ئافرەتان توانیویانە لەزۆربەی بوارە جیاوازەكاندا ڕۆڵیان هەبێت

ئافرەتان توانیویانە لەزۆربەی بوارە جیاوازەكاندا ڕۆڵیان هەبێت

لە دیمانەیەكی زاری كرمانجیدا ناسك سەعید، ئەندامی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان و هاوكات بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی لە ڕێكخراوی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان باس لە ڕەوشی ئافرەتانی كوردستان و ژیانی تایبەتی خۆی دەكات.

دیمانە عەبدوڵاماویلی – هەلێر

ئەگەر خۆت بە خوێنەرانی هەفتەنامەی زاری كرمانی بناسێنی كار و پیشەت چیە؟
ناوم ناسك سعید، ئەندامی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان و بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی هەمان ڕێكخراوم ، هاوكات توێژەر و نوسەر ومیدیاكارم.
لە ساڵی چەند لەكوێ لە دایك بووی لەبنەڕەتدا خەڵكی كوێ؟
ساڵی(1979) لەشاری سلێمانی لەدایكبووم ، بەرەچەڵەك خەڵكی گوندی ژاژڵەم سەر بەناوچەی شارباژێر،
تا قۆناغی چەند خوێندووتە و لەكوێ خوێندنەكەت تەواو كردووە؟
ماستەرم هەیە لە دیجیتاڵ میدیا وكلتوور لە وڵاتی بەریتانیا زانكۆی كۆڤنتری تەواوم كردووە.
لە ساڵی چەند بوو هاتیە ناو ڕیزەكانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان؟
پێشتر هەر پەیوەندیم هەبووە بەڵام لەمانگی( ٣ی ٢٠١٧) وەك بەرپرسی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان دەستبەكاربووم.
ئایا ڕەوشی ئافرەتان لە ئێستادا لە چ ئاستێكدایە؟
پرسیارێكی گشتیرە, چونكە دەبێت پۆلێن بكرێت لەنێوان ئەو پرسانەی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەپرسی ئافرەتانەوە هەیە، بەڵام دەتوانین بڵێن ئێستا بەرەوپێشچوونێكی باشی بەخۆوە بینوە و ئافرەتان توانیویانە لەزۆربەی بوارە جیاوازەكاندا ڕۆڵیان هەبێت و بتوانن تا ئاستێك بچنە ناوەندەكانی بڕیاردانەوە، ئەمەش هەنگاوێكی باشە و پێویستی بە بەردەوامیدان و پاڵپشتیكردن هەیە.
لە ئێستاداتوندو تیژیەكان بەراود بە ساڵانی ڕابردوو چۆن دەبینی؟
هەندێك لەجۆرەكانی توندوتیژی زیادی كردووە, باشترە بڵێم مۆدێلێكی نوێی توندوتیژی هاتۆتە ئاراوە ئەوەی دیكە نەماوە واتە گۆڕانكاری بەسەر جۆری تەندوتیژیەكان داهاتووە، توندوتیژیەكان بەردەوامن و ناتوانین بنیڕی بكەین, بەڵام دەتوانین كەمی بكەینەوە بێگومان ئەمەش لەڕێگەی بەرنامەو كاری هەمەجۆرەوە دەبێت.
هۆكاری توندو تیژیەكان چین چۆن چارەسەریان بۆ دەدۆزرێتەوە؟
هۆكارەكان زۆرن دەكەوێتە سەرجۆری بەریەكەوتنی نێوان ئەو دوو كەسە، بەتایبەتی لێكتنەگەیشتن هۆكاری سەرەكیە، لەوانەشە گرفتە خێزانیەكان بەشێكی دیكەبن لەتوندوتیژییەكان.
