هەر لایەنێك داوای نەمانی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكات خزمەتی داگیركەران  دەكات

هەر لایەنێك داوای نەمانی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكات خزمەتی داگیركەران دەكات

زاری كرمانجی: هاوكار مەحموود، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گووتی :" هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەن كیانی هەرێمی كوردستان نەمێنێت، ئەگەر هەر كوردێك بەڕاستی بیر لەوە بكاتەوە هەڵوەشاندنەوەی ئەو قەوارەیە لە قازانجدایە خزمەتی داگیركەران و دوژمنانی كوردستان دەكات، بۆیە دەبێت هەموو لایەنەكان هەوڵ بدەن ئەو قەوارەیە بپارێزن، نەك كار بكەن بۆ لەناو بردنی، چونكە دوژمن بە هەموو شێوەیەك هەوڵدەدات قەوارەی هەرێمی كوردستان نەمێنێت.
بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان دەشڵێ :" ئەگەر كورد لەم قۆناغەدا نەتوانێت ئەو ناكۆكی و ناتەباییەی كە لە نێوان لایەنە سیاسییە سەرەكییەكاندا هەیە كۆتایی پێ بهێنێت، كورد لە ئایندەدا ناتوانێت وەكو پێویست رۆڵ بگێڕێت، راستە هەمیشە گۆڕانكارییە جیهانییەكان كوردیان هێناوەتە سەر ساحەكە، بەڵام دەبێت بوونی خۆشی بسەڵمێنێت تا بتوانێت سەرپەرشتی و رێبەرایەتی و بەڕێوەبردنی ئەو ناوچەیە بكات كە دەكەوێتە ئەستۆی، ئێستا پارتی و یەكێتی بەڕاستی بەرپرسیارەتییەكی مێژوویان لە ئەستۆیە، پێویست دەكات بۆ خۆیان كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن، ناكۆكییەكانیان چارەسەر بكەن، خۆیان بۆ ئایندە ئامادە بكەن، پێموایە لە ئێستادا كۆبوونەوەیەكی فراوان لە چوارچێوەی هەموو لایەنە سیاسییەكاندا بۆ دارشتنی ستراتیژێكی هاوبەش بۆ كۆتایی هێنان بە ناكۆكییەكان بۆ سەر لەنوێ دارشتنەوەی سیاسەتێك لە حوكمڕانی كوردستاندا پێویستی بە بیروڕای هەموو لایەنە سیاسییەكان هەیە".

زۆرترین بینراو