(ئێستا زیاتر پێكەوە هاوڕێین!)

شۆخان عەلی

كاتێك سەرم ئەخەمە سەر سەرین، و دەستم لەژێر ڕوومەتم دادەنێم، بەئەسپیایی گوێم لە دەنگێك ئەبێت، كە دەنگێكی ئاشنای ئێستام و نامۆی كۆنمە. پێشتر نەمدەزانی كە ئەو چرپە چرپەی لەچییە؟ بۆ نایەوێ من بنووم؟ ڕەنگە لەبەر ئەوەی خۆی ناتوانێ بنوێ؟ یان ئارەزووی خوێندنەوەی ئەو پەرتووكانەی بێت كە شەوان بەدەنگەوە یان بە ئەسپایی و كپی بەچاوەكانم دەمخوێندنەوە؟ من بۆ خۆم وەڵامەكان زۆر بوو بوون و خۆیان دەخستە نێو بیرمەوە، بەڵام بڕوایان پێم نەدەهێناو وەڵامێكی دیكە جێگەی ئەوانی لەنگ دەكرد. كات هاتوو چوو ڕۆژانە زۆر هیلاك دەبووم، بەرە بەرە وەخت بوو ئیتر كەمێك لەچپە چپەكان تێدەگەیشتم كاتێك، كە دەمبینی من و ئەو لە ئەركەكانمان پێبڕكێمان دەكرد. بۆیە خەریكبوو بەرە بەرە لەگەڵی ڕادەهاتم و گوێم بۆ دەگرت تا بە زمانی ئەو لە ئاماژەكانی تێبگەم، بەڵام ئەوەی سەیر بوو كە ئێمە زۆر جیاوازبووین، هەرچەندە هەندێ لێكچوونمان هەبوو. ئەو كاتێك قسەی بۆم دەكرد كە كاری خۆی بوو، هەمیشە لەسەر یەك شێوازبوو، نە هێواشتر، نە خێراتر، نەبەزرتر و نەبێدەنگتر! بۆیە هەمیشە هێمن بوو تەنها كاتێك قسەم دەكرد، ئیتر دەنگی من دەبیسترا و ئەو هێمنتر دەردەكەوت، بەڵام هێشتان بەهەمان ڕیتم كاری خۆی دەكرد. ئەمڕۆ كە زۆر هیلاك بووم، تەنانەت نەمتوانی ئەركە بچوكەكانی ڕۆژانەشم ئەنجام بدەم، سەرم خستەوە سەر سەرینەكەم و دەستی ڕاستم خستەوە سەر ڕوومەتم، بەڵام ئەمجارە ئیتر گوێم لە چپە سەیرەكانی بوو. ئەو دەیوت:
- تۆ هێشتا سەرەتاتە؟ ئەڵێ ماندوو بووی؟
خۆم پێنەگیراو وەڵامم دایەوە:
-ئاخر من ئەركم زۆر بوو ئەم ماوەیە و پەستانی زۆرم لەسەربوو...
-تۆ پێویست ناكات پەلەت بێت، هەمووشت لەكاتی خۆی دەستەبەر ئەبێت، نیگەرانییەكان و دڵەڕاوكێكان ئەنجامیان دەبێ، بەڵام ئەوەش بزانە كە زیانت پێدەگەیەنن.
-بەڵام من نازانم پێویستە چی بكەم؟ تۆ ئەڵێی من بتوانم بەسەر قەزاو قەدەرەكان زاڵبم؟
ئەو كەمێك دەستەكانی جوڵاند، كە بەرە و پێشچوونی كاتی بەمن نیشان دەدا و ئاهێكی هەڵكێشا و وتی:
-مەگەر من وەستاوم تا بتوانم ئاهێك هەڵكێشم، مەگەر دەتوانم بێ ئومێدبم و هیلاك بم، یان خاو ببمەوە، نا بەدڵنیاییەوە ئەمرم پێدەكەن كە وەك خۆم كاربكەم، چونكە خێراتر بم هەموو شتێك تێك دەدەم و هێواشتریش ببمەوە لەشوێنەكەم لام دەبەن و ئیتر هیچ كات بیریشم لێناكەنەوە كە كەپێویستیان پێم بێت. دەزانم تۆ مرۆڤیت، بێ ئازار نابیت، ماندوو دەبیت، بێ هیوا و ئومێد دەبیت، بێهێز و ناساغ دەبت، بەڵام هەمیشە پێویستە ئاگاداری سنووری خۆت بیت، چونكە لادانەكان هەندێكجار چۆن من بێكەڵك دەكات ئێوەش لەزۆر شت دوور دەخاتەوە و دەتانباتە دیوێكی تری ئەو مرۆڤەی كە هەرگیز بیریشت لێنەكردۆتەوە، لەم كاتانەش بەدڵنیاییەوە گەڕانەوە بۆ دەمی پێشوو ئەستەمە.
منیش بەوبیرە ماندوو كزەمەوە هەندێك ڕاچڵەكیم و سەودای ئەوەم كرد كەئەبێت چیبكەم؟ ئەویش بەهەمان چرپە و بەئەسپایی خۆی پێمی وت:
-هەمیشە ئاگاداری خۆتبە، كەسی خۆتبە، ئاگاداركەرەوەی خۆتبە، ئاساییە سەرزەنشتی خۆتبكە ئەگەر هەستت بەتەمبەڵی كرد، لەخۆت زویربە، كە خۆت خۆشویست باوەش بەخۆتدا بكە و خۆت پەروەردەبكە و هەمیشە بەرەو پێشتر و باشتر بڕۆ. پاشان ئاهێكی هەڵكێشاو وتی:
زۆر باش بوو ئەگەر كات بگەڕایەتەوە، بەڵام ئاگاداربە ئەو هەموو چرپە چرپەی من بۆ ئەوەیە، كە چۆن هاتووم هەروا بەردەوەم دەبم تاكۆتایی، بێ گۆڕان و بەبێ گەڕانەوە. بۆیە تۆش ئاگاری خۆتبە و بەئەسپایی لەگەڵ من ڕێ بكە. كەم كەم ئیتر من ئارامبوومەوە و نوستم و كاتژمێرەكەم بەدیارمەوە بێداربوو تا سپێدە هات و بە چرپە چرپەكەی بەخەری هێنامەوە. ئێستا لەجاران زیاتر پێكەوە هاوڕێین.

زۆرترین بینراو