ئەوئافرەتانە كێن زیاتر ڕووبەڕوی توند و تیژی دەبنەوە زیاتر چ جۆرە پیاوێكن بەم كارە هەڵدەستن؟
هەموو ئافرەتێك دەگونجێت توشی توندوتیژی بێتەوە, مەبەستم ئەوەیە پلەو پایە و بڕوانامە تا ئاستێك كاریگەری هەیە, بۆ ڕێگری كردن لەو بابەتە, چونكە ئەو ئافرەتانە بەریەكەوتنی زیاتریان لەگەڵ خەڵك هەیە, دەتوانن باشتر كێشەكانیان چارەسەر بكەن, واتە هاوسەرەكانیشیان دەزانن كە ناتوانن توندوتیژ بن لەگەڵیان و دڵنیان ئەو كەسانە ڕاستەوخۆ پەیوەندی دەكەن, بە لایەنی پەیوەندیدار و سكالا تۆماردەكەن, بەڵام ئافرەتێك كە كەمتر بەریەكەوتنی لەگەڵ دەووربەر هەبێت لەوانەیە نەتوانێت یان نەزانێت چۆن خۆی لەو توندوتیژییە ڕزگار بكات، یان دەكەوێتە ژێر كاریگەری كەسانی دەوروبەری و نەتوانێت سكاڵا تۆمار بكات، لەم حاڵەتانەدا بێگومان توندوتیژییەكان هەر بەردەوام دەبن تا, ئەو كاتەی بەتەواوی هاوسەرەكەی دەكەوێتە حاڵتیكی ناچاركراوە كە كۆتایی بە و توندوتیژییە بهێنێت.
ئایا ڕێكخراو سەنتەرەكان ئافرەتان تاچەند توانیتیان ڕێگری بكەن لە زیادبوونی توند و تیژیەكان بەرامبەر بە ڕەگەزی مێ؟
كارێكی زۆر باش كراوە و بەردەوامیشن لەسەر ئەو كارە، گەڕان بەدوای چارەسەر بەكاری سەرەكی خۆیان دەزانن بەڵام, دەبێت لەوەش تێبگەین كۆمەڵگە بەرەو فراوانبوون دەچێت و دەبێت خەڵك هۆشیارتربن و تێگەیشتنیان لەئاستیكی بەرزتردابێت, ناكرێت خاوەن بروانامەی بەرز بێت بەڵام تێگەیشتن و بیركردنەوەت داخراوە بێت، ئەوەش ئەوە ناگەیەنێت كە ئەو كەسەی بڕوانامەی نەبێت ئیتر تێنەگەیشتووە بەپێچەوانەوە بڕوانامە هۆكارە بۆ تێگەیشتن بەڵام بیركردنەوە و حاڵیبون لە پرسە جیاوازەكان دەكەوێتە سەر ئاستی مەودای بیركردنەوەی كەسەكە.
چۆن دەكرێت ڕێگری لە توند و تیژیەكان بگیرێت و لە كۆمەڵگە ئە لایەنانەكێن دەتوانێت ڕۆڵی سەرەكی ببین لە كەمكردنەوەی تەندوتیژیەكان؟
هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت, لە ڕێگریكردن لەتوندوتیژی، ڕێزگرتن و گرنگیدان بەهەستی بەرامبەر هۆكارە بۆ نەمانی توندوتیژی, لەلایەكی دیكەوە میدیا هۆكارێكە بۆ كەمكردنەوەی بیری توندەروی و توندوتیژی, ڕاگەیاندن دەتوانێت لەڕێگەی بەرنامەی جیاوازەوە كاریگەری ئەرێنی لەسەر هزرو بیركردنەوەی خەڵك دروست بكات.
دەمەوێت بچمە سەر پرسیارە تایبەتیەكان سەبارەت بەژیانی تۆ ئایا ژیانی هاوسەریت پێكهێناوە؟
بەڵی ژیانی هاوسەگیریم پێكهێناوە و بەخۆشەویستیش هاوسەرگیریمان كردووە,
ئایا خاوەنی چەند منداڵی ناوەكانیان چین؟
تەنها كوڕێكمان هەیە بەناوی (ئەلەست)
حەز بە گشت و سەیران دەكەی تا ئێستا سەردانی هیچ وڵاتێكت كردووە؟
گەشتكردن فاكتەرێك بۆ دروستبونی تاك لەڕووی پێگەیاندن و ئەزموون وەرگرتن، بەڵی سەردانی زۆر وڵاتم كردووە وەك بەریتا، ئەمەریكا و فەرەنسا و ئێران و توركیا .... هتد ، زۆر حەزم لەگەشتكردنە.
