چاكسازی كلیلی سەركەوتنی كابینەی نۆیەم

چاكسازی كلیلی سەركەوتنی كابینەی نۆیەم

محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی

بۆ قسەكردن لەسەر یاسای چاكسازی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان  مامۆستایانی زانكۆی سۆران دیدو بۆچوونی خۆیان دەردەبڕن و پێیان وایە ئەم هەنگاوەی سەرۆكی حكومەت هەرێم بەرەو دەوڵەت داری دەبات.

حەسەن مستەفا، مامۆستای زانكۆ و قوتابی دكتۆرا لە فەلسەفەی دەستور بەم جۆرە تێڕوانینی خۆی لەسەر یاسای چاكسازی دەربڕی و رایگەیاند، چاكسازی یاسایی یەكێكە لە پێویستییە گرنگەكانی دووبارە بونیادنانەوەو داڕشتنەوەی سیستەمی حوكمڕانی ڕەشید (Good governance)، بۆیە زۆرێك لە بیرمەندانی بواری سیاسەت و حوكمڕانی، پاراستنی مافی تاكەكان و فەراهەمكردنی دادپەوەری و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی گەندەڵی لەرێگەی یاساوە، بە تایبەتمەندی و ئەركە هەرە گرنگەكانی دەوڵەتی یاسایی هەژمار دەكەن، چاكسازی یاسایی (الاصلاح القانونی) پڕۆسەیەكی پێویست و گرنگە و جۆرێكە لە گونجان لەگەڵ ویستی گشتی تاكەكان و داواكاری شەقام و رێكخستنی ئیداری و سیاسی و هێنانەدی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و ناوبراو. لەمەر خودی یاسای چاكسازی لە هەرێمی سرنجی جیاوازی هەیە و دەڵێت: " یاسای چاكسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 ی تایبەت بە چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و ئیمتیازاتەكان و خانەنشین لە هەرێمی كوردستاندا، بەخوێندنەوەی دەقەكانی یاساكە، هەر لە ناونیشانەكەیدا بە ڕوونی دیارە كە ئەم یاساییە تایبەتە بە رێكخستنی وەزیفەی گشتی  و گۆڕانكاری لە یاسای مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران، چاكسازی پڕۆسەیەكی فراوانە و هەمە لایەنەیەو تەنها لە سێكتەری وەزیفەی گشتی قەتیس ناكرێت."
ئەو مامۆستایەی زانكۆ پێی وایە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی رێگر دەبێت لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و رایگەیاند" لە ماددەی یەكەمی یاساكەدا بەرجەستەكردنی دادپەوەری لە خەرجكردنی مووچە و ئیمتیازاتەكان و رێگەگرتن لە بەهەدەردانی سامان و بوودجەی گشتی وەك ئامانجی سەرەكی یاساكە دەقنووسكراوە، ئەمە هەنگاوێكی گرنگە، بەڵام بەمەرجێك دادپەروەری پیشەیی و كاركردن لە چۆنیەتی مووچە و پلەی وەزیفی بهێنرێتەدی و فەرمانبەرانی فیعلی لەبەرامبەر ئەو ئەركەی ئەنجامی دەدەن مافی تەواویان پێ بدرێت، نەك بەپێچەوانەوە فەرمانبەری فیعلی دووچاری مووچە بڕین بكرێتەوە، ئەو كات پڕۆسەی چاكسازی دەبێتە هۆكارێك بۆ گەندەڵی ئیداری و زۆربوونی بەرتیل و ریشوە، چونكە توێژینەوەكانی بواری زانستی یاسا ئەوەیان سەلماندووە هەر كاتێك فەرمانبەری فیعلی مافێكی هاوشانی ئەركەكەی پێنەدرێت و كەچی كەسانێكی تر بە نایاسایی لە داهاتی ووڵات سوودمەند بن، ئەوا فەرمانبەرانی فیعلیش بۆ پركردنەوەی پێویستییەكانی ژیانیان ڕەنگە دووچاری بەرتیل وەرگرتن و سوودوەرگرتنی ناڕەوا لە وەزیفەی گشتی ببنەوە."
