لە سەرەتای مانگی سێ دانیشتنەكانی پەرلەمان دەست پێ دەكەنەوە

لە سەرەتای مانگی سێ دانیشتنەكانی پەرلەمان دەست پێ دەكەنەوە

رائیب شێروانی – هەولێر: سوسەن محەمەد میرخان، سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە پەرلەمانی كوردستان لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گووتی:" سەرەتای مانگی 3 پەرلەمان دەست بە دانیشتنەكان دەكاتەوە و كۆمەڵێك پرۆژە لەو ماوەیەدا دەخرێنە بەرنامەی كارەوە و پەسەند دەكرێن و دەخرێنە خزمەتی خەڵكەوە. گووتیشی:" كەسوكاری شەهیدان، ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی دڵنیا دەكەمەوە كە مووچەی هیچ كام لەوانە كەم ناكرێتەوە و دەستكاری ناكرێن، تەنیا پێداچوونەوە بە لیستی ناوەكان دەكرێت.
سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵی:" كاتێك پەرلەمان دەكەوێتە پشوو، بەو مانایە نایەت، كە دەرگای پەرلەمان دادەخرێت، بەڵكو تەنیا كۆبوونەوەكانی پەرلەمان ناكرێن، ئەگەرنا هەموو لیژنەكان كاری خۆیان دەكەن، پێشوازی لە خەڵك دەكەن، بەدواداچوون بۆ كێشەكانی خەڵك دەكەن، كۆبوونەوەی لیژنەكان بەردەوامن تەنیا دانیشتنەكانی پەرلەمان بەڕێوەناچن، بەڵام لە سەرەتای مانگی سێ دانیشتنەكانی پەرلەمان دەست پێ دەكەنەوە.
سوسەن محەمەد دەشڵێ:" هەموو لیژنەكان ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی هەندێك پرۆژە یاسا پێشكەش بكەن، كە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندا بن، كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ سكرتێری حزب بۆ ئەوە بوو هەندێك رێنمایی و راسپاردە بە ئێمە دران، كە ئامادەكاریەكی باش بكەین بۆ وەرزی تازەی یاسادانان.
سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند:" لیژنەی یاسایی لەسەر پرۆژەكان دادەنیشێت، ئەو پرۆژە یاسانەی لایەنی داراییان هەیە ئاراستەی حكوومەت دەكرێن، بۆ ئەوەی كە ئایا حكوومەت لە توانایدایە ئەو پرۆژانە جێبەجێ بكات، دەبێت حكوومەت وەڵامی ئێمە بداتەوە لەسەر ئەو پرۆژانە، چونكە ئەگەر پرۆژەیەك پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان بكرێت و پەسەند بكرێت، بەڵام حكوومەت لە توانایدا نەبێت ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بكات، ئەو پرۆژەیە پەسەند نەكرێت باشترە، بۆیە ئەفزەلیەت بۆ ئەو پرۆژە یاسانەیە كە حكوومەت رەوانەی پەرلەمان دەكات، چونكە حكوومەت دەزانێت كامە پرۆژە پێویستە و لە بەرژەوەندی خەڵكە رەوانەی پەرلەمان دەكات، بۆیە هەماهەنگیەكی باش لە نێوان پەرلەمان و حكوومەت هەیە، بۆ ئەوەی ئێمە لەسەر ئەو پرۆژانە كار بكەین كە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندا بن، بۆیە ئامادەكاری كراوە بۆ ئەوەی چەند پرۆژە یاسایەكی دیكەی گرنگ كە لە بەرژەوەندی خەڵكدا بن لە دوای دەست پێ كردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان پەسەند بكرێن.
سوسەن محەمەد میرخان، سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە پەرلەمانی كوردستان زیاتر گووتی:" دوای ئەوەی پرۆژە یاسای چاكسازیی پەسەند كراو لەلایەن سەرۆكی هەرێم ئیمزا كرا، چاوەڕێی حكوومەتی هەرێم دەكەین، بۆ ئەوەی هەندێك راسپاردە دەربكات پاش ئەوە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان لەگەڵ هەندێك وەزارەتی دیكە كە پەیوەندیدارن لەسەر لیستی ناوی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی پێداچوونەوەیەكی تەواو بەو ناوانەدا دەكەن، چونكە گلەیەكی زۆر لەسەر ناوەكان هەیە، بەتایبەتی لیستی زیندانیانی سیاسی، بۆیە تا وەزارەت پێداچوونەوە بەو ناوانەدا نەكات، چونكە هەندێك ماددە تایبەتن بە وەزارەتی شەهیدان و لیژنەی ئێمەش تایبەتمەندە بەو بوارە، بۆیە چاوەڕوان دەبین بۆ ئەوەی بزانین چ گۆڕانكارییەك دروست دەبێت، پاش ئەوە حكوومەتی هەرێم زانی داهاتی زیاد بووە، ئەوكات ئەو پرۆژانەی كە لە خزمەتی كەسوكاری شەهیدان، ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی دانە وەكو لیژنەی شەهیدان پێشكەش دەكەین بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفاكراوان بكەین، بەڵام كەسوكاری شەهیدان، ئەنفالكراوان، زیندانیانی سیاسی دڵنیا دەكەمەوە كە مووچەی هیچ كام لەوانە كەم ناكرێتەوە و دەستكاری ناكرێت، تەنیا پێداچوونەوە بە لیستی ناوەكان دەكرێت".

زۆرترین بینراو