن و كردەیی سەربازی، قۆرغكاری هەندێك بازرگانی چاوچنۆك، ناتەبایی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاوەكانی ئەم كابینەیەی بۆ جێبەجێ كردنی بەرنامەی كاری سست كرد، بەڵام نەیانتوانی بیوەستێنن، چونكە ورەیەكی پۆڵایین بە هەستكردن بە بەرپرسیارییەتێكی لێوان لێو لە ئیرادە لە پشت ئەم كابینەیە بوو.
لە لایەكی دیكەشەوە هەندێك كارەكتەری سیاسی كورد بە هۆی چەند بابەتێكی دیكەی زۆر رووكەش گوشاری زۆریان لەسەر ئەم كابینەیە دروست كرد، كە زادەی بێزاری و چاوپێ هەڵنەهاتنیان بووە لە سەركەوتنەكانی سەرۆكی حكومەت و تیمەكەی، بۆیە هەموو دەم بەدوای هەلێك گەڕاون بۆ كۆسپ دروستكردن بۆ ئەم كابینەیە، بینیمان ئەو كارەكتەرە بچووكانە لە رێگەی بەگەڕ خستنی كەناڵەكانی راگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا بۆ لێدان و ناشیرین كردنی هەنگاوەكانی ئەم كابینەیە شەو و رۆژیان خستەسەر یەك، بەڵام وەك مازی كەری كوون دەپاشۆڵی، دەستیان بە بەتاڵی لە بنی هەگبەكەوە هاتە دەرەوە.
دەمێنێتەوە بەردەوامی سەرۆكی حكومەت و تیمەكەی لە كابینەی ئێستا بۆ جێبەجێ كردنی یاساكانی چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و دارشتنی پلانی قوڵی حكومەتداری بۆ بەڕێوەبردن، هێنانە كایەی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و سیاسی و زەمینە خۆشكردن بۆ ژیانێكی شكۆمەند بۆ هەموو تاكێك.

 

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

بیروڕا

زۆرترین بینراو