كار بۆ گەڕانەوەی قەرزی بچووك و سلفەی زەواج دەكەین

كار بۆ گەڕانەوەی قەرزی بچووك و سلفەی زەواج دەكەین

رائیب شێروانی – هەولێر: مەیسەر نهێڵی، سكرتێری یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی باس لەوە دەكات كە بونەتە سەكۆیەك بۆ كۆكردنەوەی لاوان و بەهەندە وەرگرتنی داخوازییەكانیان و بەدواداچوون لەسەر كێشەكانیان، هەروەها باس لەوەش دەكات كە رێژەی ئەندامانیان رۆژ بە رۆژ لە بەرزبوونەوە دایە و دەڵێ‌" ژمارەی ئەندامانمان، رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە، رۆژانە دەیان لاو سەردانی ئۆفیسەكانمان دەكەن، بە مەبەستی بوون بە ئەندام و دەركردنی ناسنامەی رێكخراوەكە، لە ماوەی ساڵێكدا 130 هەزار لاوی هەرێمی كوردستان بەشدارییان لە چالاكییەكانمان كردووە جگە لەوەی چەندین كارو چالاكی دیكە لەبەرنامەی ئێمەدا هەنە، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی لاوان بكەین".
نهێڵی، ئەوەش دەڵێ"یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان رێكخراوێكی كوردستانییە، بچووكترین كێشەی لاوان، تا گەورەترین كێشەی لاوان، بە كێشەی خۆمان دەزانین، بەپێی ئەو توانایەی كە هەمانە كارمان لەسەر كردووەو رەنگە لە تموحی لاواندا نەبێت، بەڵام بەپێی توانای خۆمان كارمان لەسەر كێشەی لاوان كردووە، بۆ نموونە ساڵی رابردوو كێشەی بێكاری كردمانە یەكێك لە كێشەكانی خۆمان و لە هەموو هەرێمی كوردستان راپرسیمان ئەنجامدا كە رێژەی بێ كاری چەندە، ئەو رێژەیە بەرزكرایەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی كار لەسەر بكرێت چ لە كەرتی تایبەت، چ لە حكوومەت، هەروەها ماددە هۆشبەرەكان، هەستمان بەوە كرد كە مەترسی لەسەر لاوان هەیە، بەتایبەتی كە لە وڵاتانی دەوروبەر رەوانەی هەرێم دەكرێت، جگە لەوەی كۆنفڕانسێكمان ئەنجامدا بە هاوكاری لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف، بۆ ماوەی شەش مانگ وەكو مەكتەبی سكرتارییەتی یەكێتی لاوان، توانیمان بە راوێژ لەگەڵ كەسانی پسپۆڕ و شارەزا لەبارەی مەترسییەكانی ماددەهۆشبەرەكان ١٣ خاڵ رەوانەی پەرلەمانی كوردستان بكەین، بە خۆشحاڵییەوە، بە هاوكاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، پەرلەمانی كوردستان پرۆژە یاسایەكی لە پێناو پاراستنی لاوانی كوردستان لە مەترسییەكانی ماددە هۆشبەرەكان پەسەندكرد، جگە لەوەی چەندین كارو چالاكی دیكە لەبەرنامەی ئێمەدا هەنە، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی لاوان بكەین، بۆیە گومانی تێدانیە، رێكخراوەكە ئەو ئەركەی راپەڕاندووە و توانیومانە، ببینە پردی پێگەیشتنی لاوانی كوردستان".
سكرتێری یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان روونیشیكردەوە"بەردەوام فشار لەسەر حكوومەت دروست دەكەین، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی لاوان بكرێت، پێش قەیرانی دارایی قەرزی بچووك هەبوو، پارەی سلفەی زەواج هەبوو، كار دەكەین بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئەوانە بۆ لاوان بگەڕێنینەوە".
سەبارەت بەوەی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان بۆتە سەكۆیەك بۆ كۆكردنەوە و داخوازی لاوان مەیسەر نهێڵی، رایگەیاند"لاوان ئەو بڕیارە دەدەن كە تا چەند یەكێتی لاوان بۆتە سەكۆیەك بۆ كۆكردنەوەو داخوازی ئەوان، لەگەڵ ئەوەشە بەردەوام هەوڵدەدەین خزمەتی لاوان بكەین، زۆر لاو هەن شارەزانە لە بواری جیاجیادا و بووینەتە پردێك لە نێوان لاوان و دەسەڵاتدا، لە نێوان لاوان و حزبە سیاسییەكاندا، بەڵام بڕیار لەلایەن لاوانە كە ئایا ئێمە توانیومانە ببینە ئەو پردە، بەگوێرەی ئەو توانایەی كە هەمانە، یان ئەو كارانەی كە كردوومانە لەو باوەڕەدام كە توانیومانە هەندێك هەنگاوی باش بنێین كە لە تموحی لاواندا بێت، هەر ئەوەش وایكردووە ژمارەی ئەندامانمان، رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە، رۆژانە دەیان لاو سەردانی ئۆفیسەكانمان دەكەن، بۆ دەركردنی ناسنامەی رێكخراوەكە و، بوون بە ئەندامی رێكخراوەكە، ئەمەش بۆ ئەو رۆڵە بەرچاوە دەگەڕێتەوە كە رێكخراوەكە دەیبینێت لە پرسە گرنگەكان، زیادبوونی ئەندامانمان و كۆبوونەوەی لاوان لە دەوری ئەم رێكخراوە، وایكردووە ببێتە مەرجەعی لاوان و فشار لەسەر دەسەڵات دروست بكەین لەپێناو خزمەتی لاوان، لە ماوەی ساڵێكدا توانیومانە بە هەزاران چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام بدەین و، لەو ماوەیەدا 130 هەزار لاوی هەرێمی كوردستان بەشدارییان لە چالاكییەكانمان كردووە".
نهێڵی، سكرتێری یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان ئەوەش دەڵێ"لە ماوەیەكی نزیكدا فیدراسیۆنێك دروست دەكرێت رێكخراوەكانی جەماوەری حزبەكانی دیكەش تێدا بەشدار دەبن، بۆ ئەوەی بتوانین پێكەوە بە یەكدەنگ و یەك هەڵوێست بەرگری لە مافی لاوان بكەین و زیاتر لە خزمەتی لاواندا بین".

زۆرترین بینراو