سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاڕی دابەشکردنی مووچەی دا

سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاڕی دابەشکردنی مووچەی دا

ئەمڕۆ شەممە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گەڵ شاندی حكومەتی هەرێم كە هەفتەی رابردوو سەردانی بەغدایان كردبوو كۆبووەوە و بڕیارش درا دەست بە دابەشكردنی مووچە بكرێت.

لە كۆبوونەكەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی شاندەكە و ئەندامانی شاندەكە ئەنجامی سەردانەكەیان بۆ بەغدا و گفتوگۆیان لە گەڵ كاربەدەستەكانی حكومەتی فیدراڵی خستەڕوو .جەخت لە سەر بەردەوامبوونی گفتوگۆكان لە گەل بەغدا كرایەوە بە ئاراستەی پاراستن و دابینكردنی ماف وشایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان. بڕیاریشە لەم هەفتەیەدا بۆ درێژەدان بە دانوستان، شاندەكە دووبارە سەردانی بەغدا بكاتەوە .
لە تەوەرێكی دیكەدا دۆخی دارایی ئێستای حكومەت تاوتوێ كراو سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا ، بە پێی ئەو توانا داراییەی ئێستا لە بەردەستە ، دەست بە دابەشكردنی مووچە بكرێت.

لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوون لە سەر جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كرایەوە . هەروەها بڕیاردرا لەم هەفتەیەدا و دوای كۆتاییهاتنی مۆڵەتی دیاریكراو بۆ ئاگاداركردنەوەی ئەو كۆمپانیا و لایەنانەی قەرزداری حكومەتن. رێوشوێنی وەرگرتنەوەی قەرزەكانی حكومەت دەست پێبكات.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەكەدا ، سەبارەت بەو داواكارییانەی كە ئێستا لە بارەی لامەركەزی ئیداریی لە ئارادان، لایەنە بەشدارەكانی حكومەت جەختیان لەوە كردەوە كە پرسی لامەركەزی ئیداری و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆكایەتی حكومەت، بە شێكە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جەختیشیان لە یەكپارچەیی كیانی هەرێمی كوردستان و دژایەتی هەرجۆرە هەوڵێك بۆ دوو ئیدارەیی كردەوە.
"هەولێر-KDP.info- "

زۆرترین بینراو