ئەكادیمیای سۆران جامی زانكۆی جیهانی بەرز كردەوە

ئەكادیمیای سۆران جامی زانكۆی جیهانی بەرز كردەوە

مەهدی محەممەد – سۆران :
تازە پێگەیشتوانیی ئەكادیمیای یانەی وەرزشی سۆران بووە پاڵەوانی خولی ئەكادیمیاكانی هەولێر، كە لایەن زانكۆی جیهان سەرپەرشتی دەكرا.
ئازا رواندزی بەڕێوەبەری ئەكادیمیای یانەی وەرزشی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند"ئەكادیمیاكەمان جامی خولی ئەكادیمیاكانی هەولێری بەرز كردەوە".
خولی ئەكادیمیاكانی هەولێر كە بۆ یاریزانانی تەمەن 16 ساڵ و بە بەشداری 10 ئەكادیمیا رێكخرابوو، ئەكادیمیای یانەی وەرزشی سۆران لەسەر ئاستی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەشداریكرد و توانی جامی خولەكە بەرز بكاتەوە،
دكتۆر ئازا ئەوەش دەڵێ‌"شێوازی خولەكە بە دوو یاری دۆران بوو، تەواوی یارییەكان لەشاری هەولێر بەرێوەدەچوو، بە هۆی ئاستبەرزی و لێهاتوویی یاریزانەكانمان، توانیمان بگەینە یاری كۆتایی و لەگەڵ ئەكادیمیای شاوێس( ٢ بە ٠ ) یاریەكە لە بەرژەوەندی خۆمان بەكۆتا بێنین و جامی خولەكە بەدەست بهێنین".
جێگەی باسە هەر یەكێك لە یاریزانان (بەڵێن یاسین) بە 7 گۆڵ بووە گۆڵكاری خولەكە و (هەرێم محەممەد) یش بە باشترین یاریزان دیاركرا، كە هەردوو یاریزان سەر بە ئەكادیمیای ناوبراون.
لە كۆتایدا بەڕێوەبەری ئەكادیمیا، ئەم سەركەوتنەیان پێشكەشی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكات و دەڵێ‌"سەركەوتنی زیاترمان لە هەگبەدایە".

زۆرترین بینراو