لە ماڵەوە كاتەكان زیاتر بەچی بەسەر دەبەی؟
خوێندنەوە بەشێكی سەرەكیە لەژیانی من، لەماڵەوە كتێبخانەیەكی گەورەمان هەیە و پڕە لەكتێبی هەمەجۆر ، خوێندنەوە بوەتە خەمێكی ژیانم ناتوانم بێ كتێب وخوێندنەوە بم.
وەكو دیارە زۆر حەز بەجلی كوردی دەكەی ئەم جلە لایی تۆ چۆن پێناسەی بۆ دەكرێت؟
جلی كوردی مۆركی ڕەسەنایەتی كوردەواریمانە، تایبەتمەندە لەلای من جلێكی زۆر جوانە
لەگەڵ هونەر و وەرزش چۆنی تاچەند حەزیان پێ دەكەی؟
هونەر دەتوانێت ئاوینەیەك بێت بۆ ژیانی ڕۆژانەمان، گوێگرتن لەمیوزیك فاكتەرێكە بۆبەرجەستەكردنی دەرونێكی ئارامتر، هونەر فێرمان دەكات خۆشەویستی بكەینە ڕێچەكەی سەرەكی ژیانمان، لەبەرئەوەیە دەڵێن هونەر ژیانە, لەگەڵ وەرزش خراپ نیم, بەڵام ئەگەر یۆگا وەك بەشێكی وەرزش وەربگرین ئەوە من لەساڵی ( ٢٠٠٤) وە یۆگا دەكەم بەتایبەت لەڕووی تیۆرییەوە.
زیاتر حەز بەكام وەرزی ساڵ دەكەی چ وەرزێكت زۆر پێخۆشە؟
لە وەرزەكانی ساڵ زیاتر حەز بە وەرزی پاییز دەكەم, ئەم وەرزە لایی من ماما و مەبەستی خۆی هەیە.
پەیوەندی كۆمەڵایەتیت چۆنە تاچەند كەسێكی كۆمەڵایەتی سەردانەكانت زیاتر چین؟
بەخوا لەو لایەنەوە زۆر باش نیم ، سەردان دەكەم بەڵام بەهۆی ئیلتیزامی زۆری كارەكەمەوە كە بەڕاستی پڕكارم كەمتر دەتوانم وەك پێویست سەردان بكەم.
لەگەڵ تۆڕەكۆمەڵاتیەكان چۆنی هاوڕێی زۆرت هەیە تاچەند دەتوانی جوابی هەموویان بدەیتەوە؟
لەسۆشیال میدیا فیسبوك تا ئاستێكی كەم بەكاری دەهێنم بە بەراورد بە بەشەكانی دیكەی سۆشیال میدیا، بەپێی مەجال وەڵامی هاوریێانم ئەدەمەوە و ڕێزم بۆیان هەیە.
ئامۆژگاریت چیە بۆ ئافرەتانیش بەرامبەر پیاوەكان چی بكەن بۆ ئەوەی دڵی هاوسەرەكەی خۆیان بە دەست بێنن؟
پرۆسەی هاوسەرگیری پرۆسەیەكی پیرۆزە، بەتایبەت ئەگەر ئەو خێزانە پڕبێت لەخۆشەویستی و یەكتر قبوڵكردن بەهەموو جیاوازییەكانیەوە, دەبێت لەوە تێبگەین بەرهەمی خۆشەویستی لەخێزاندا پەروەردەیەكی تەندروست دەبەخشیتە مناڵەكانمان و خۆشمان بە گەشبینیەوە دەڕوانینە ژیان, لێبوردن و لێكتیگەیشتن هەوێنی سەرەكی بەردەوامبوونی خۆشەویستی خێزانە, لەخێزاندا نە بڕوانامە نە پلە و پایە نە سەرمایەداری ڕۆڵی هەیە، ئەوەی گرنگە یەكترناسینی حەقیقی ئەو دوو تاكەیە كە بەیەكەوە گرێبەستێكی خۆشەویستیان واژو كردووە بۆ ژیانی هاوبەشی خۆیان، ئەمە گرنگە بكرێتە بنەمای ژیانی هاوسەری نەك شتی دیكە.
لە كوتایدا دوا وتەی جەنابت چیە بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی؟
سوپاس و رێزم بۆ زاری كرمانجی كە ئەركتان كێشاو منتان بەسەركردەوە، ماندوونەبن و دەستان خۆش بێت.

زۆرترین بینراو