حەسەن مستەفا لە درێژەی قسەكانی دا تیشك دەخاتە سەر ئەو دەقانەی لە یاسای چاكسازی هەن و گووتیشی" بە گشتی یاساكە كۆمەڵێك بڕگەو خاڵی گرنگی تێیدایە، بەتایبەتی لەڕووی یەكخستن و پاككردنەوەی لیستی فەرمانبەرانی نایاسایی و رێكخستنەوەی ئەو بێسەروبەریەی لە موچەو دەرماڵەكانی هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە و پلە تایبەتەكاندا هەن، بەڵام دەبێ ئەوەشمان بیر نەچێت، بە تەنها بوونی دەق و تێكستی یاسایی جوان رێزكردنی بڕگەو ماددەی یاسایی لە دوای یەكتر، نابنە گەرەنتی چاكسازی یاسایی، چونكە بوونی ئیرادەیەكی سیاسی جددی لەلایەن دەسەڵات لە جێبەجێكردنی یاساكە، دەبنە گرەنتی بۆ هێنانەدی چاكسازی، چونكە بە درێژایی مێژووی حوكمڕانی لە عێراق و تەنانەت كوردستانیشدا، زۆرجار هەوڵی چاكسازی و بەرەنگابوونەوەی دیاردەی گەندەڵی و هێنانەدی دادپەروەری  و شەفافیەت دراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی چاكسازی سیاسی و ئیرادەیەكی یەكگرتووی جددی، هەوڵەكان تەنها لە چوارچێوەی مەتنی یاسایی ماونەتەوە، بە تێڕوانینی خۆم، ئەم یاساییە زیاتر دەچێتەی چوارچێوەی یاساكانی رێكخستنی وەزیفەی گشتی وەك لەوەی یاسای چاكسازی بێت، چونكە چاكسازی پڕۆسەیەكی فراوان و گشتگیرە و سەرەتای لە چاكسازی سیاسییەوە دەست پێدەكات كە ڕەگ و ڕیشەی قەیران و نادادییە لە كۆمەڵگەی ئێمە و دواتر لە سێكتەرەكانی وەك داهاتی گشتی و خزمەتگوزاری و پەروەردە و خۆشگوزەرانی ڕەنگدەداتەوە، بۆیە پێویستە هەنگاوی داهاتووی حكومەت چاكسازی بێت لە برەودان بە پەروەردە و خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی گشتی و كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری و متمانەی سیاسی كە سەرەنجام هەموو ئەمانە كاریگەری بەرچاویان هەیە لەسەر ئینتیمای نەتەوەیی.
سەرهەد بایز، مامۆستای فاكەڵتی زانست لە زانكۆی سۆران، بۆچوونی خۆی لەسەر یاسای چاكسازی دەردەبڕێت و هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەم بەگرنگ دەزانێت لەهەمەبەر پرسی چاكسازی و رایگەیاند" لەم كابینەی حكومەتی هەرێم یەكێك لە كارە هەر باش و دیارەكانی یاسای چاكسازییە كە هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بە گرنگەوە لەو یاسایە دەڕوانن و ئومێدی زۆریان هەیە كە كارو باری گەندەڵی بنبڕ بكات یان كەم بكاتەوە بۆ ئاستێك دەستی گەندەڵكاران بگرێت نەتوانن چیتر كاری گەندەڵی بكەن لە كاروباری حكومەتدا سزای یاسای خۆیان وەربگرن، دابینكردنی یەكسانی بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، شایەنی باس و دەستخۆشییە ئەو