گرنگە هەرێمی كوردستان رۆڵی لە رێككەوتنی ستراتیژی عێراق و ئەمریكا هەبێ

گرنگە هەرێمی كوردستان رۆڵی لە رێككەوتنی ستراتیژی عێراق و ئەمریكا هەبێ

دیدار- رائیب شێروانی
لیوا ئەبوبەكر فەقی, بەرێوەبەری هوشیاری و راگەیاندن لە وەزارەتی پێشمەرگە لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" بۆشایی ئەمنی و ڕەوشی عێراق هۆكاری بەهێزبوونەوەی داعشە، ئەگەر پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ناوچە كوردستانییەكان رەوشەكە لە دەست دەردەچێت، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ ناوچە كوردستانییەكان ئەوەیە كە كورد نێو ماڵی خۆی رێك بخاتەوە، بە تایبەتی دوو هێزە سەرەكییەكە، هەر دوو هاوسەرۆكی یەكێتی پەیڕەوی سیاسەتی مام جەلال بكەن، كە خۆی دەبینێتەوە لە سیاسەتی ستراتیژی پارتی و یەكێتی، خۆی دەبینێتەوە لە حكوومەتی هاوبەش، خۆی دەبینێتەوە لە پارێزگاری كردن لە ئەزموون و دەستكەوتەكان.
بەرێوەبەری هوشیاری و راگەیاندن لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ :" دوای ئەوەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی توشی لەبەر ترازان و ناڕەزایی خەڵك و كۆمەڵێك شتی دیكە بوویەوە، دەسەڵاتی مەركەزی توشی شلەژانی لە كاركەوتنی دەسەڵات بوویەوە، ئەمە وای كرد كە جارێكی دیكە داعش خۆی رێك بخاتەوە، ئەگەری دووەمیش پەیدابوونی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنایە لە ناوچەكە، هەموو ئەمانە وای كرد كە جارێكی دیكە هێزە ئەمنییەكان نەتوانن ئەمنییەتی ئەو ناوچانە بپارێزن، ئەمانە هەموو هۆكارن كە بەراستی ئەو بۆشاییە ئەمنییە دروست بێت و داعش جارێكی دیكە خۆی بەشێوەی گروپ گروپ رێك بخاتەوە و ئێستا بەردەوام كاری تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، بەتایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكان ئەوەش لەبەر ئەوەیە كە هێزی پێشمەرگە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر لەو ناوچانە نەماوە، هێزەكانی عێراق بە حەشدیشەوە نەیان توانیوە ئەمنییەتی ئەو ناوچانە بپارێزن.
لیوا ئەبوبەكر فەقی, روونیشیكردەوە :" لەناوچە كوردستانییەكان رۆژانە بە دەیان كەس دەكوژرێن و دەڕفێنرێن، گەنم و جۆی جووتیاران دەسووتێنرێت، بە عەرەبكردن و گەڕانەوەی خەڵك ئەمانە هەموو هۆكارن كە پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، ئەگەر پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ناوچە كوردستانییەكان رەوشەكە لە دەست دەردەچێت و قەیرانی زیاتری ئازار و زەحمەتی رووبەرووی خەڵك دەبێتەوە.
بەرێوەبەری هوشیاری و راگەیاندن لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكراشی كرد :" باشترین چارەسەر بۆ ناوچە كوردستانییەكان ئەوەیە كە كورد نێو ماڵی خۆی رێك بخاتەوە، بە تایبەتی دوو هێزە سەرەكییەكە، هەر دوو هاوسەرۆكی یەكێتی كە ئەو دوو گەنجە دەست بەكار بوون بتوانن پەیرەوی سیاسەتی مام جەلال بكەن، كە خۆی دەبینێتەوە لە سیاسەتی ستراتیژی پارتی و یەكێتی، خۆی دەبینێتەوە لە حكوومەتی هاوبەش، خۆی دەبینێتەوە لە پارێزگاری كردن لە ئەزموون و دەستكەوتەكان لە دوای راپەڕین، ئەوانیش بەڵانس رابگرن، پارتی زامنی هەموو ئەو بەرنامانەیە، خۆی بە خەمخۆری گەلی كوردستان دەزانێت، ئەوە لایەنەكانی دیكەن دەبێت باڵانس و پارسەنگێك لەگەڵ حكوومەتی هەرێم رابگرن.
لیوا ئەبوبەكر فەقی, بەرێوەبەری هوشیاری و راگەیاندن لە وەزارەتی پێشمەرگە زیاتر گووتی :" گرنگە هەرێمی كوردستان رۆڵی لە رێككەوتنی ستراتیژی عێراق و ئەمریكا هەبێ، بەداخەوە لەو ماوەیەدا ئۆپەراسیۆنێك كرا بە تەنیا بێ ئەوەی هێزی پێشمەرگە تێدا بەشدار بێت، تەنیا لەرووی هەواڵگری و زانیاری تێدا بەشدار بوو، پێمان باشە كە هەر دوو حكوومەتی عێراق و هەرێم لە یەكدی نزیك بكەونەوە، چونكە چەند لە یەكدی نزیك ببنەوە زیاتر دەتوانن خزمەت بە خەڵكی عێراق و هەرێم بكەن".

زۆرترین بینراو