پەروەردەكردنی منداڵ لە كەشێكی ئارام و سەقامگیردا منداڵ چالاكتر و لیێهاتووتر دەكات

پەروەردەكردنی منداڵ لە كەشێكی ئارام و سەقامگیردا منداڵ چالاكتر و لیێهاتووتر دەكات

دیمانە محەمەد ئامۆكەیی- سۆران: لە چاوپێكەوتنێكی تایبەدا لە گەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی هاژە عەبدوڵڕەحمان، بەڕێوەبەری باخچەی سلێڤانای ناحكوومی لە سۆران، قسە لە سەر سیستەمی باخچە ئەهلییەكان و گرنگی زمانی ئینگلیزی و چەند پرسێكی تری تایبەت بە پەرەورردە و فێركردن دەكات و رایدەگێنێت باخچەی سلیڤانای ناحكوومی لە ستافێكی كارامە و پسپۆڕ و خاوەن ئەزموونی چەند ساڵەی بەڕێوەبردن،كە گشت مامۆستا و چاودێرانی خاوەن بڕوانامەی بەرز و ئەزمووندارن لە بوارەكانی خوێندن و پەروەردە لەگەڵ ئەمەشدا ساڵانە چەندین خولی راهێنان و بەهێزكردن بۆ گشت مامۆستایان دەكرێتەوە لە باخچەكەمان."
مامۆستا هاژە دەشڵێت" باخچەی سلیڤانای ناحكوومی لە ساڵی ٢٠١٧ لە شاری سۆران دامەزراوە و باخچەیەكی تەواو مۆدێرن و ئەكادیمییە لە بواری پەروەردەو فێركردن لە هەمان كاتدا سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، وەك هەر باخچەیەكی ناحكوومی ساڵانە رێژەی وەرگرتنی قوتابییانی سنوردار دەكات، ئەمەش بۆ بە ستاندارد كردنی ژمارەی قوتابییانی لە گشت پۆلەكاندا،لە گەڵ ئەمەشدا ساڵانە رێژەی قوتابییان گۆڕانكاریان بەسەر دادێت بۆ ئەم ساڵی خوێندن باخچەی سلێڤانا ٧٤ قوتابی لە خۆ دەگرێت.
بەڕێوەبەری باخچەی سلیڤانا پێی وایە زۆربوونی باخچە ئەهلییەكان جیاوازی چینایەتی درووست ناكات و رای دەگێنێت" هەروەك دەزانین جیاوازی چینایەتی رەگ و ریشەیەكی كۆنی هەیە دەتوانین بڵێین" لەوەتەی مرۆڤ دروست بووە جیاوازی چینایەتی هەبووە، بەڵام بە پێی كات و شوێن گۆڕانكاری بەسەرداهاتووە هەوڵدراوە بنبڕ بكرێت، هەروەها قسەی زۆر لەسەر ئەوە دەكرێت باخچە ئەهلیەكان جیاوازی چینایەتی درووست دەكەن بە بێگوومانی دەتوانم بڵێم نەخێر لەبەر چەند هۆكارێك هەن زۆربەی ئەو قوتابییانەی لە باخچە ئەهلیەكان دەخوێنن دەوڵەمەند نین هەروەها مامۆستاكان ئەو پەروەردەی كە هەیانە بە یەكسانی و بەبێ جیاوازی دەی بەخشنە قوتابییان و گشتیان بەیەك چاو سەیردەكرێن، بۆیە پێم وانییە هیچ جیاوازیەكی چینایەتی لە نێۆ قوتابییانی باخچە تایبەتەكان دروست ببێت.
هاژە عەبدوڵڕەحمان، باس لە سیستەمی خوێندن لە باخچەكەی دەكات و دەڵێت" هەروەك ئاشكرایە زۆربەی باخچە ناحكوومیەكان سیستەمی زمانی ئینگلیزی پەیڕە و دەكەن ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خواستە زۆرەی لەسەر زمانی ئینگلیزی هەیە لە لایەن خەڵكەوە, لە باخچەی سلێڤانای ناحكوومیشەوە سیستەمی خوێندن بە زمانی ئینگلیزیە و زۆربەی وانەكان بە زمانی ئینگلیزی دەوترێنەوە، بەڵام لە گەڵ ئەمەشدا زمانی دایك كە (كوردی)یە پشتگوێ نەخراوە و گرینگیێكی تەواوی پێ دەدرێت لە باخچەكەمان، قوتابییان لە پاڵ زمانی ئینگلیزی فێرە زمانی كوردیش دەكرێن، قوتابییان لە تەمەنێكی هەستیاری ژیانیاندان كە تەمەنی ٤-٥ ساڵیە ئەنجامدانی سمینار بۆ ئەم جۆرە تەمەنە سوودی ئەوتۆی نابێت چوونكە كاركردن لە گەڵ منداڵ دەبێت بە كرداری بكرێن و چالاكی جەستەی و دەروونی ئەنجامبدرێن بە مانای ئەوەی كەشێكی منداڵانە بۆ قوتابییان بڕەخسێنرێت.
لە كۆتایشدا بەڕێوەبەری باخچەی سلێڤانا ناحكوومی مامۆستا هاژە گووتی" پەروەردەكردنی منداڵ لە كەشێكی ئارام و سەقامگیردا منداڵ چالاكتر و لیێهاتووتر دەكات، هەرەوەها بڕوا بەخۆبوونی منداڵ زیاتر دەكات ، بۆیە لە باخچەكەمان جگە لەوەی كاتێكی زۆر تەرخان دەكرێت بە فێركردن و پەروەردەكردنی منداڵ لە هەمان كاتیشدا رۆژانە چەند كاتژمێرێك تەرخان دەكرێت بۆ ئەنجامدانی چالاكیە وەرزشی و هونەری و هزریەكان بۆ بەرەو پێشبردنی قوتابی هەروەها رۆژانە ئامۆژگاری قوتابییان دەكەین لەسەر ئاكار و خوڕەوشتی جوان و رێزگرتن و خۆشەویستی و نیشتیمان پەروەری، جیگەی خۆشحاڵیە كە بڵێین لە باخچەكەمان گرینگیێكی زۆر دەدرێت بە وانەكانی وەرزش و هونەر و مۆسیقا لە پێناو رەخساندنی كەشێكی هونەری و زانستی بۆ قوتابییانمان چونكە ئەم وانانە دەبنە ماییەی دڵخۆشی قوتابییان و دەرخستنی تواناو بەهرەكانیان.

زۆرترین بینراو