ئەستێرەیەكی گەش لە ئاسمانی وەرزشی دەڤەری سۆران

ئەستێرەیەكی گەش لە ئاسمانی وەرزشی دەڤەری سۆران

مەهدی محەممەد- رواندز :

سەرەتا هەست و خۆشەویستی خۆی بۆ تۆپی پێ ی، بەلاسایكردنەوەی كومێنتارە وەرزشییەكانی كەناڵە عەرەبیەكانەوە دەردەبڕی، ئەو ئەگەرچی تەمەنی تەنها 8 ساڵان و لە پۆلی دووەم دەیخوێند، بەڵام هەمیشە لەلایەن مامۆستاكانیەوە رادەسپێردرا بۆ ئەوەی كۆمێنتاری بۆ تەواوی یارییەكانی نێو قوتابخانەكەی بكات، ئەگەر ئەو كات لەلایەن مامۆستاكانیەوە داواكراو بێ بۆ كۆمێنتاریی، ئەوە ئەمڕۆ بەهۆی توانا و لێهاتوویی ئەو لە تۆپی پێدا، چاوی زۆر لە یانەكانی كوردستانی لەسەرە. 
ئەحمەد كەوكەز محەممەد تەمەن 22 ساڵ دانیشتووی شاری رواندز و یاریزانی یانەی وەرزشی سۆران، لە دیمانەیەكی تایبەتی زاری كرمانجی باس لە ژیانی وەرزشی خۆی دەكات و دەڵێ‌"هەر لە تەمەنی منداڵییەوە ئارەزووم لە تۆپی پێ بوو، لەگەڵ منداڵانی گەڕەك لەبەردەم مزگەوتی نزیك ماڵەكەمان بە درێژایی رۆژ خەریكی یاریكردن دەبووین بە تۆپێكی باغەی رەق، لەو كاتەوە حەز و خولیای من بۆ تۆپی پێ رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبوو، تا ئەو كاتەی یاریگەی بچووك دروستكرا لە رواندز، ئەو كات لەگەڵ ئامۆزایەكم هاتینە یاریگاكە و یاریەكمان كرد، دوای ئەوە كاك فەرهاد ساڵح كە ئەو كات راهێنەری دوو تیپی دەكرد بە ناوەكانی (ئەژین) و (ئاگرین) بۆ بچووك و لاوان، ئیدی لە ژێر سەرپەرشتی ئەو سەرەتا لە ئەژین دەستم بە یاریكردن كرد و دوای ماوەیەك بە هۆی ئاست بەرزیمەوە منی سەرخست بۆ تیپی دووەم، دواتر لە ساڵی 2016 پەیوەندیم كرد بە تیپی (زەنگ)، دەتوانم ئەم قوناغە بە قۆناغێكی پڕ لە درەوشانەوەو بەرزبوونەوەی ئاست و توانام بناسێنم و لەوێ سەركەوتنەكانم دەستیپێكرد و بۆ چەند ساڵێك بوومە گۆڵكاری تیپ، ساڵی 2017 كاتێ یاریمان لەگەڵ تیپێكی سۆران كرد، لەو یارییەدا ئاستێكی باشم پێشكەشكرد، ئەمەش وای لە راهێنەری تیپی وەرزشی هەڵۆی بارزان كرد، دوای یارییەكە پەیوەندیم پێوە بكات و داوام لێبكات كە ببمە یاریزانی تیپەكەی، بە خۆشحاڵییەوە داواكارییەكەی ئەوم قبووڵكرد و بۆ ماوەی چەند مانگێك لەو تیپە مامەوە، دواتر لەبەر یانەی وەرزشی رواندز دەستبەرداری تیپەكە بووم و ساڵی 2019 بوومە یاریزانی یانەی وەرزشی رواندز".
ئەحمەد پێی وایە وەرزش بە گشتی لە كوردستان، لە رووی ژێرخانەوە هەژارەو پێویستی بە گۆڕانكاری و هاوكاری و پاڵپشتی زیاترە لەلایەن حكومەتی كوردستانەوە، بۆیە دەڵێ‌"وەرزشی كوردستان لە رووی ژێرخانەوە هەژارە و پێویستی بە گۆڕانكاری تەواو هەیە، تاكو ئاستی بەرز بكرێتەوە و هاوتا بكرێت لەگەڵ وەرزشی وڵاتانی دراوسێ، بۆیە حكومەتی كوردستان دەبێ زیاتر بایەخ بە وەرزش بدات و كار لەسەر دروستكردنی هۆڵ و یاریگاو مەلەوانگە و كۆمەڵگەی وەرزشی زیاتر بكات و چاوی لە وەرزشوانان بێ".
ئەحمەد لە وەرزی ئەمساڵدا لەگەڵ یانەی دایك (یانەی وەرزشی رواندز) ئاستێكی زۆر باشی پێشكەش كرد و بووە سێیەم گۆڵكاری خولی پلە دووە كانی كوردستان، بەڵام سەركەوتوو نەبوون لە گەیشتن بە ئامانجە گەورەكەیان و سەرخستنی یانەكەیان بۆ پلەی نایاب، هەر بۆیە بووە جێگەی بایەخی یانەكانی تر و هەروەكو خۆی بۆ زاری كرمانجی باسی دەكات چەند گرێبەستێكی پێشكەش كران، بەڵام رەتیكردۆتەوە، تا دواجار یانەی وەرزشی سۆران هاتەسەرخەت و گرێبەستی پێشكەشكرد و ئەویش قبووڵی كرد، ئەحمەد دەڵێ‌"لەبەر ئەوە یانەی سۆرانم هەڵبژارد، چونكە بۆنی رواندزی لێ دەكەم، بەلای منەوە هەردوو شار یەك گیانن، بەڵام لە دوو جەستەدا، هاوبەشی و لێكچوونی زۆر هەیە لەنێوان هەردوو شار، بۆیە دەمەوێت لەماوەی 3 ساڵی گرێبەستەكەم هەرچی توانا و هێزی خۆم هەیە بیبەخشم لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجی یانەكە".
ئەحمەد سوپاسگوزاری باوكی خۆیەتی كە پاڵپشت و هاوكاری بووە لە گەیشتن بە ئامانجەكانی، بەتایبەت لە تۆپی پێدا"باوكم پاڵپشت و هاوكاری بەردەوامی من بووەو هانی داوم و گڕوتینی زیاتری پێ بەخشیووم تاكو بەردەوام بم لە یاریكردن و گەیشتن بە ئامانجەكانم، بۆیە هەمیشە هەوڵدەدەم لە ئاست ئەو متمانەیە بم و دڵسۆزانە مەشق بكەم و سەركەوتن بە دوای سەركەوتن تۆمار بكەم، تاكو دەگەم بە ئامانجەكانم و دڵی باوك و خانەوادە و شارەكەشم خۆش بكەم".
هەر یاریزانێك كۆمەڵێك خەون و ئامانجی هەیە لەژیانی وەرزشی خۆیدا، هەوڵ و كۆششی بۆ دەدات، ئەحمەد یش خەون بەوە دەبینێت درێسی یانەی خەونەكانی بپۆشێ و ببێتە یاریزانێكی ناسراوی جیهانی و ناوی نەتەوە و نیشتمانەكەی خۆی بە بەرزی بهێڵێتەوە.   

زۆرترین بینراو