سەگە بەڕەڵاكان مەترسییان لە سەر ژیانی هاووڵاتییان دروست كردووە

سەگە بەڕەڵاكان مەترسییان لە سەر ژیانی هاووڵاتییان دروست كردووە

رائیب زراری – سۆران: سەگی بەرەڵا لەنێو شارەكانی ئیدارەی سۆران روو لە زیادبوونن، جگە لە پەلاماردانی خەڵك سیمای شارەكانیان شێواندووە، ئەوەش نیگەرانی هاووڵاتیانی لێكەوتۆتەوە و داواكارن لە لایەنە پەیوەندیدارەكان چارەیەك بدۆزنەوە، چونكە وەكو خۆیان دەڵێن، ئەو سەگانە مەترسییان لەسەر ژیان و تەندروستیان دروستكردووە، بەپێی ئەو ئامارەی لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان هەیە، گەستنی هاووڵاتییان لە لایەن سەگەوە بەڕێژەیەكی بەرچاو زیادی‌ كردووە، بەشی زۆری ئەو حاڵەتانەش كە تۆمار كراون لە لایەن سەگی بەرەڵاوە بووە.
پزیشكان و پسپۆڕانی تەندروستی گشتی و ڤێتەر نەری لەسەر ئەوە كۆكن كە هەر ئاژەڵێكی بەڕەڵا و بێ خاوەن لەسەر شەقامەكان بسوڕێتەوە، مەترسی هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ، چونكە ئەم ئاژەڵە لەوانەیە دەرزی نەكرابێت یان لە رووی تەندروستیەوە پاكنەكرابێتەوەو چاودێری نەكرابێت، بۆیە ئەركە لەسەر حكومەت و رێكخراوەكانی تایبەت بە پاراستنی گیانی ئاژەڵان لەم رووەوە كەمتەرخەم نەبن. رێگایان لێبگیرێت و دووربخرێنەوە،  بوونی سەگی بێخاوەن لەناو شەقام و كۆڵانەكان مەترسی هەیە لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، لە هەمانكاتیشدا ئەگەر سەگ دووچاری نەخۆشی هاربوون بووبێتەوەو گەز لە كەسێك بدات، چارەسەركردنی ئەستەمە .
ئەحمەد كاوە، دانیشتووی یەكێك لە گەڕەكەكانی سۆران بە زاری كرمانجی گووت:" لە دەست سەگی بەرەڵا بێزار بووینە، بەردەوام پەلاماری پەلەوەر و ئاژەڵەكانی ئێمە دەدەن، جگە لەوەی بۆ هەر شوێنێك بچی سەگی لێیە كە زۆرجار پەلاماری خەڵكی داوە و ناتوانن بە ئاسانی هاتووچۆ بكەن، بۆیە پێویستە شارەوانی و لایەنەكانی دیكە بێنە سەرخەت و كۆتایی بەو دیاردەیە بێنن، ئەگەرنا رۆژبەرۆژ مەترسییەكان زیاتر دەبن".
حوسێن شەوكەت، هاووڵاتییەكی دیكەیە، بە هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوت:"لە گەڕەكەكەمان رەوە سەگێك پەلاماری كەسێكیان دا و برینداریان كرد، ئەگەر ئێمە وەكو هاووڵاتیانی گەڕەكە نەچووباینە و كەسەكەمان رزگار نەكردبایە دەیانكوشت، ئەو شوێنەی دەمی سەگ دەگرێت زوو چاك نابێتەوە و تا ماوەیەكی زۆر برینەكە لەسەر جەستەی ئەو كەسە دەمێنێتەوە".
عەلی موحسێن، هاووڵاتیەكی مێرگەسۆرە، بە هەفتەنامەی زاری كرمانجی گووت" جگە لەوەی ژیانی منداڵەكان لە مەترسی دایە، ژیانی ئەو سەگانەش لە مەترسیدایە، چونكە زۆرجار لەسەر شەقامەكان ئۆتۆمبێل لێیان دەدات و دەیان كوژێت و تا ماوەیەكی زۆر لەو شوێنە دەمێنێتەوە و بۆنێكی ناخۆشی لێ دێت، بۆیە پێویستە ژینگەپارێزان و لایەنە پەیوەندیدارەكان رێگە چارەیەك بدۆزنەوە و ئەو سەگانە لە شارەكان دووربخەنەوە، بۆ ئەوەی ژیانی هەموو لایەك پارێزراوبێت. 
ئەمە لە كاتێكدایە، لە لایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، لە ماوەی رابردوو، شوێنێكی تایبەت بۆ بەخێوكردن و كۆكردنەوەی سەگی بەڕەڵا دروست كراوە بەڵام تا ئێستە لە سنووری سۆران ئەو دیاردەیە بنبڕ نەكراوە و سەگی بەڕەڵا لە ناو سۆران و دەورووبەری بەدی دەكرێت .
لای خۆیەوە، د. ئەیاد كەمال، پزیشكی ڤێتێرنەری بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گووتی:" ئەو سەگە بەرەڵایانە برسینە و هیچیان نییە بخۆن، ئەوەش وا دەكات كەپەلاماری خەڵك بدەن، هەروەها مەترسیدارن، چونكە هۆكاری گواستنەوەی چەندین ڤایرۆس و نەخۆشین بۆ مرۆڤەكان، لەگەڵ ئەوەی شوێنی دەمی سەگ پیسە و خەڵك تووشی نەخۆشی دەكات، لە وڵاتان لە شێڵتەرێكی تایبەت رادەگیرێن، بەڵام تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان نەتوانراوە چارەسەری ئەو بابەتە بكرێت، رۆژانە پەلاماری خەڵك دەدەن و كەیسی گەستن لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان تۆمار دەكرێن".
شایەنی باسە، لە دەورووبەری سۆران، ژمارەیەكی زۆری  گوندی لێیە كە مەڕ و ماڵات و ئاژەڵی لێ بەخێو دەكرێت،  هەبوونی ئاژەڵ و سەگی بەڕەڵا لە نێو بازاڕ هۆكارێكی دیكەیە و سیمایەكی ناشارستانی بەخشیوە.

 

 

زۆرترین بینراو