یۆنانی کۆن و کوردستانی ئێستا

سۆران سرێشمەیی
تەقریبەن چوارسەد و پەنجا ساڵ پێش زاین، کاتێک تەواوی یۆنان لە هەردوو دەوڵەتە شاری ئەسپاڕتەو ئەسینا پێکدەهات و لە لایەن چینی ئۆرۆستۆکڕاتەکان و پیاوانی ئاینی بەڕێوەدەبرا، چۆنیەتی بەڕێوەبردنەکە کۆمەلگای گریکی کۆنی دابەشی سەر چەندین چینی جیاواز کردبوو، دیارترینیان چینی دەوڵەمەندو ناوەند و کۆیلەو هەژارەکان بوو، ئەڵبەت هەردوولایان واتا ئەسپاڕتەیەکان و ئەسیناییەکان لە چەندین شەڕی ناوەخۆی و هەڵمەتی سەربازی بۆ سەر یەکتر، هەوڵی داگیرکردن و فراوانکردنی پانتایی دەسەڵات و زێدەکردنی نفوز و پێگەی خۆیدەدا، دواجار لە ئان ساتی هێڕشی داگیرکاری فارسەکان بۆ سەر زەوییەکانی یۆنان، هەردوو دەوڵەتە شاری ئەسپارتەو ئەسینا یەکیانگرت و وێكڕا بە مەبەستی پاراستنی وڵات لە هێڕشی فارسەکان لە دەشتی ماراسۆن گورزێکی کەمەر شکێنیان لە هێزە ئێرانیەکە وەشاندو سەرکەوتنێکی مێژوویان بۆ گەلی گریک تۆمارکرد، دوای ئەوە بەهەوڵ و کۆششی فەیلەسوف و چینی دەستە بژێرو ئاقەڵمەندانی یۆنان بۆ ئەنجامدانی ریفۆرمی کۆمەڵایەتی و چاکسازی لە هەناوی جڤاکی گریگ و نەهێشتنی جیاوازی چینایەتی و بنیاتنانی دامەزراوەی دادگای بێلایەن و داڕشتنی یاسای پوختە بە بەرژەوەندی گەلی یۆنانی کۆن، هەردوو دەوڵەتە شاری ناوهێنراو یەکخران و لە چوارچێوەی ئیمپڕاتۆرییەتی ئەسکەندەری گەورە بوون بە زەبەلاحترین هێزی ئەو سەردەمە، هەروەها توانیان دەستبگرن بەسەر خاکی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان،
ئەمە بوو بە پێودانگێک بۆ ئەوەی گەڵی یۆنان و شارستانی ئەو ووڵاتە ببێت بە سەرداری گەلانی جیهان، سەرباری ئەوەی کە ووڵاتی یۆنان لە شەڕی ناوەخۆیی وچانێکی ئەبەدی داو ڕیفۆرمی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی رێچکەی خۆی گرت و سەروەری بۆ یاسا گەڕێنرایەوە و دادگا بوو بە سەنگی محەکی بڕیاردان، هەروەها ئەم پێنگاڤەی یۆنانیەکان باندۆرێکی کاریگەری کردە سەر گەلانی تری جیهان تا تەوقی دیلی و جیاوازی چینایەتی بشکێنن و لە کۆیلایەتی پیاوانی ئاینی و سیاسی و دەوڵەمەندەکان ڕزگاریان بێت.