هەنگاوانەی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، هەنگاوی باش و پڕ بایەخەن كە لە نیوەی تەمەنەی كابینەیەكەوە دەبینرێت و سەرجەم خەڵكی كوردستان ئەنجامی هەنگاوەكان دەبین و بە شێوەیەكی دادپەروەرانە جێبەجێ دەكرێن، تایبەت مادەی ٧ ی یاسای چاكسازی كە موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی پلە تایبەتەكان و خانەنیشینی كراوەو داهاتێكی زۆر بۆ كەسانی نا شایستە دەڕۆیشت كە شایەنی ئەو موچەیە نەبوون و لەژێر ناوێك وەریان دەگرت و ئێستا ئەو داهاتە گەڕاوەتەوە خەزێنەی حكوومەتی هەرێم."
سەرهەد بایز، روونی دەكاتەوە كە چاكسازی بەشەو رۆژێك ناكرێت و ئەو هەنگاوەی سەرۆكی حكوومەت زۆر گرنگ ووڵات بەرەو دەوڵەتداری دەبات دەڵێ" یاسای چاكسازی و پڕۆسەی چاكسازی لە كابینەی مەسرور بارزانی، ئاراستەیەكە بۆ بەرەو دەوڵەتداری حكوومەتێكی پاك و بەهێز تا كۆتایی ئەم كابینەیە سەرجەم بازنەكانی حكومەت دەگرێتەوە ئێمەش وەك هاووڵاتی و مامۆستایانی زانكۆ پشتگیری لە هەنگاوەكانی سەرۆكی حكومەت دەكەین.
لەسەر هەمان پرس د. ماجیدە خۆشناو، ماجیدە خۆشناو، دكتۆرا لە یاسای گشتی باس لەو بڕگەو ماددانە دەكات كە لە دەستپێكی كابینەی نۆیەم بڕیاری لەسەر دراو كاركراوە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی كە یاساكە لە هەشت بەش و (19) ماددە پێكهاتووە، وەك خۆی دەڵێت" بەش و ماددەكانی یاسای چاكسازی ئاشكران كەواتە گرنگی ئەو یاسایە لەوەدایە لە پێناو ڕێكخستنەوەی بواری وەزیفەی گشتی و خانەنشینی لە گشت بوارەكان وەك شارستانی و پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ، هەروەها بەدیهێنانی دادپەروەری و یەكسانی لە خەرجكردنی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتە داراییە گشتییەكان و ڕێگەگرتن لە سوود وەرگرتنی نا ڕەوا و نایاسایی لە بوددجەی گشتی هەرێم، بۆیە گرنگی یاساكە  لەوەدایە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت بۆ ئەوەی ئەم نادادییەی هەیە بەرەو كەمبوونەوە بچێت ."
مامۆستای زانكۆی سۆران د.ماجیدە خۆشناو،  تێبینی خۆی  لەسەر هەندێ  رێنمایی وەزارەتی دارایی دەر دەبڕێت كە زۆر جار ئەو رێنماییانە زیانی بە فەرمانبەری دەوڵەت گەیاندووە و زیاتر گووتیشی"  هەندێ تێبینی هەیە دەبێت بگوترێت كە بڕیار و ڕێنمایی وا دەردەچێت لە لایەن حكوومەتی هەرێم یان وەزارەتی دارایی  زۆر ڕەهایە و روون نین و لەوانەیە لادانی تێدابێ لە هەندێك بنەمای یاسایی، وەك نەگەڕانەوەی یاسا و بڕیار و ڕێنماییەكان بۆ پێشوو، كە دەبێتە هۆی خراپەكاری لە جێبەجێكردنی یاساكە و دژی بەرژەوەندی گشتی و هەروەها دژی بەرژەوەندی فەرمانبەرە، بۆیە لە كاتی دەركردنی هەر بڕیارێك یان هەر ڕێنماییەك بۆ جێبەجێكردنی ئەو یاسایە دەبێ‌ ڕەچاوی ئەمە بكرێت لەگەڵا بەرژەوەندی گشتی و بنەماكانی یاسا لێكنەداتەوە. 

زۆرترین بینراو