گەشبینین بە پێدانی پارەو زەوی بە ئاوارە گەڕاوەكانی ئێران

گەشبینین بە پێدانی پارەو زەوی بە ئاوارە گەڕاوەكانی ئێران

دیدار-محەمەد هەسنانی: بەڕێوەبەری نووسینگەی كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، ئاشكرای دەكات " بەپێی زانیاریەكانمان زیاتر لە هەزار خێزانی ئاوارەو پەنابەری هەرێمی كوردستان، لە وڵاتی ئێران ماون و دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ نەڕخساوە، لەئێستاشدا خواستی گەڕانەوەیان هەیە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتی ئێراندا رێگایان پێنادرێت.
عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، بەزاری كرمانجی رایگەیاند " لەسەردەمی شۆڕشە كوردیەكانی دژبە حكومەتی عێراق، بەهەزاران خێزان لە گوند و شار و شارۆچكەو ناوچەكانی باشووری كوردستان، ئاوارەی وڵاتی ئێران بوون، دوای راپەڕینی بە هاری ساڵی 1991 و روخانی رژێمی بەعس، ئەم كەسانەی ئاوارەی ئێران بوون، هەوڵی گەڕانەوەیان دا بۆ شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، بەمەش تا تائێستا تەنها لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، زیاتر لە (23) هەزار خێزانی ئاوارە لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و بەشێكی زۆریش لەو خێزانانە لە شارو شارۆچكەو ناوچەكانی دەڤەری سۆران نیشتەجێبوونە، بەپێی زانیارییەكانیشمان تا ئێستا هەزار خێزانی ئاوارەی هەرێمی كوردستان، لە وڵاتی ئێران ماون و هەلی گەڕانەوەیان بۆ نەڕەخساوە، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە كۆچ و كۆچبەرانیش بەكەمتەرخەم دەزانین، لە هاوكاری نەكردنی ئەم پەنابەرانە بۆ ئەوەی ئاسانكاریان بۆ دروست بێت و بتوانن بگەڕێنەوە بۆ خاكی خۆیان".
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، ئەوەشی ئاشكرا كرد " ئەو خێزانانەی باشوری كوردستان كە تا ئێستا لە ئاوارەیی ئێران ماون، هەموو كات هەوڵیانداوە بە باوەشی نیشتیمانەكەیان شادببنەوە، بەتایبەتیش خراپی باری ئابووری ئێران و ئەو بارودۆخەی لەو وڵاتەدا هەیە، كە كاریگەریشی كردۆتە سەر پەنابەرانی كورد، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەلایەن رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە كۆچ و كۆچبەران، هاوكاری پێویستی دارایی ئەو خێزانانە نەكراوە توانای گەڕانەوەیان نەبووە، بەتایبەتیش (un) دیارە پەیوەندیەكی وای لەگەڵ وڵاتی ئێران نییە، بەمەش نەتوانراوە لێكۆڵینەوە لەسەر ژمارەی ئەم ئاوارانەی هەرێمی كوردستان بكات، كە لە ئێران ماون و ئاسانكاریان بۆ بكرێت، لەرووی هاوكاریە داراییەكان و پێدانی پێداویستییەكانیان، تا بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە بەپێی زانیارییەكانمان زۆر لەو خێزانانە بەهۆی كێشەی ماددیەوە توانای گەڕانەوەیان نییە بۆ هەرێمی كوردستان".

”دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا رێگا بە پەنابەران نادرێت لە وڵاتی ئێران بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان“

عەباس ئەمیر، دەشڵێت " لەم ساڵانەی دوایدا رێژەی گەڕانەوەی پەنابەرانی كورد لە ئێران بۆ هەرێمی كوردستان، بە شێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە، تەنانەت ئەمساڵ واتە لە 2020 تەنها سێ‌ چوار خێزان گەڕاونەتەوە، لەئێستاشدا ئارەزووی دەكەن كە زیاتر بگەڕێنەوە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتی ئێران، سنوورەكان بەرووی هاتنی گەشتیاران و گەڕانەوەی ئەم كەسانەش كە ساڵانێكە ئاوارەی ئێرانن توندو داخراون، ئەمەش پەكی زیاتر خستوون، هیوادارین لە ساڵانی داهاتوودا سەرجەم ئەم پەنابەرانەی باشووری كوردستان، كە تائێستا لە وڵاتی ئێران ماوون بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش دەستی هاوكاریان بۆ درێژ بكەن و ئاساناكاری تەوایان بۆ بكەن، چونكە ئەركی سەر شانیانە".
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، ئاماژەشی بەوەدا " لەبەرنامەی حكوومەتدا هەبوو، ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتی ئێران دەگەڕێنەوە، هەر خێزانەو پارچەیەك زەووی و 20 ملیۆن دیناریان پێبدرێت، ئەوەش هاندەرێكی باش بوو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەو پەنابەران لە وڵاتی ئێران، بەڵام دروستبوونی قەیرانی دارایی رێگر بووە لەبەردەم ئەم هاوكاریانە، بەڵام گەشبینین بەوەی بە باشتربوونی بارودۆخەكە و پەسەندكردنی بوودجە، ئەو هاوكاریانە دەست پێبكاتەوەو ببێتە هۆكارێك بۆ گەڕانەوەی پەنابەران، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێك لەوانەی كە پێشتر گەڕاونەتەوەو لەوەرگرتنی ئەم هاوكاریانە سوود مەند دەبن".
عەباس ئەمیر، ئامارەی ئەو ئاوارانەشی ئاشكرا كرد كە بەهۆی شەڕی داعش لە شارو شارۆچكەو ناوچەكانی عێراق و بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان و سوریا روویان لە سنووری هەرچوار قەزاكانی دەڤەری سۆران كردووەو تائێستاش نەگڕاونەتەوەو كە ژمارەیان (550) خێزانە، لەوانە (250) ئاوارەی رۆژئاوای كوردستان و وڵاتی سوریا، لەگەڵ (300) خێزانی ئاوارەی ناوچەو شارو شارۆچكەكانی عێراق كە لە شەڕی داعش ئاوارەی دەڤەری سۆران بوونە، بەهۆی مانەوەی چەند ساڵێك لە سنوورەكە لەگەڵ خەڵكە راهاتوون و هاوشێوەی دانیشتووانی ناوچەكە ژیان و بارو گوزەران بەڕێ‌ دەكەن".
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، دەشڵێت " لە نزیكەوە قسەمان لەگەڵ ئەو كەسانە كردووە كە ئاوارەی سۆران بوونە، رایدەگێنن " كە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست لە گوند و شار و شارۆچكەكانی عێراق و خراپی بارودۆخی رۆژئاواو سوریا و ئەو ئارامییەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە، نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ئەم شوێنانەی كە لێی هاتوون و لە دەڤەری سۆران بێكێشەو گرفتن جارێ‌ ئارەزووی گەڕانەوەیان ناكەن، لێرەش كەس بەزۆری خەڵك نانێرێتەوەو بەگشتی خەڵكی دەڤەری سۆران میوان دۆستن.

 

زۆرترین بینراو