پێخەمەت، جەوهەر و کڕۆکی مەسەلەکە ئەوەیە کە باشوری کوردستان لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری نەوەدو یەک و شکستهێنانی لە یەکەمین تاقیکردنەوەی دیموکراسی کە خۆی دەبینیەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم شکستە لێکەوتەی نەرێنی بەدواوە هات و ناکۆکی و هەڤڕکیەکان سەری کێشا بۆ هەلگیرسانی شەڕی ناوەخۆیی نێوان هەردوو شاری هەولێر سلێمانی، دواتریش بە هەوڵی هەمەلاینەو لەژێر چاودێری ئەمریکا ڕێکەوتننامەی واشنتۆن هاتە ئارا، هەڵبەت دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سالی ٢٠٠٥، هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوری عیراقی نوێ بە فەرمی ناسێنراو دانی پێنرا، دواتریش ڕێکەوتننامەی ستڕاتیجی نیوان کاک مەسعود و ماجەلال بە نیوە مردووی لە دایک بوو، ئەگەرچی بۆ ماوەی چەند ساڵێک سلێمانی و هەولێر بوون بە دوو جەستە لە ڕۆحی یەک حکومەتدا، بەڵام چونکە لەلایەک بەندەکانی ئەم ڕێکەوتننامەیە بە هێزی باوەڕی گشتی سەر ڕێژنەکرابوو، هەروەها تەواو ڕۆ نەچووبووە هەناوی جڤاکی کوردی، لایەکی تریشەوە پۆپۆلیست و ڕێوییەکانی بەشێک لە سەرکردەکانی هەردوولا بە کۆنکریت بوونی رێکەوتننامەکە، بەرژەوەندی کەسیان دەکەوتە مەترسی، دۆخێکی وایان خولقاند، کە رێکەوتنەکە تەنها پەیوەستبکرێ بە نێوانی هەردوو سەرکردەکە، بینیمان دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال و دواتریش کۆچکردنی، رێکەوتننامەی ستڕاتیجی و جێبەجێنەکردنی خاڵەکان هێندە کاڵکرایەوە، نیوەکەی تریشی لە کارکەوت، خۆشبەختانە لە جەنگی دژی داعش، هەولێرو سلێمانی یەکیان گرت و توانیان بەربە هێڕشی هۆڤانەی ئەو ڕێکخراوە پەڕگیرە بگرن و قەوارەی هەرێمی کوردستان لە داگیرکاریەکی تازەگی بپارێزن، بەڵام ئەمە تەنها ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی سەربازی مەیدانی بوو، چونکە بەدەر لە مەترسی دووژمن و دەستی هێزی دەرەکی و بۆسەر هەرێمی کوردستان، هەروەها مەترسی و نەیاری ڕاستەقینە بریتیە لە مانەوەی شوێنەواری شەڕی لۆکاڵی و کۆت بەندکردنی دادگاو بنپێکردنی یاسا و مۆنۆپۆڵی بەردەوام و فەرهوودکردنی سامانی وڵات و بوونی گەندەڵیەکی بێشۆمار لەسەرجەم سێکتەرەکان، کە پێویستی دەکرد لە پێشتردا بەرەیەکی یەکگرتوو بۆ نەهێشتن و بنەبڕکردنی پێکهاتبوا، وەلێ ئێستاش درەنگ نەبووە کە دەبینین هەوڵێکی جدی هەیە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی ڕاستەقینەو بە دامەزراوەکردنی دامودەزگاکانی میری، جا ئەگەر چی چاکسازییەکان بە ئەندازەیەکی کەمیش بێت، پێویست دەکات چینی نوخبە و نووسەرو قەڵەمە بە بڕشتەکان بە بەرمەبنای ریفۆڕمێکی گشتگیر، پێشڕەوی شەقام بکەن لینکێک لە نێوان هاولاتی و حکومەت درووستبکەن و هاوکارو هەماهەنگی ئەو ئێڕادە تازەیە بن لە ڕێچکەگرتنی بەرنامەی چاکسازی و دواتریش تێکۆشان بۆ بە چڤاکبوونی باشوری کوردستان و کارکردن بۆ بەرپاکردنی شۆڕشێکی ڕۆشنبیری و هەڵوەشاندنەوەی جیاوازی چینایەتی لە باشوری کوردستان، چونکە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە بەشێک لە ڕادیکالیستەکان بە منەتی خەباتی شاخ، سیستەمی کاپیتالیزمیان لە نێو کۆمەڵی کوردی بە جۆرێک ئاواکردووە کە ڕەنگە جگە لە راپەرینێکی هزری، چەشنە ڕێگەیەکی تر نەتوانێ هەوڵەکانی ئەوان ڕاوەستێنێ، ئەم نۆڕمەی سیاسەتکردنی بەشەێک لە سەرکردە دیماگۆک و بەرژەوەنخوازەکان، کاریگەری نێگەتڤی کردۆتە سەر تەواوی جومگەکانی ژیان، کارگەیشتۆتە ئەوەی کە کۆمەلگای هەرێمی کوردستان بەبێ ویست و ئارەزووی خۆیان بە کۆیلەکراون، کە ئەمەیان ترسناکترین جۆری سیاسەتکردنە، بۆیە بەردەوامیدان و ڕێگەنەگرتن لەم ڕیتمەی کارکردن، قەوارەی هەرێم و شەقامی باشوری کوردستان بەرەو چارەنووسێکی نادیار رێدەکەوێ.

بۆیە دەکرێ ئەزموونی یۆنانی کۆن بۆ ئێستای هەرێمی کوردستان سوود لێوەرگرین و ووڵاتی خۆمان بدەینە دەست دادگا و کۆی یاساکان پیرۆزو سەروەر بکرێن، هەروەها هەولێکی دەستەجەمعی وەگەڕبخەرێ، تا کەسانی شارەزاو لێهاتوو کار بۆ دەوڵەتسازی بکەن و بونیادی ئەم وولاتە دووبارە لەژێر ڕۆشنیایی دەستورو یاسا دابرێژنەوە.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

بیروڕا

زۆرترین بینراو