یەکێتی تۆپی پێی کوردستان چەند بڕیارێکی نوێ دەردەکات

یەکێتی تۆپی پێی کوردستان چەند بڕیارێکی نوێ دەردەکات

ئەمڕۆ شەممە ١٤/١٢/٢٠١٩ بە ئامادەبوونی سەرۆک و جێگر و سەرجەم ئەندامەکانی، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و، ئەم بڕیار و راسپاردانەی خوارەوەی دەرکرد:

١- نووسراوی یانەی زانکۆی جیھان بە ژمارە ٨٠ لە رێکەوتی ١/١٢/٢٠١٩ تایبەت بە کشانەوەی یانەکەیان لە خولی نایابی فوتساڵی کچانی کوردستان پەسند کرا، بە پێی رێنماییەکانی یەکێتییەکەمان بڕیاردرا بە:
• سڕکردنی تیپی فوتساڵی کچانی یانەی زانکۆی جیھان بۆ ماوەی دوو وەرز، واتە ناتوانی بەشداری لە چالاکییەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بکات لە وەرزەکانی ٢٠١٩/٢٠٢٠ و ٢٠٢٠/٢٠٢١.
• غەرامەکردنی یانەی ناوبراو بە بڕی ١,٠٠٠,٠٠٠ یەک ملیۆن دینار.
• ئازاد کردنی سەرجەم کچەیاریزانانی فوتساڵی یانەی ناوبراو بە گواستنەوەیان بۆ ھەر یانەیەک.
٢- لەبەر ئەوەی یاریگەی چیمەنی دەستکرد لە شاری کۆیە ھەیە و تیپی لاوانی یانەی کۆیە یاری لەسەر ئەنجام دەدات، داواکاری یانەی کۆیە پەسند نەکرا، کە داوایان کردووە لە کاتی کەش و ھەوای نالەبار یاریگەی چوارقورنە وەک یاریگەی دووەمی خۆیان لە خولی پلەیەکی کوردستان بەکار بھێنن.
٣- لە یاری نێوان برایەتی و دھۆک لە خولی نایابی کوردستان، بە ھۆی ھەڵەی زەقی یاریدەدەری ناوبژیوانی یەکەم (سۆران ئەحمەد)، بە رەتکردنەوەی گۆڵێکی دروست بۆ یانەی دھۆک بە بیانووی ئۆفساید، بڕیاردرا بە راگرتنی ناوبراو بۆ ماوەی یەک مانگ لە بەرێوەبردنی یاری.
٤- لە یاری نێوان ھەندرێن و ئاڵا لە خولی نایابی لاوانی کوردستان، بە ھۆی ھەڵەی زۆری ناوبژیوانی ناوەڕاستی یارییەکە (عەلی ئەکبەر) بە ھەژمارکردنی لێدانێکی سزای نادروست بۆ یانەی ھەندرێن و ھەژمارنەکردنی لێدانێکی سزای دروست بۆ یانەی ئاڵا، بڕیاردرا بە راگرتنی ناوبراو بۆ ماوەی دوو مانگ لە بەرێوەبردنی یاری.
٥- بە ھۆی نادروستی لە راپۆرتی سەرپەرشتیاری یاری نێوان ھەندرێن و ئاڵا لە خولی نایابی لاوانی کوردستان (سامی عەلی)، گرینگی نەدان بە چاودێری ناوبژیوانی یارییەکە، بڕیاردرا بە راگرتنی ناوبراو بۆ ماوەی دوو مانگ لە سەرپەرشتی کردنی یارییەکان.
٦- ئاگاداری یانەی پێشمەرگەی ھەولێر دەکەینەوە، پێویستە لە کاتی بەرێوەچوونی یارییەکانی تیپی لاوانی یانەکەیان لە یاریگەی پێشمەرگەی ھەولێر / ھەولێر، پیاوانی پۆلیس ئامادە بکرێن.
٧- لە یاری نێوان ھەڵۆ و کۆیە لە خولی پلەیەکی کوردستان، بە ھۆی کێشە و گرفتی یارییەکە، ئاگاداری ھەردوو بەڕێز (ئەحمەد خەلیل) سەرۆکی یانەی ھەڵۆ و (محەمەد حەسەن) ناوبژیوانی ناوەڕاستی یارییەکە دەکەینەوە، رۆژی شەممە ٢١/١٢/٢٠١٩ لە کاتژمێر ١٢:٠٠ ـی نیوەڕۆ، لە بارەگەی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئامادەبن.
٨- لە یاری نێوان ھەڵەبجەی شەھید و شەقڵاوە لە خولی پلەیەکی کوردستان، بە ھۆی بەکارھێنانی مۆبایل لە لایەن یاریدەدەری راھێنەری یانەی شەقڵاوە (دڵشاد محەمەد ساڵح)، ھەروەھا دەرکردنی لە یارییەکە بڕیاردرا بە:
• راگرتنی ناوبراو بە ئامادەنەبوونی لە نێو یاریگە لە یاری داھاتووی یانەکەی.
• غەرامەکردنی ناوبراو بە بڕی ٢٥٠٠٠٠ دوو سەد و پەنجا ھەزار دینار.
٩- یارییەکانی گەڕی چوارەمی خولی پلەیەکی کوردستان، لە رۆژی سێشەممە ١٧/١٢/٢٠١٩ بەرێوە دەچێت.
١٠- بڕیاردرا بۆ لەمەودوا لە خولی نایابی کوردستان، سەرپەرشتیارانی یاری و ھەڵسەنگێنەری ناوبژیوانان بەمشێوەیە بێت:
• سەرپەرشتیاری گشتی یاری.
• سەرپەرشتیار و ھەڵسەنگێنەری ناوبژیوانان.
١١- دوای لێکۆڵینەوە لە رووداوی تاقیکردنەوەی ناوبژیوانان لە نێوان سکرتێری لێژنەی ناوبژیوانان (سیروان سەلمان) و (ھیوا عەلی) ناوبژیوان، دەرکەوت لێک تێنەگەیشتن لە نێوان ھەردوولا ھەبووە، دوای ئاشتبوونەوە و گیانی لێبوردەیی ھەردوولا، بڕیاردرا بە داخستنی دۆسیەکە و دووبارە کردنەوەی تاقیکردنەوەکانی تیۆری و جەستەیی بۆ ناوبژیوان (ھیوا عەلی) لە لایەن لێژنەیەکی تایبەت.
١٢- ئاگاداری ئەم بەڕێزانەی خوارەوە دەکەینەوە، رۆژی شەممە ٢١/١٢/٢٠١٩ لە کاتژمێر ١٢:٠٠ ـی نیوەڕۆ لە بارەگەی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئامادەبن، بۆ کاری پێویست.
• جەودەت ناسح
• وەلید عەبدولرەحمان
• سینان ناسر
• قوسەی محەمەد
• ئەحمەد نۆفل

بابەتى پەیوەندیدار وەرزشى

زۆرترین بینراو