ئەندام و لایەنگرانمان خێرمان پێ دەكەن

ئەندام و لایەنگرانمان خێرمان پێ دەكەن

رەمەزان هەرنی- زاری كرمانجی: لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بزووتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی بە یەك لیست بەشداریان لە هەڵبژاردن كرد، بەڵام ئەو حزبە هیچ كورسییەكی بەدەستنەهێنا، ئەوەش وای لەو حزبە كرد كە بیر لەوە بكاتەوە ئەمساڵ كۆنگرە ببەستێت، سەرەڕای ئەوەی ئێستا رەوشی ئەو حزبە لەرووی ئابوورییەوە لەو پەڕی خراپیدایە.
عەبدوڵڵا وەرتی, وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی بە زاری كرمانجی گووت:" وەكو بزووتنەوەی ئیسلامی، پارتێكی سیاسیین لە پێش راپەڕینەوە خەباتمان كردووە تائێستاش بەردەوامین، دەمانەوێت جارێكی تر لە فۆرمێكی نوێ ستراتیژییەت و بەرنامەیەكی نوێ دابڕێژینەوە بۆ ئەم مەبەستە كۆنگرە دەبەستین، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە دەستی بەكارەكانی كردووە و بڕیار وایە لە ناوەڕاستی ئەمساڵ بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزب كۆنگرە ببەستین".
وەرتی، گووتیشی:" بیرۆكەی یەكخستنی ریزی هێزە ئیسلامییەكان لە كوردستان شكستی هێناوە، ئێستاش هیچ جۆرە بیرۆكەیەك لە ئارادا نییە بۆ ئەو مەبەستە هیچ راوێژ و گفتووگۆیەك نیە لە نێوان لایەنە ئیسلامییەكانی كوردستان بۆ بیركردنەوە لە رێگەیەكی لەو شێوەیە كە ئیسلامییەكان لە چوارچێوەی بەرەیەكی ئیسلامی یەكگرتوو كۆببنەوە, بەداخەوە ئەمە یەك لە ئامانجەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی بوو كە ئیسلامییەكان رێزەكانیان یەكبخەن هەر هیچ نەبێت بۆ هەڵبژاردنەكان بەیەك لیست داببەزن و هاو هەڵوێست بن، بەڵام هەموو هەوڵەكان تائێستا شكستیان هێناوە, وەكو بزووتنەوە هەمیشە ئامادەبووین قوربانی بدەین لە پێناو یەكخستنی ریزەكانی پارتە ئیسلامییەكانی كوردستان، بەڵام ئێستا هیچ هەوڵێك نییە بۆ یەكگرتنەوەی پارتە ئیسلامییەكانی كوردستان لەبەرەیەكدا دەستەی باڵای كاری هاوبەش هەبوو ماوەی دووساڵ لە نێوان بزووتنەوە، یەكگرتوو و كۆمەڵ، یەكێك بووم لە دەستەی باڵای كاری هاوبەش دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوە پرۆژەیەك گەڵاڵە كرا كۆنفراسێكی گەورەمان بەست، وای بۆ چووین كە پێویستە پارتە ئیسلامییەكان یەكبگرنەوە لە كوردستان، ئەگەر هیچ نەبێت بۆ هەڵبژاردنەكان، بەڵام بەداخەوە هەوڵەكان سەركەوتوو نەبوون و تا ئێستا هیچ ئەنجامێكی نەبووە".
وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی، ئەوەشی گووت:" تا ئێستا بارەگامان لە سنووری بادینان نییە، ئەوەش لەبەر دوو هۆكارە، یەكەمیان پەیوەندی بە خۆمانەوە هەیە، دووەمیان توانای داراییمان زۆر خراپە لە 2014ـەوە هیچ جۆرە میزانییەیەك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستانمان وەرنەگرتووە تەنها لەسەر ئابوونە و یارمەتی ئەندامەكانی خۆمان بارەگاكانی بزووتنەوە بەڕێوە دەبەین، بەڵام هەوڵدەدەین دوای كۆنگرە بۆ یەكەمجار بارەگا لە بادینان بكەینەوە، هەندێك پارت و لایەنی سیاسی وەك سلفە لە حكوومەت یان لە پارتە دەسەڵاتدارەكان وەردەگرن، بەڵام ئێمە هیچ مینحە و یارمەتییەكمان وەرنەگرتووە, رەوشی ئابووری بزووتنەوە لەو پەڕی خراپی دایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هیچ كات ئامادە نەبووینە سازش لەسەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان بكەین و لەسەر پێیەكانمان وەستاوین، ئەوەش بە یارمەتی ئەندامان و پێشمەرگە دێرینەكان بووە كە نەیان هێشتووە ئاڵاكانمان لەسەر بارەگاكانمان بێتە خوارەوە، بەردەوام بووینە لە كارو چالاكییەكانمان, ئەندامان و لایەنگران خێر بە بزووتنەوە دەكەن و كرێی بارەگاكان دابین دەكەن".
عەبدوڵڵا وەرتی, وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی ئاشكراشی كرد:" لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان هەڵەیەكی تەكنیكی هەبوو كە بزووتنەوەی ئیسلامی تێكەوت، دان بەو هەڵەیە دەنێین, ئەگەر بزووتنەوە بەتەنها بەشداری هەڵبژاردنەكانی كردبایە بەدڵنیاییەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كورسیمان بەدەست دەهێنا, بەڵام بزووتنەوە لەگەڵ یەكگرتوو لیستی هاوپەیمانی هەبوو بۆ هەڵبژاردنەكان رێژەی كورسییەكانی هاوپەیمانییەكە لە 11 كورسی كەمكرانەوە بۆ 5 كورسی، بۆیە هیچ كاندیدێكی بزووتنەوە شانسی سەركەوتنی نەبوو بۆ پەرلەمانی كوردستان, بەهیچ شێوەیەك ناڵێین یەكگرتوو خیانەتی كردووە، ئەگەر هەڵەیەك هەبێت لەلای بزووتنەوە بووە, لە ئایندەدا بڕیاری خۆمان دەدەین و بەهێزتر لە جاران دەگەرێینەوە پەرلەمانی كوردستان".

 

زۆرترین بینراو